دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 11/01/2024

سیحرو جادوو، وەك دیاردەیەك بۆ تێكدانی كۆمەڵگە

دکتۆر دیلمان ئازاد خۆشناو

نەبوونی پەروەردەی سێكسی چ كارەساتێك دروست دەكات؟

دەمەوێت نوسینەكەم، بە وتەیەكی جوانی چینییەكان دەست پێبكەم. كە ئەوان لای خۆیانەوە زۆر باوەڕیان پێیەتی. وتەكە دەڵێت "دایک و باوک، دەرگای پەروەردەیی دەکەنەوە بەڕووی منداڵەکانیان لە ژیان، ئەوانیش دەبێت بزانن چۆن هەنگاو دەنێن بۆ ژوورەوە".

لێرەوە بابەتێکی زۆر گرنگ هەیە كە دەبێت هەمووان كاری لەسەر بكەین بە باوەڕەوە ئەویش ئەوەیە پەروەدە بناغەی دروستبوونی کۆمەڵگایەکی پتەو و بەهێزە. وڵات تەنها پێویستی بە چەك و جبەخانە نییە بۆ بەهێزبوون، بەڵکو پێویستی بە تاكی بەهێزە کە لەو تاکەوە کۆمەڵگە دروست دەبێت. تاکی بەهیز و ڕۆشنبیرو هۆشیار کۆمەڵگای ڕۆشنبیر و هۆشیار و بەهێز پێکدەهێنی ئەوەش هەمووی بەپەروەردەی دروست و ڕاست دێتە دی.

زۆرجار كێشە كۆمەڵایەتییەكان، كە كێشەی زۆر گەورەن. لە بنەڕەتدا لە بابەتێكی زۆر ئاساییەوە دەستیپێكردووە. یاخود لە ئەنجامی هەندێك بیرو باوەڕی هەڵە سەری هەڵداوە كە لە ناو كۆمەڵگەدا هەیەو نەوە دوای نەوە دەگوازرێتەوە. بەداخەوە كەسیش دەستی بۆ نابات تا چاكی بكات.

زۆرجار ئەو دیاردانەن كە دەیان كێشەی كۆمەڵایەتییان لە كۆمەڵگەدا دروستكردووە، ئەگەر كەسانێك هەوڵی ئەوە بدەن كە چاكی بكەن ئەوا خەڵكانێكی زۆر بە شتێكی نامۆی دەبینن. چونكە بەشێك لە كۆمەڵگە ڕەنگە باوەڕی بەهەندێ خوڕافیات هەبێت كە لە بنچینەدا هەر بوونی نییە.

هەموو ئەوانەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی پەروەردەیەکی تەندروستی ئەرێنی لەلایەن باوانەوە بۆ منداڵەکانیان. با نمونەیەك لەسەر ئەو باسەی سەرەوە وەرگرین و بیری لێبکەینەوە. تا زیاتر لە مەبەست و ئامانجی بابەتەكە تێبگەین:

*کاتێک ژن و میردێک، لەسەر نەبینینی چەند دڵۆپە خوێنێک لە شەوی هاوسەرگیری شیرازەی خێزان هەڵدەوەشێننەوە. ڕاستەوخۆ بڕیاڕ دەدەن کە ژنەکە پاکیزە نییە. ئەمەش بەهۆی ئەوەی هەر کەس لە شوێنی خۆیەوە دەبێتە پسپۆر و زانای ئەو بابەتە.هۆكاری بنەڕەتی ئەم دیاردەیەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە لە پەروەردەی خێزان پیاوەکە ئەوەی بۆ ماوەتەوە، ئەو پیاوەی کە ژیانی هاوسەرگیری پێک هێناوە وایان لە مێشکی چەسپاندووە کە ژن و پاکیزەییەكەی تەنها چەند دڵۆپە خوێنێکە.کەوابێ پەروەردەکە هەڵە بووە.

-*كەسمان ئەوەمان لەخۆمان نەپرسیوە بۆچی منداڵێک دەست درێژی سێکسی یان گێچەڵی سێكسی پێدەکرێت لەلایەن کەسێکی قێزەونی دەروون نەخۆش؟ یاخود كە بابەتێكی وا ڕوودەدات وەڵامی ئێمە چییە یاخود هەڵوێستی ئێمە چییە؟ كە لە بنەڕەتدا كێشەكە بۆ بابەتی پەروەردەی خێزانەكان دەگەڕێتەوە. چ لە لایەنی دەستدرێژیكار چ لایەنی كە دەستدرێژ كراوەتەسەر. ئەوەش هۆکارەکەی لە ڕووی پەروەردییەوە، زۆربەی دایکان و باوک پێیان شەرمە وشەی پەروردەی (سێکسی) باس بکەن. زۆر جار دەڵین با منداڵ فێری ئەو وشانە نەبن.وادەزانن بەس ئەو وشەیە لەناو بابەتەکە هەیە و ناڵین کە بابەتەکە واتە پەروەردە.

دەبێت ئەو دایبابە تێبگەن، کە ئەوە ئەرکی سەر شانی ئەوانە منداڵەکانیان فێربكەن کە چۆن پارێزگاری لە خۆیان بکەن. چۆن ترسیان نەبێت لە کاتی ڕوودانی هەر شتێک زوو باسی بکەن منداڵەکە لە زۆربەی خێزانەکان وا فێرکراوە هەر قسەیەک بکات لە دەمی ئەو منداڵە قەتیسی بکەن و نەهێلن قسە بکات و ئەگەریش قسەی کرد بەشێوەیەکی توندو تیژی بێدەنگی دەکەن.
ئەگەر لە دایک یان باوکێک بپرسی بۆچی منداڵكەت فێر ناکەی لەسەر ئەم بابەتانە. ئەوا هیچ وەڵامێکی زانستی پێ نییە. تەنها پەروەردەیەكی هەڵەیە کە ماوەتەوە. ئەویش پێی وتراوە کە نابێت باسبکرێت. ئینجا بۆ؟ نازانین لەبەرچی؟ کەچی لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کەباسکردنی بابەتی پەروەردەی سێکسی دەبێتە هۆی پاراستنی منداڵ تاڕادەیەکی باش. ئینجا ئەو باسکردنە دەبێت لە چوارچیوەیەكی زانستی سنوردار بێت.

*کێشەیەکی تری ناو کۆمەڵگا باوەڕکردن بە سیحرو جادوە كە زۆر كەس پەنای دەبەنەبەرو شیرازەی سەدەها خێزانی تێکداوە. ئەوەش کاریگەری پەروەردەیەکی هەڵەیە کە منداڵ دەبینێت دایک و باوک، باوەڕی تەواویان بەو کارە قێزەونەیە لەوەوە منداڵەکە کە گەورەش دەبێت هەمان بیرو ڕای هەڵەی دەبێت. بۆیە ئەمە بەردەوامی دەبێت لە كۆمەڵگە

دیوێكی دیكەشی ئەوەیە کۆمەڵە خەڵکێک ئیستیغلالی کۆمەڵگا دەکەن بە ئایین. ئایین دەکەنە عەبای سەرشانیان و دەکەونە ناو کۆمەڵگا بۆ هەموو شتیک ئەوەش یەكێكی دیكە لەو هەڵانەیە كە وادەكات خەڵك باوەڕ بەو كەسانە بكات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP