دواین هەواڵ

هەڵوەشاندنەوەی یاسای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان کێ گۆڵ دەکات و کێ دەیباتەوە؟

‌سه‌ردار عه‌بدوڵڵا

30/05/2023

دادگای فیدرالی ڕۆژی حەوتی ئەم مانگە (شوباتی ٢٠٢٣) سەبارەت بەو دەعوایانەی لەچەند لایەکەوە بۆ تانەدان لە یاسای ژمارە (١٢)ی ساڵی ٢٠٢٢ پەرلەمانی کوردستان کۆ دەبێتەوە. پەرلەمانی کوردستان لە ئوکتۆبەری ساڵی پار دەنگی بەو یاسایە دا کە ماوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی درێژ کردەوە. ئایا لەحاڵەتی قبوڵکردنی دەعواکە و بڕیاردانی دادگاکە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کێ گۆڵ دەکات و گۆڵەکەش بۆ چ لایەک حیساب دەکرێت؟ کێ زەرەمەند دەبێت و کێش قازانجی لێ دەکات؟ ئەی ئەگەر بڕیاری دادگاکە ڕەتکردنەوەی دەعواکە بوو و شەرعیەتی بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم دا، کێ براوە و کێش دۆڕاو دەبێت؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە، لەم وتارەدا تەنها لە ڕوانگەی بەرژەوەندی حیزب و لایەنە سیاسییەکانەوە، بابەتیانە و بەبێ هیچ لایەندارییەک و زۆر بەکورتی شیکاریی دەکەم.
لە ئەگەری ڕەتکردنەوەی دەعواکەدا، ئەوا شکاتکەرەکان کە بریتین لە چەند پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ و دکتۆر یوسف محەمەد، دەدۆڕێن چونکە:لەو حاڵەتەدا دەعواکەیان دۆڕاندوە.

بە بڕیارێکی دادگای فیدرالی شەرعیەتیان داوە بە یاساکەی پەرلەمان و درێژکردنەوە تەمەنەکەی و ئیدی لە ڕووی یاساییەوە ئەو دروشمەشیان بەتاڵ دەبێتەوە کە سیفەتی ماوە بەسەرچوو دەداتە پاڵ پەرلەمان و حکومەتی هەرێم. 

بەمەش خۆیان چ وەکو شەخس و چ وەکو لایەنی سیاسیش دوچاری شکستێکی نامەدرووسی ناخۆش دەکەن. کە دەبوو کەمێک بە دیققەتتر حیسابیان بۆ بکردایە.

ئەمەیان ئەگەری یەکەمە کە ڕوونە لە بەرژەوەندی دەسەڵات و بە تایبەتیش یەکێتی و پارتییە. بەڵام داخۆ ئەگەر دەعواکەیان بردەوە و دادگای فیدرالی کەیسەکەی لە بەرژەوەندی ئەوان یەکلا کردەوە و یاساکەی پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوە و کۆتایی بە تەمەنی پەرلەمان و حکومەت هێنا، کێ براوە و کێ دۆڕاو دەبێت؟ لە ڕواڵەتدا وا دەر دەکەوێت کە شکاتکەرەکان گۆڵیان کردوە هەر بۆیە ئەوان براوەن، بەڵام بە کەمێک دیققەتدان بۆمان دەردەکەوێت کە گۆڵەکەیان لە خۆیان کردوە هەر بۆیە گۆڵەکە بۆ دەسەڵات و بە تایبەتیش پارتی حیساب دەکرێت. بفەرموون لەگەڵ ئەم ڕاستییە ناخۆشانە:

لە ئەنجامی هەڵوەشاندنەوەی یاساکەی پەرلەمان و کۆتاییهێنان بە تەمەنی ئەم خولە لە لایەن دادگای فیدرالییەوە، ئەوا تەنها پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە، چونکە حکومەت لە خراپترین حاڵەتدا دەبێتە کاربەڕێکەر، ئاشکراشە کە لەم وڵاتانەی ناوچەکەی ئێمەدا حکومەت تەنها بەناو دەبێتە کاربەڕێکەر، ئەگینا تەواوی دەسەڵاتەکان مومارەسە دەکات. بەم ئەنجامەش یەکێتی زەرەرمەندە چونکە تاکە سەرۆکایەتی لە دەست دەدات. پارتیش هەردوو سەرۆکایەتییەکەی لە دەستدا دەمێنێتەوە.

بەمەش زۆر نەزانانە و بە بڕیاری داگای فیدرالی کە مولزیمە بۆ هەموو لایەک، تاکو ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە تەواوەتی هەموو دەسەڵاتەکان تەسلیم بە پارتی دەکەن.

هەر کاتێک لایەنەکان و میدیا باسی ناردنی یاسای بودجە بۆ پەرلەمان بکەن، ئەوا لە وەڵامدا پێتان دەڵێن، حکومەتەکە کاربەڕێکەرە و دەسەڵاتی ناردنی پرۆژە یاسای نیە، ئینجا کە پەرلەمان خۆی هەڵوەشابێتەوە پرۆژە بۆ کێ بنێرێت؟

ساڵانێکی زۆر زۆرە کە لایەنەکان تر داوای هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن دەکەن و جەخت لەسەت فرەبازنەیی دەکەنەوە، پارتی ملی نەداوە، کەچی ئێستا دوای ئەوەی پارتی بەداوای زۆری دیکەی لایەنەکانی تر ڕازی بوە، کە ئەمە سەرکەوتنە بۆ لایەنەکانی تر، بەڵام لە ئەنجامی کۆتاییهێنان بەدرێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، ئەوا هەموو ئەو سازشانەی پارتی بۆ لایەنەکانی تری کردەوە یەکسان بە سفر دەبێتەوە چونکە پەرلەمان نامێنێ تا یاسای هەڵبژاردن بە سازشەکانی پارتی هەموار بکاتەوە و هەڵبژاردنی داهاتوو بە فرەبازنەیی بکرێت. لەوەش خراپتر ئەوەیە کە کارتی کورسی پێکهاتەکانیش لە دەست لایەنەکانی تر دەر دەهێنێت، چونکە ئەو کاتە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی کوردستان دەبێ بە یاسا کۆنەکە ئەنجام بدرێ.

سیاسەت زانستە، هونەرێکی زۆر ئاڵۆز و ورد و سەختە، عەقڵی زۆر گەورەی پێویستە کە زۆر بە وردی دیراسەی هەموو لایەنە باش و خراپەکانی هەر بڕیار و هەنگاوێک بکات.. ئەزموونی قووڵ و بەهرەی مانۆڕ و یاریکردنی زیرەکانی گەرەکە تا بتوانیت یاری ببەیتەوە، هەڵبەتە ئەمانەش بە یاریکەری زۆر لێهاتوو و بەتوانا و بەئەزموونی سیاسەت دەکرێت. کێشەی ئەم شکاتە لەوەدایە کە بەرلەوەی یاریەکە دەست پێ بکات، ئەنجامەکەی یەکلا بۆتەوە. نەیارەکانی دەسەڵات و بەتایبەتیش پارتی خۆیان خستۆتە ناو دۆخێکەوە کە لەهەردوو حاڵەتدا یاریەکە بدۆڕێنن، تەنانەت کە گۆڵیش دەکەن، گۆڵەکە لە خۆیان دەکەن و بۆ دەسەڵات و بە تایبەتیش بۆ پارتی حیساب دەکرێت.

حەقیقەتی هەرە تاڵ کە پێویستە پێ بنێن بە جەرگی خۆماندا و بەناچاری بیدرکێنین ئەوەیە کە تا ئەمجۆرە یاریکەرە کەمئەزموونانە نەیاری پارتی بن، ئەوا پارتی ئەسڵەن پێویستی بەوە نیە داشبەزێتە ساحە و یاری بکات، وەک بینیمان ئەم جۆرە نەیارانە ئەگەر بە تەنها خۆشیان دابەزنە ساحە ئەوا یاری لە بەرژەوەندی پارتی دەکەن، بەخۆیان بزانن یان نەزانن بەم شکاتە گەورەترین خزمەتیان بە پارتی کردوە.
گەڕانەوە بۆ وتارەکان

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP