دواین هەواڵ

پەرلەمان: یادی بەخێر

‌د.سەردار عەزیز

30/05/2023

ئێدمۆند بوێرک بڕوای وەهابوو کە ئەگەر فەرەنسییەکان پەرلەمانیان هەبوایە، شۆرشی فەرەنسی ڕوینەدەدا. گەلێکی ڕەوەند هەیە لە ئەفریقا، کاتێک گرژی لە نێوانیاندا دەبێت، دادەنیشن و بۆ ماوەیەک دەڵێن: ممممممممممم، هەتا ئەهوەن دەبنەوە. پەرلەمانێتێی هونەری فێربونی ممممممم کردنە.

ئێمە کە هاتینە پەرلەمان دەزگایەک هەبوو، کە ناوی وەهابوو، بەڵام ناوەڕۆکی وەها نەبوو. هەرچەندە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرلەمان یەکەمین دەزگایە کە هەوڵدراوە لە ئەوروپاوە هاوردە بکرێت [شۆرشی مەشروتە] بەڵام هەتا ئێستا لاوازترینە. ئەم لاوازبونە، هۆکاری زۆرە. خەتاکەی هەم نوخبەی سیاسی و هەم خەڵکیشە. بەڵام ئەم لاوازییە وەهایکردوە کە ئەم دەزگا گرنگە، کە دڵی سیستەمی سیاسی سەردەمیانەیە، بە پێگەی هەبێت و نە کەلتور.

یەکێک لە ئامانجەکانی من ئەو ماوەیە لە پەرلەمان بووم، دروستکردنی ئەو کەلتورە بوو. پلانەکانی فەرهەنگێکی پەرلەمانی لە خۆی دەگرت، بۆ چەمکە سەرەکیەکان. هەروەها توێژینەوەی ئەکادیمی و پۆلەسی لە بواری پرسە گرنگەکانی تری وەک بودجە، چیەتی پەرلەمان، ئەکاونتەبڵیتی و دیپلۆماسی پەرلەمان و سیستەمی پەرلەمانی زۆری بواری تر.
لە دونیادا جۆری پەرلەمان زۆرە. بە داخەوە، پەرلەمانی کوردستان لەو جۆرە پەرلەمانانەیە کە پێی دەوترێت مۆری لاسیکی، rubber stamp ، کە زیاتر خەسڵەتی سیستەمی نادیموکراتین، بۆ نمونە چین.

پەرلەمان بە ئاسانی دروست نابێت چونکە نە خەڵک و نە نوخبەی سیاسی تاقەتی ئەم دەزگایەیان نیە. ئەوەی ئەمرۆ لە دادگای فیدڕاڵی ڕویدا کارێکی خۆش و ناخۆش بوو. من بۆ خۆم یادەوەریی سیاسیم بە ئاسانی ڕێگەم پێنادات کە بەغدا وەک ناوەندی یاسا و داد ببینم. له مناڵیمەوە لە گەڵ یادەوریی بەعس و کوشتن و ڕوخان و دەربەریدا گەورەبووم. ئەمەش وەها دەکات هەر بڕیارێک لەوێوە سەرچاوە بگرێت کولانەوەی یادەوەریی لە گەڵدا بێت. لە هەمانکاتدا وەک د. یوسف ووتی، ناوخۆشیەکی تر ئەوەیە کە هەرێم ناچارت بکات بڕۆیت بۆ بەغدا بۆ داد. بەغدا گەرجی ناوی باخی دادە، بەڵام هەرگیز جێگای داد نەبوە، نەک بۆ کورد بەڵکو بۆ هەموو خەڵکی عێراقیش.

بەڵام لایەنە خۆشەکەی ئەوەیە بە هیوام ڕاچەنینێک بێت کە دەکرێت پەرلەمانی کوردستان ببێتە پەرلەمان، نەک مۆڕەکی لاستیکی وەک مۆری موختار. دەبێت چیدی بۆ هەمیشە درێژکردنەوە کۆتایی پێبهێنرێت. دەبێت کات لە سیاسەتدا بایەخی هەبێت. لە خۆڕایی نیە کە ماوەی دەسەڵاتدارێتی دیاریکراوە. چونکە ئەگەر کەسێک زۆر بمێنێتەوە ئەوا لە بڕی ئەوەی بیرۆ-کرات بێت دەبێت بە خاوەنی بیرۆ-کە.

بە هیوام لە هەڵبژاردنی داهاتودا خەڵکی کوردستان لە سەر بنەمای قیڕە و قۆزیی و فشە و قارەمانێتی فس-فس دەنگ نەدەن. بە هیوام مردوە بەڕێزەکان بنون. دەنگ هەرزانفرۆش نەکرێت. بە کوڵمی سور هەڵنەخەڵەتێی. وێنەکە پەڕەی یەکەمی کتێبی پرسە پەرلەمانییەکانە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP