دواین هەواڵ

گەندەڵی و میکانیزمە لەرزۆکەکان

‌لاوک سەلاح

03/02/2023

قسەیەکی زۆر لەسەر "حکومەتی باش، Good Governance " یاخود ئەوەی بە زمانی عەرەبی پێ دەوترێت "الحكومة الرشيدة" دەکرێت بەبێ ئەوەی کۆدەنگی لەسەر دیدێکی پیشەیی سیاسی هاتبێتە ئاراوە. قسەکان لە کۆنفرانسەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان و سەرەتای دەستپێکی هەر حکومەتێک و پلانەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت ناوەندەکانی بیرکردنەوەش دەگوزەرێن، بەڵام راسپاردەکان شۆرنابنەوە بۆ ئەو جومگە سەرەکییانەی کە ژیانی رۆژانەمان بەرێوە دەبەن: بۆ؟

هەمیشە، هەر وابووە، لە سەردەمی پەرتەوازەیی سیاسیدا، ناونیشان و خەسڵەتی دۆخەکە ونبوون و پەراوێزبوونە، بە ئاسانی کۆنسێپت و چەمکی سیاسی لە دایک نابێت کە تێیدا کۆدەنگی سیاسی رەنگدانەوەی ناوەرۆکەکەی بێت و دواتر بکرێتە پلان و بەرنامەی سیاسی پارتی سیاسی و حکومەت و قۆناغ قۆناغ جێبەجێبکرێت.

هەموو خەونەکان و چاوەڕوانییەکان لە هێنانەدی بنەما سەرەکییەکانی حکومڕانی باش نایەنە دی ئەگەر دیدێکی سیاسی قووڵ بۆ تێپەراندنی ناکۆکی و ململانێ ناوخۆیەکان و لۆکەڵییەکان گەڵاڵە نەبێت، بەداخەوە، زۆر جار، ئەو ململانێ سیاسییانە راگوزەرانە و سەرپێیانە، وەک بەرژوەندی سیاسی و ئابووری رووت دەردەکەون، بەڵام لە بنەمادا، ئەوە رەنگدانەوەی ئاستی رۆشنبیری و کەلتوور و بیرکردنەوەی سیاسی و شێواز و فۆرمی ئیدارەدانی سێکتەرە جیاوازەکانی کۆمەڵگەیە کە کۆنترۆڵی بیرکردنەوە و ئیدراکی سیاسی دەکات. کەم جار و بە دەگمەن وا رێکەوتووە، مرۆڤەکان توانای ئەوەیان هەبووبێت دیدێکی بەدیل ببەخشن بە نەتەوە و ژیانی خۆیان لە دەرەوەی ئەو سنوورانەی ژینگەکەیان بۆیانی کێشاوە، هەر لەبەرئەوەیە، کەم جار، رێکەوتی کەسانێک دەکەین کە جۆرێکی جیاواز دێنە گۆ و دەستەواژە و وشەکانیان بەها و کاریگەریەکی دیکەی هەیە. لە بوونی ئەو جۆرە لە دیدێکی بەدیل، حکومرانی باش دێتە دی، کە سەرەتاکەی هێنانەکایەی رێکار و ئامرازە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.

چەند جارێک ئەو راستییەمان دووبارەکردۆتەوە، لە کاتی جەنگدا و لە پاش وێرانە، رێکارەکان لێڵ و لاواز و بێ بەهان، راستە، کۆتایهێنان بە جەنگ کۆتایی هێنانە بە بەردوامی مەرگ، بەڵام لە ئاوڕدانەودا، یادەوەرییەک هەیە پڕ وێرانەیە، پێویستی بە کات هەیە بژێتەوە و خۆی لە تەپوتۆزی جەنگ هەڵتەکێنێت، بەداخەوە، بۆ ئێمە سەد ساڵ لە جەنگ، پرۆسەی ژیانەوە سەختتر دەکات! بۆ نموونە، کە نەوت دەدزرێت، راستە دزییەکە بۆ مەرامی سیاسی و بەرژەوەندی کەسییە، بەڵام بەر لە بوونی کرداری دزییەکە، رۆحێکی تێکشکاو و نائومێد هەیە مەرگ دروستی کردووە، رۆحێک گاڵتەی بە ئینتمای نیشتمانی و بەها پیرۆزەکانی کۆمەڵگە و پرۆسەی ژیانەوە دێت، ئەو رۆحە مەرگدۆستە تاوانکارە وەک مردوویەک خۆی لە گۆرێکی گۆشەگیردا نمایش دەکات، بە ویژدانێکی وێرانەوە هەناسە دەدات.

لە هەندێ لە قۆناغە سیاسییەکان، بەتایبەتی لە پاش نەمانی کاریزمای سیاسی باو و کاڵبوونەوەی رەوایەتی شۆرشگێری بە تایبەتی کە توانایەکی سیاسی لە ئارادا نەبێت بۆ هەمیشە هێشتنەوەی بەهای رەوایەتی شۆرشگێری، وەک دۆخێکی زیندووی ناو ژینگەی سیاسی، لەو بۆشاییە سیاسییەدا، کۆمەڵگە بەهەموو جومگەکانیییەوە رووبەرووی هەرەشەی جۆرێکی دیکە لە پەرتەوازەیی سیاسی دەبێتەوە، ئەو بۆشاییە سیاسییە کەمەرشکێنە و کاریگەری سەخت و توندی هەیە لەسەر بەرهەمهێنانی بڕیاری سیاسی تەندروست و دروست. لە کۆمەڵگەیەکدا کە نەتوانێت خۆی بەدامەزراوە بکات، بە ناچاری، پشت دەبەستێت بە کاریزما مێژوویەکانی، تەنانەت بە گۆری کاریزمەکانی و ئەفسانەی ئەوان وەک حیکایەت دەڵێنەوە، بەوە دەژێنەوە، ئەم کارە، نووسینەوەی حیکایەتێکی نوێ نییە، بەڵگو گێرانەوەی حیکایەتەکانی رابردووە کە پانتایی ئێستا و ئاییندە داگیردەکەن، دوور لە ئیرادەی ئیستا.

لەو دۆخەدا کۆمەڵگە خواست و ئارەزوو دەڕنابڕێت بۆ هێنانەکایەی ڤێرژنێکی دیکە لە کاریزما کە لە ئاییندەوە خوازرابێت، لەم دۆخەکە هەموو بە حیکایەتە کۆنەکان رازیین. لە ئێستادا، ئێمە پێویستمان بە کاریزمای نوێ هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دامەزراندنی پرۆسەی حکومرانی پر بە حیکمەتی سیاسی، کاریزمایەک سەرتاپای کۆمەڵگە قایل بکات و لە گرێی کاریزمای ناوچە و کاریزمای پارتی سیاسی قوتارمان بکات.

بۆ نموونە، لەهەموو کاتێک زیاتر لە کۆمەڵگەی کوردستانی ئێستادا پێویستمان بە پرۆژەیەکی رێنیسانسی فراوان هەیە کە کار لەسەر دوو کۆڵەکە بکات: یەکەمیان، کاریزمایەک بۆ گەڕاندنەوەی ئومێدی سیاسی، کاریزمایەک، نا، کە هەر لە مۆزەخانەکانی مێژوودا پارێزراوە، بەڵکو کاریزمایەک بەئاگا بێت لە هەموو گۆرانکارییە خێراکانی دونیا، بەم کارە، کاریزما لە مۆزەخانەکانەوە دەرژێتەوە ناو ئێستا و ئاییندەی کۆمەڵگە، بەو جۆرە، ئەوەی رابردوو بە زیندووی دەمێنێتەوە. دووەمیان شۆرکردنەوەی بەهای کاریزمە بۆ ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ ژیانەوەی بەهاکانی دەوڵەت خۆی، نەوەک تەنها بەهای کاریزمە، دەبێت هەموو لەسەر بەهاکانی دەوڵەتداری رێک بکەوین نەوەک تەنها بەهاکانی کاریزمە، بەهاکانی کاریزمە دەبێت ببێتە بەشێک لە بەهاکانی دەوڵەتداری. ئەمە سەرەتای بە کاریزمەکردنی ستاندەردی دامەزراوەیە. سەرلەنوێ، سەرەتای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە.

ئەم پرۆسە هەمەلایەنە؛ سیاسییە، پەروەردەییە، کۆمەڵایەتییە، تەنانەت ئەمنی و ئاسایشە، ئەمەی دوایش دەبێت بچیتەوە سەر رێچکەی کاری یاسایی خۆی و لەوەندە زیاتر چەواشە نەکرێت. ئەم پرۆسەیە کاری کەسێک و پارتێک و دامەزراوەیەک نییە. ئەمە پرۆسەی رێنیسانسی کۆمەڵگەیە، رێنیسانسی مەدەنی نەتەوەیە، کە هەرچەندە وەک خەونێکی دوور تەماشا دەکرێت بەڵام دەبێت هەر بێتە دی.

ئەم پرۆسەی رێنیسانسە دەبێت هەموو رێکارە سیاسییەکان بگرێتەوە، بۆ نموونە، هەر لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی پارتە سیاسییەکان تا دەگاتە شێوازەکانی حکومڕانی. ئاوردانەوەیەکی خێڕا بە پرۆسە ناوخۆییەکانی پارتە سیاسییەکانی عێراق و کوردستان ئەو راستییە دووپات دەبێتەوە، پارتە سیاسییەکان لە چەپەوە بۆ راست، لە دەستەڵاتدارەوە بۆ ئۆپۆسیسۆن تا دەگاتە پارتە ئیسلامییەکان، یەک سۆفتوێر بەکار دەهێنن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دیاردە دزێوەکان، ئێستا باوی بەکارهێنانی دادگایە، رووتکردنەوەی دادگایە لە بەهای یاسایی خۆی.

ئایا رێکەوتە، هەموو پارتە سیاسییەکان بەدەست ملمڵانێی ناوخۆ و کەرتبوونەوە دەناڵێنن! بەمانایەکی دیکە ئایا ئەوە کۆمەڵگە نییە کە بەدەست یەک نەخۆشیەوە دەناڵێنێت؟ بەڵام دەرهاویشەکانی جیاوازە و خۆی لەهەموو پارتەکاندا بەرجەستە دەکات. بۆ هیچ پارتێکی سیاسی ناتوانێت لەگەڵ ئەوی دیکە، پێکەوە، بژین؟ ئەمە پرسیارە جەوهەریەکەیە، نەبوونی توانا بۆ ئەوەی پێکەوە بژین مانای ئەوەیە کە ئەو کۆمەڵگەیە پێویستی بەوەیە لە سەرەتاوە ئەرک و پێگەکان دیاریبکاتەوە، ئەمەش پرۆسەیەکی مەعریفییە، بەرلەوەی پرۆسەیەکی سیاسی بێت. بۆ هەموو پارتە سیاسییەکان پەنا دەبەنە بەر یەک جۆر لە نەشتەرگەری سیاسی کە ئاستی رۆشنبیریەکی لۆکەڵی سادە و دواکەتووی و ساویلکەی هەیە. بەداخەوە، ببورن، ئەمە خاڵی هاوبەشی هەموویانە، بۆ زۆربەی پارتە سیاسییەکان پشت دەبەستن بە تاکتیکی دواخستنی بۆنە سیاسییە گرنگەکان؟ دواخستنی بۆنە سیاسییەکان، هەڵگرتنی ململانێ سیاسییەکانە بۆ سبەی، بەقوربانیکردنی سبەینێیە، سوود وەرگرتن لە کات، بە گۆڕنانی ئاییندەیە و نەمرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکانە و بە ئەبەدیکردنی بەستەڵەکی سیاسییە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP