دواین هەواڵ

ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان و کاریگەریی لەسەر کورد

‌بەهرۆز جەعفەر

17/03/2023

- لە ساڵی (٢٠٢٠) ەوە لە چوارچێوەی "ڕێککەتنی ئەبراهام-Abraham Accords" پرۆسەی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ئیمارات و بەحرەین دەستی پێكرد، دواتر قەتەر و سعودییەشی گرتەوە.

- لە نۆڤەمبەری ٢٠٢١ دا ئیمارات و تورکیا دوای دە ساڵ لە ئاڵۆزیی و ناکۆکیی توند لە نێوانیاندا، پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە.

- لە دیسەمبەری ٢٠٢٢ دا، بەفەرمی تورکیاو ئیسرائیل پەیوەندییە دیبلۆماسی و سیاسییەکانیان دوای دوانزە ساڵ لە پچران ئاسایی کردەوە.

- لە ١٠ ی ئازاری ٢٠٢٣ دا، سعودییەو ئێران بە نێوەندگیریی چین (ڕۆڵ بینینی عێراق عومان) پەیوەندییەکانیان دوای حەوت ساڵ لە دژایەتی توندی یەکتر ئاسایی کردەوە.

- ڕۆژی شەممە ١٨ ی ئازاری ٢٠٢٣ وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی میسر دەکات. سەردانەکە لەسەر بانگهێشتی "سامح شوکری" وەزیری دەرەوەی میسرە، بەڵام دوای چوار ساڵ لە داواکاریی ئەنقەرە بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان لەگەڵ قاهیرە دێت.

لە هەموو ئەو ئاسایی بوونەوانەی سەرەوەدا، ڕاستەوخۆ کاریگەریی هەیە لەسەر پرسی کورد. لەهەموو ئەم ئاسایی بوونەوانەدا "پرسی وزە بە هەموو ئاست و ماناکانییەوە" ئامادەگیی هەیە. لە هەموو ئەو یاسایی بوونەوانەدا مقۆمقۆ هەیە؛ ئایا ئەمە بەرئەنجامی لاوزبوونی ڕۆڵی سۆپەر پاوەر [بەتایبەتی ئەمریکایە] کە هێزە هەرێمییەکان سەریان کردۆتە یەک بۆ نزیکبووەنەوەیان و داخکردنی پرسە ناوچەییەکان و بە سەلامەتی دەرچوون لەو ئاگرەی لە ئاستی گڵۆباڵدا تەشەنەی سەندووە؟ یاخود ئەمە بەرئەنجامی دووبارە خۆ-سازدانەوەی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانییەتی و ناوچەکە بەو جۆرە دیزاین دەکەن تا لەو سەرەوە خزمەت بە سەرکەوتنییان بکاتەوە؟ وە- یاخوود، ئەمە یەکگرتنێکی ئاسیاوییە؛ ئاسیا وەک جیاکەرەوەیەکی جیۆپۆلەتیکیی (ناسنامە، کەلتور، جوگرافیا وەک سنور) خۆی سازدەداتەوە بە ڕێبەرایەتی چین؟!

هەرچی و چۆنێک بێت، ئەو دەرزەنە ئاسایی بوونەوە لە پەیوەندیی نێوان یەکە هەرێمایەتییەکان، دەبێتە هۆی گۆڕانی هەڵسوکەوت و هەڵوێستی سیاسییان لە تەواوی ناوچەکەدا، ئەوەیەو لێرەوەیە کورد دەبێت خۆی بگونجێنێ و بێتە دەست لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا. ئایا ئەم ئاسایی بوونەوانە تا چەند بارگرژییە- بار قوورسییە جیهانییەکان کەم دەکەنەوە؟ لە هەفتەی پێشووتردا لێکۆڵینەوەیەکی ئێمە لە پەیمانگەی میدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی - MIRS بە زمانی کوردیی بە ناونیشانی "لێکەوتە ناوچەییەکانی ئاشتبوونەوەی سعودیەو ئێران: بۆ کورد چی تێدایە؟" بڵاوبۆیەوە. هەمان هەوڵ لەم هەفتەیەدا لە ئیمارات و چەند ناوەندێکی دیکە بە ئینگلیزیی و عەرەبی بڵاودەبێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP