دواین هەواڵ

کە شەر نابێ، چی دەبێ؟

‌فەرەیدوون پەروازە

04/04/2024

بە چەندین هۆوە کۆماری ئیسلامی راستەوخۆ لە گەل هیچ لایەنێکدا شەر و تێکهەڵچوون ناکات کە بریتین لە

ــ کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنه سەر کارەوە رووبەرووی شەرێکی هەشت ساڵە بوویەوە و بە باشی لە خەسار و ئەزموونە تاڵەکانی شەر تێگەییوە.
ــ لە باری ئابوورییەوە بارودۆخی بۆ شەر ئامادە نیە.

ــ هێزی خۆبەخش وەکوو جاران لە ئارادا نیە و تەنانەت ئەگەر ئەو هێزەش ببێ بە هۆی تیکنۆلۆژیای پێشکەوتووی سەربازییەوە ناتوانێ رۆڵی گرنگ بگێرێ.

ــ لە ئەگەری دەسپێکی شەردا لە چوار دەوری ئێرانەوە دەستێوەردان دەبێت و ناتۆ و هەموو زلهێزەکانیش دێنە سەر هێڵ .

ــ شەری کۆماری ئیسلامی هەموو ناوچەکە ئەگرێتەوە و لە ئاکامدا تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەراست رووبەرووی گۆرانکاری هەرێمی و جوغرافیایی دەبێتەوە.

جا کەوایە ئیدی ئەو هەموو  قەیران و ئاڵۆزییەی ناوچەکە کە کۆماری ئیسلامی یەکێ لە ئەکتەرە گرنگەکانێتی بە چ مەبەستێکە و هەتا کەی بەردەوام دەبێ؟

بمانەوێ و نەمانەوێ رادیکاڵیزمی ئیسلامی لە تەشقی خۆیدایە و  دۆخی ناوچەکە لە هندێک شوێندا جەنگی و لە هەندێک ناوچە نێوە جەنگییە. سەرهەڵدانی دوو غوولی سەربازی دیکە، چین و روسیا لە ناوچەکەدا ئەوەندەیتر دۆخەکەی هەستیار و ناسک کردۆتەوە

ئێران و ئیسرایل لە دوای هێرشەکەی حەماس زیاتر لە جاران بۆ شەر و پێکدادان چوونەتە

پێشەوە. ئیسرایل وەکوو غەزە لە لوبنان و سوریا دەدات و  بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی دەکاتە ئامانج. حیزبوڵا بەردەوام هەرەشە دەکات ودەڵێ هێشتا شەرمان دەست پێنەکردووە، لە حاڵێکدا رۆژانە لە سوریا و لوبنانەوە ئیسرایل دەکرێتە ئامانج. کۆماری ئیسلامی پێی وابوو کە شەری حەماس دنیای عەرەب دەجۆشێنێ لە حاڵێکدا وڵاتانی شێخ نشینی کەنداو لە هەوڵی خۆ دوورخستنەوەن لە شەر و تەنانەت هندێکیان لە باری لۆجستی و سەربازییەوە یارمەتییدەری هاوپەیمانان بوون لە دژی حەماس. تورکیا سیاسەتێکی دوو لایەنەی هەیە و زۆربەی خاوەنڕایان دەڵێن کە تورکیا دۆست و هاوپەیمانی ئیسرایلە. لەو نێوەدا ماوەتەوە ئێران و ئیسرایل بە هەموو هەرەشە و گورەشە سەربازییەکانەوە. کۆماری ئیسلامی لە هەوڵدایە ئاڵۆزییەکان لە چوارچێوەی پرۆکسی و گروپە بریکارییەکاندا بهێڵێتەوە بەڵام ئیسرایل بە هێرش بۆ سەر کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی لە سوریا لە هەوڵی رووبەروو بوونەوەی راستەوخۆیە لە گەل کۆمار ئیسدامییدا.

ئیستە تۆپەکە لە مەیدانی کۆماری ئیسلامییدایە و هەموو راگەیەنەکان چاوەروانی توڵەکردنەوەی مووشەکە "بالستیک و کیشوەربڕ" و "تیژتر لە دەنگ"کانی کۆماری ئیسلامی لە ئیسرایل دەکەن. وادیارە تۆڵەکردنەوەکە راگیرابێ بۆ ئیمشەو، شەوی هەینی کە رۆژەکەی بە رۆژی قودس ناودێر کراوە. 

بە گشتی ئیسرایل دەزانێ کە کۆماری ئیسلامی بە تەمای شەری راستەوخۆ نیە ئیتر بە توندی و چەن قات وڵامی گروپەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئەداتەوە و شایەد پشتیوانی کردنی ناتۆش ئەوەندەیتر ئیسرایلی گوستاخ کردبێ کە ئامانجەکانی داهاتووی ناوخۆی ئێران بێت.

سەرئەنجامی باسەکە ئەوەیە کە کۆتا هاتنی  حەماس و چالاکی لاوازی گروپەکان هاوکێشی و ئاقارەکانی شەر دەگۆرێ بۆ ئاستی گەورەتر و نێودەوڵەتی، یا ئەوەیکە بە تەقیەی سیاسی جۆرێک کۆتایی و پاشەکشەی کاتی بە شەر دێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP