ئەنوەر بازگر
*
- "ئیرادەیەکى ڕاستەقینە بۆ چارەسەرى پڕۆسەى ئاشتى لەلایەن تورکیاوە بوونى نییە".
- "پڕۆسەى ئاشتى لەلایەن تورکیاوە وەستێنراوە و هەڵپەسێردراوە".
- "کۆمسیۆنى پەرلەمانى و چوونى شاند بۆلاى ئۆجەلان و ئیمراڵى دەرئەنجامێکى نەبوە".
- "بە کورتى و بە کوردى، دەوڵەت و دەسەڵات- تورکیا، ئاکەپە و ئاردۆگان- هیچ هەنگاوێکیان نەناوە".
* ئەمانە نوێترین قسە و لێدوانى موراد قەرەیەلان، کەسى دووەمى پەکەکە و بەرپرسى (نەپەگە) و (هەپەگە)یە لەگەڵ ئاژانسى (فوڕات نیوز).
* مستەفا قەرەسوو، ئەندامى کۆنسەى بەڕێوەبەرى (کەجەکە) و سۆزدار ئاڤێستا، ئەندامى کۆنسەى سەرۆکایەتى (کەجەکە) لە ساڵیادى تێپەڕبوون بەسەر کۆنگرەى (12) دا لە قەندیل ڕاگەیاندراوێکى تازەیان بڵاوکردەوە.
قەرەسووش وتى؛ کۆمسیۆنى پەرلەمان کارى باشى نەکرد و پێشنیارەکان جێ بەجێ نەکراون، هەروەها دەسەڵات بەڕاستى و دڵسۆزانە لە پڕۆسەى ئاشتى ڕەفتار ناکات، ئەوەشى وت، تا ئۆجەلان ئازاد نەبێت، ڕاى گشتى بڕوا بە پڕۆسەکە ناکەن، ئێمە ئەوەى پێویست بوو کردمان.
* قسەکانى قەرەیەلان و قەرەسوو، هەرچەندە درەنگ وەختە، بەڵام وادیارە لەو هەقیقەتە تێگەیشتوون، کە تورکیا نەک هەرکات دەکوژێ، بەڵکو هیچ ئامانجێکى باش و هەنگاوێکى کردارى بۆ پڕۆسەى ئاشتى نانێت و باوەڕیشى پێى نییە.
* تەوقە گوماناوییەکەى دەوڵەت باخچەلى لە ئۆکتۆبەرى (2024) لە پەرلەمان، بانگەوازى ئاشتى ئۆجەلان بۆ ئاشتى لە شوباتى (2025)، ڕاگەیاندنى ئاگر بەست لە (1/3/2025)، خۆهەڵوەشاندنەوەى پەکەکە لە ئایارى (2025) لە کۆنگرەى (12) و گۆڕینى ناو، بڕیارى چەکدانان و کۆتایى خەباتى چەکدارى، سوتاندنى چەکەکانیان لە جاسەنە لە (11/7/2025)، ڕاگەیاندنى تەواوى پاشەکشەى هێزەکانى (هەپەگە) لە باکور لە (26/10/2025)، دواتریش پاشەکشە لە ناوچەکانى گارا و خواکورک و ئاڤاشین، ڕادەستکردنەوەى ئەو بەرپرسانەى (میت) کە ساڵى (2017) لە شارۆچکەى دوکان لەلایەن (پەکەکە)ەوە دەستگرکرابوون (مردوو، زيندوو) کە دەیانوویست جەمیل بایک تیرۆر بکەن، و لەلایەن (ئیبراهیم کاڵن) بە فڕۆکەى تایبەت برانەوە تورکیا.
* بەردەوام بانگەشە بۆ پرۆسەى ئاشتى بێ ناوەڕۆک ماناى چییە؟ پاش ئەو هەموو شکست و پاشەکشەیەى (پەکەکە) لەم پڕۆسەیەدا ناویەتى لە پاى چى؟ چى ماوە بیکات تا دەوڵەتى تورک ڕازى بێت؟
* لاى تورکیا، پڕۆسەیەک نییە بەناوى ئاشتى، بەڵکو وەکو خۆیان دەڵێن؛ (پڕۆسەى لەناوبردنى تیرۆر)ە، کەواتا کارەکە لەسەرەتاوە هەڵەتێگەیشتن هەیە و (پەکەکە) خراپ هەلومەرجەکەى خوێندۆتەوە و ئەوەش کە پاش ئەو هەموو هەنگاوە بێ وەڵامە، قەرەیەلان دەیڵێ، تازە زۆر درەنگە و لە داهاتووشدا باجەکەى دەدەن و تورکیاش هیچ کات نە پرسى کورد لەڕێگاى ئەوانەوە چارەسەر دەکات. نە باوەڕى پێیەتى.
* ئێستا پاش ئەم قسانەى قەرەیەلان، دەبێ ئەوە بزانین، ئەو هەنگاوانەى ئەوان ناویانە و تورکیا وەڵامێکى نەبوە، خۆ هەموویان تورکیا فشارى کردوە، واتا ئەوەى ئەنکەرە ویستوویەتى تا ئێستا کردوویەتى، یان نیوەى ئامانجەکانى بەدیهێناوە، بەڵام با بپرسین ئەى (پەکەکە) چى بەدەستهێناوە لەم بەناو پرۆسەیەدا لەماوەى ئەم دوو ساڵەدا؟ بۆ وەڵامى ئەمە دەبێت پەکەکە قسەیەک بکات، (کە لە ڕاستیدا ئێستا ئێمە نازانین ئەم ڕێکخراوە ناوە حیزبیەکەى چییە، چونکە ناوەکەى گۆڕدراوە)!
* لێدوانە پڕ پارادۆکسەکانى سەرکردایەتى (پەکەکە) لە پڕۆسەى ئاشتیدا، هەڵوێستەکانیان لە ڕووداوەکانى ڕۆژئاواى کوردستان و پاشەکشە و شکستى (هەسەدە) لە ماوە و سایەى پڕۆسەى ئاشتیدا بۆچوونەکانیان، لە شەڕى چل ڕۆژە لە نێوان ئێران، ئەمەریکا-ئیسرائیل سەبارەت بە (پژاک) و ڕۆژهەڵات و چەند ڕووداوى تر پێماندەڵێت؛ (پەکەکە) ڕابەرایەتى قائیم و مەحکەمى یەکگرتووى پێشووى نەماوە، ئۆتۆریتەى داکشاوە، ناتوانێ پێشهات و پشتى ڕووداوەکان بخوێنێتەوە، تووشى شڵەژان و ڕکود و بێ ئاسۆیى و بێ چارەسەرى ماوەتەوە، کارتەکانى بەرامبەر تورکیا یان سوتاون یان زۆر کەم کاریگەر بوون. (کە زۆر نیگەرانین لەم هەلومەرجەى ئێستاى پەکەکەى تێیکەوتوە).
* دوو ساڵ لەوەوپێش وتم؛ تورکیا لەژێر فشارى ڕووداوەکانى (7)ى ئۆکتۆبەر هەنگاوى بۆ پڕۆسەى ئاشتى هەڵهێناوە، تا نەکا کورد لەو هەلومەرجە دەستکەوتى گەورە بەدەست بهێنێت، هەربۆیە لەسەردەمى پڕۆسەى ئاشتیدا لە ڕۆژئاوا (هەسەدە)ى گرێدراوى پەکەکە-ى تووشى شکستى گەورە بوە، لە سەرەتاى شەڕى چل ڕۆژەى نێوان ئێران، ئەمەریکا-ئیسرائیل-یش نەخشە و سیناریۆ و پلانەکانى ئەمەریکاى بە دەخالەتى هێزە کوردییەکانى باشورى کوردستان و بەکارهێنانى کۆمەڵە و دیموکرات و پژاک-یشى لە باربرد و بێگومان هێشتا بیرۆکەى شەیتانى و جەهەنەمى تریشى لەسەر مێزەکەیە بۆ داهاتووى کورد.
* داواکانى ئۆجەلان کە پێکهاتبوون لە "بانگەوازى ئاشتى و کۆمەڵگەى دیموکراتیک، ئینتیگراسیۆنى دیموکراتیک، چارەسەرى دوژمنایەتى سەد ساڵەى تورک و کورد، گۆڕینى یاساکان، جێبەجێ کردنى مافى هیوا، تورکیا هیچى جێبەجێ نەکردن"
* ئەم بۆچوونە نائومێد و ڕەشبینانەى قەرەیەلان کە درەنگ وەختە، شکستى ناو پڕۆسەى ئاشتی پێوە دیارە، هەرچەندە ئازایانە و هەقیقەتە، وتنیشى ئەگەرچى زۆر درەنگ بووە، بەڵام گەر بتوانن لە (قەندیل) بێ (ئیمڕاڵى) کۆتایى بە پڕۆسەکە بێنن، ڕەنگە بەر بە زۆر کارەسات و شکست و مەرجى قورسترى تورکیا بهێنن و بتوانن لەژێر ئەو هەلومەرجە تأریخیە بێ دراسە و لێکۆڵینەوەى پێشوەختە دەرچن کە شۆڕش و قوربانى و خەبات و تێکۆشانى پەنجا ساڵەى توشى ئەمڕۆژە کرد.
* ئەو حزبەى موعجیزەى کورد بوو لە سەدەى بیستدا، بانگەشەى دەوڵەتى چوارپارچەى کوردستان و فکرى سۆسیالیزمى دەکرد، قەندیل ببوە سیمبولیکى خواستەکانى کورد، چ سادە و ئاسان خەریکە کۆتایى دێت گەر قەندیل فریاى خۆى نەکەوێت و بڕیارى پاشەکشەى کۆتایى نەدات لەم پڕۆسەیەدا.