دواین هەواڵ

پیاز و درۆن: هەڵبژاردنەکانی تورکیا

‌د.سەردار عەزیز

24/05/2023

هەرچەندە گۆڤاری پۆلیتیکۆ ئاماژە بە پیاز و بەرماڵ دەدات، بەڵام مەبەستی ئەو جیاوازە. مەبەستی پۆلیتیکۆ خوێندنەوەی پرۆسەی وروژانی کۆمەڵایەتییە، نەک ڕوانگەی دوو هێز بۆ ئێستا و داهاتوی تورکیا. ئێمە پیاز و درۆن وەردەگرین بۆ قسەکردن لە سەر دوو هێز و ڕوانگەی زاڵ لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا.

هەرکەسێک چاودێریی هەڵبژاردنەکانی تورکیای کردبێت بەئاگایە لە ئامادەیی پیاز، کاتێک کەمال کلیچدارئۆغلۆ سەرکە پیازی بە دەستیەوە دەگرت و دەیگوت، بە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆگان کیلۆی پیاز لە سی لیرەوە دەبێت بە سەد لیرە.

کەمال کلیچدار کە وەهای دەگوت لە مەتبەخەکەیاندا دانیشت بوو، کە مەتبەخێکی زۆر ئاسایی بوو. هەموو ئەمانە ئاکتی پڕ لە ئاماژەن. ئەردۆگان لە وەڵامدا گوتی لەم وڵاتەدا کەشەی پیازنیە، کێشەی پەتاتە نیە، هەروەها تەناتەت کەشەی خەیاریش نیە.

هەرچەندە ئێمە مەبەستمان هێندە ڕەهەندی هەڵاوسان و گرانی خواردن و سەختی ژیان نیە لێرەدا، بەڵام ئەو ڕەهەندەی لای خەڵکی ئاسایی تورک ڕوونە.

سەرۆکی پێشوی تورکی سولەیمان دیمیریل قسەیەکی بە ناوبانگی هەیە دەڵێت هەموو حکومەتێک دەتوانرێت بە قاپی مەتبەخ بڕوخێنرێت. مەبەستی لە گرانبونی خواردن یان بە شێوەیەکی گشتی کاریگەری ئابورییە. دیارە ئەمە تەنها هەتا ئاستێکی زۆر جیهانییە. لە سەردەمی کلینتۆندا قسەیەک هەبوو دەیگوت، ئابورییە، گەمژە.

تێڕوانینی ئێمە بۆ ئەم دیاردەیە، لەو ڕوانگەیەوە کە ئەگەر کلیچدارئۆغلۆ بێتە سەر دەسەڵات ئەوا هەوڵی بۆ ئەوە دەبێت کە کار لە سەر ئابوری تورکی بکات. ئەم جەختکردنەوە لە سەر ئابوری، بە مانای ئەوەدێت کە تورکیای ژێر دەسەڵاتی چەهەپە، وڵاتێک دەبێت کە بۆ ناوەوەی خۆی دەڕوانێت نەک دەوروبەر و دەرەوە. ئەم سەرقاڵبونە بە ناوەوە، ڕاستەوخۆ کاریگەری لە سەر کورد هەیە.
بە پێچەوانەوە، کرۆکی بانگەشەی ئەردۆگان لە سەر کردنەوەی کارگەی سەربازیی و بنکەی ئەتۆمی و درۆن و کەشتی ئاسمانی بوو. ئەردۆگان دەیویست وەها دەربخات کە تورکیا گەورەیە و دەیەوێت لە ناوچەکەو دونیادا ڕۆڵی هەبێت و توانای دروستکردنی کاڵای سەربازیی هەیە. ئەم بانگەشەیە لە کاتێکدا پەیامی جیوپۆلەتیکی هەیە کە تورکیا بەردەوام دەبێت لە فراوانخوازی و دەستوەردان و کێشە دروستکردن، بەڵام لە هەمانکاتدا هەوڵێکە بۆ پۆشینی کێشەی گرانی.

ئێستا کە مەبەستمەکەمان ڕونکردەوە، بابێینە سەر خوێندنەوەی بانگەشەکان. کەمال لە مەتبەخ و ئەردۆگان لە کارگە. لە هەمانکاتدا هەوڵدەدەین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، ئایا کەمال باشە یان ڕەجەب؟

کاتێک کەمال کلچدارئۆغلۆ لە مەتبەخێکدا دانیشتوە و پیازێک ڕادەوەشێنێت دەیەوێت بڵێت سادەترین شت، سەوزەیەکی هەرزانی ڕۆژانە نرخی زۆر بەرزبوەتەوە، ژیان گران بوە، ئەردۆگان ژیان گرانتر دەکات، حکومەتی من بە ئاراستەی ئاسانکردنی ژیان و باشترکردنی ئابوری کاردەکات. جۆرێک لە هاودەنگی هەیە کە یەکێک لە هۆکارەکانی هەڵاوسان لە تورکیا جۆری مامەڵە و تێگەیشتنی ئەردۆگانە بۆ ئابوری، کە بە پێچەوانەی هەموو دونیاوە، بروای وەهایە هەرزانکردنی پارە ڕێگاچارەی شیاوە بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ هەڵاوساندا.

بەم پێیە حکومەتی کلیچدارئۆغلۆ کار لە سەر گەورەکردنی سەربازی و دەستوەردانی ئیقلیمی و شەڕ ناکات، چونکە دەیەوێت نرخی لیرە بەرزبێتەوە. هەموو خەڵک لە تورکیا هاوڕان لە گەڵ کەمال کلیچداردا، بەڵام باوەڕی پێناکەن کە کەسێکی گونجاوبێت هەتا بتوانێت دۆخەکە چارەسەر بکات، بۆیە هەر دەنگ بە ئەردۆگان دەدەن.

لە ئاستی جیوپۆلەتیکیدا، مانای ئەوەیە کە حکومەتی تورکی بە سەرۆکایەتی کلیچدارئۆغلۆ هەوڵی هەناردەی سەرباز بۆ دەرەوەی سنورنادات، هەوڵی دەستوەردان لە جەنگەکاندا ناکات، دەیەوێت لە گەڵ ئەوروپا و ئەمریکا پەیوەندییەکانی باش بکات، بۆ ئەمەش دەبێت پێچەوانەی ئەردۆگان بێت هەتا لیرە بەهای بۆ بگەڕێتەوە. ئەمە بۆ کورد یانی چی؟

هەردوو جەختکردنەوە لە پرسە ناوخۆییە ئابورییەکان و هەوڵی باشکردنی پەیوەندی لە گەڵ ڕۆژئاوادا بە سودی کورد دەشکێتەوە، بە پێچەوانەی ئەردۆگانەوە، کە لە هەوڵی پەلکشانە بۆ دەرەوە و لە هەوڵی پتەوکردنی پەیوەندییە لە گەڵ وڵاتانی کەنداو و ڕۆژهەڵاتدا کە هەمویان دژ بە بون و مافی کوردن.

هەڵەی کامپی کەمال کلیچدار ئەوەیە کە سەر بە سەردەمێکە خەریکە کۆتایی دێت. پێشتر زۆرمان لەم ڕەخنانە لە کامپی ئەردۆگانەوە بیست بوو. کامپی ئەردۆگان وەها بیردەکەنەوە کە سەردەمی ڕۆژئاوا کۆتایی هاتوە، بۆیە ئەوان نابێت تەنها ڕوو لە ڕۆژئاوا بن، بەڵکو دەبێت وەک ئەکتەرێکی سەربەخۆ کار بکەن. ئەمەشە کە بانگەشەکەیان لە ژێر دروشمی سەدەی تورکیدایە.

بەڵام ڕێچکە پێشاندەری ئەم دیدە ئەمریکیەکان خۆیانن. کەسێکی وەک جۆرج فریدمان کە دامەزرێنەی ناوەندی ستارفۆر و پاشان داهاتوی جیوپۆلەتیکییە، کە ویکیلیکس بڕوای وەهایە سەر بە سی ئای ئەیە، لە نزیکەوە ڕاوێژکاری ئەردۆگانە و هانی دەدا کە وەک هێزێکی ئیقلیمی ڕۆل ببینێت.

دەکرێت لە ڕوی چیوپۆلەتیکەوە دیدەکەی کلیچدارئۆغلۆ بە لۆزانیزم ناو ببەین. کۆنگرەی لۆزان کە سەدەیەک لەمەوپێش سازکرا تورکیای ئەمڕۆی لە هەناو ئەو نەخشەیەدا قەتیسکرد. لۆزانیەت یانی تورکیا چونە دەرەوە بە ماف و ڕەوایی خۆی نازانێت. یانی دان بە سنورەکاندا دەنێت، یانی دەیەوێت لە میانەی پرۆسەی توانەوەدا گەلی تورک لە هەناو سنوری دەوڵەتی تورکیدا دروست بکات.
گەلی کورد لە باکور زۆری ئازار بە دەست ئەم تێزە چەشتوە. بەڵام دیدی کامپی ئەردۆگان دیدی میساقی میللیە. میساقی میللی هەردوو میللەتچیەکان و ئیسلامیەکان کۆدەکاتەوە، کە دەکاتە تورکە فاشیستەکان و ئیسلامیەکان. رەنگە کەسایەتیەک کە ئەم دیدەی زۆر بە چڕی تیادا بەرجەستە دەبێت، کەسی سولەیمان سۆیلوە. لە دوا لێدوانیدا بەرامبەر پەنابەرە سورییەکان سۆیلۆ دەڵێت، زۆرینەی پەنابەران لە ناوچەی حەلەبەوە هاتوون، حەلەبیش بەپێی میساقی میللی بەشێکە لە تورکیا، بۆیە ئەوان هاوڵاتی ئەم وڵاتەن، پێویست ناکات بیاننێرینەوە.

ئەم دیدی میساقی میللیە، هەتا کەرکوک لە خۆی دەگرێت لە باشور.

بەم پێیە ئێمە لە بەرامبەر دوو قوتابخانەداین: یەکەمیان کە دەخوازێت تورکیا بەهێزبێت و بە دەوری خۆیدا پەلبهاوێت و سەدەی تورکی دروست بکات و ببێتە هێزێکی هەرێمی و لە نێوان زلهێزەکاندا یاری بکات بەبەرژەوەندی خۆی. ئەم دیدە لە چەندین ئاستدا لە سودی کوردنیە، چونکە دیدی تورکیای بەهێز یانی سەرکوتکردنی زیاتری کورد. درۆن لە سەر جەستەی کورد تاقیکرایەوە. کورد ئەو زەخیرە زیندوەیەیە کە درۆنی تورکی بەکاری دەبرد بۆ نمایشی خۆی. پشتکردن لە ڕۆژئاوا، لە ئێستادا بە سودی کوردنیە چونکە یانی هێرش یان فشاری زیاتر لە سەر ڕۆژئاڤا و باشور، بە تایبەتی سلێمانی.
بەم پێیە ئەگەر بمانەوێت وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە ئەردۆگان یان کلیچدارئۆغلۆ بە تایبەتی لە ڕوانگەی کوردەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە کەمال. دیارە ئەم پرسیارە وەڵامدانەوەی لە کوردستان لە سەر بنەمای زانستی سیاسەت نیە، بەڵکو لە سەر بنەمای ئایدەلۆژیا و بەرژەوەندییە.

بێگومان ئەتاتورکیەت ئایدەلۆژیایەکی فاشییە، بەڵام، ئەتاتورکیەت هێندە بەهێزنیە کە بتوانێت کاری گەورە بکات، دەستوەردان لە دەرەوەی خۆی بکات، حکومەتی چەندین دەیەیی بەڕێوەببات.

وەک ڕونە کە پاش دەرچونەوەی ئەردۆگان دەستور دەگۆرێت، هەندێک دەڵێن تەنها بڕگەی دوو دەورە لادەبات، هەندێکی تریش دەڵێن گۆڕانکاری زۆر لە دەستوردا دەکات، بە جۆرێک، ئەگەر لە ژیاندا بمێنەت هەتا ساڵی ٢٠٣٣ وەک سەرۆک کۆمار بمێنێتەوە. بەمجۆرە ئەردۆگان زیاتر لە واقیع دادەبڕێت، بڕوای بە خۆی زیاتر دەکات، هەوڵی عەزەمەتی زیاتر دەبێت و پەلکشان و گەورەکردنی تورکیا دەبێتە بەشێکی بنەڕەتی پلانەکانی، بە تایبەتی بە لاوازبونی ڕۆژئاوا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP