دواین هەواڵ

لێكەوتە سیاسییەكانی دوایین بڕیاری دادگەی فیدراڵی لە بەغدا و هەولێر

‌یاسین تەها

26/01/2023

دادگەی فیدراڵی بە بڕیارێكی نوێ (١٧٠/اتحادیة/٢٠٢٣) گورزێكی گەورەی لە رێككەوتنێكی سیاسی نێوان حكومەتی سوودانی و حكومەتی هەرێمی كوردستان دا (بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان)، چونكە دادگەكە رەوانەكردنی گوژمەپارەی وەك پێشینە لە بەغداوە بەیەكجاری و بەشێوەیەكی بنجبڕ راگرت. ئەم بڕیارە كە هاوشێوە و پشتڕاستكەرەوەی بڕیاری دژ بە یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستانی كوردستانە (15ی شوباتی 2022)، دەرگەی لەسەر چارەسەرە كاتییەكان بۆ كێشە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان داخست، بەمەش لە ڕووی تیۆرییەوە چارەی دیكەی نەماوە جگە لە هەوڵی چارەسەری كێشە كەڵەكەبووەكان لەڕێگەی یاساكانی بودجە و نەوت و گازی فیدراڵی.

بڕیارەكەی دادگە ئەگەرچی حوكمێكی دادوەرییە، بەڵام دوور نییە لە كەشی سیاسی و باسی سیاسەت و بە ناڕاستەوخۆ باس لەوە دەكات كە رێككەوتنە سیاسییەكان و تەنانەت بڕیارە حكومییەكانیش سەنگ و بەهایان نییە، ئەگەر لە یاسا پەسەندكراوەكانەوە سەرچاوەیان نەگرتبێت كە نەخشەڕێی بەردەمی دەسەڵاتی جێبەجێكردنن. لە وردەكاری جێبەجێكردنی یاسا داراییەكانیشدا دادگەكە وەزارەتی دارایی سەرپشككردووە، بەگوێرەی خەمڵاندن و داتاكانی بەردەستی بڕیار لە خەرجییەكان و گوژمەی پارەكان بدات، بەمەش بۆ لەمەولا قسەی یەكەم لە پرسە داراییەكان بۆ تەیف سامی، وەزیری دارایی دەبێت كە بە كردەیی هەر ئەوەی كردووە.

هەمیشە بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی جێگەی مشتومڕن، ئەم بڕیارەی دواییش بەشێوەیەكی زیاتر، چونكە باسی رێكاری كارگێڕییە كەچی لە دادگەی فیدڕاڵییەوە دەرچووە و هەندێك پێیانوایە پسپۆڕی "دادگەی كارگێڕی" یە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەگوێرەی دەستوور بڕیار و حوكمەكانی دادگەكە قابیلی تێهەڵچوونەوە نییە، هەموو رەخنە و تانەكان هیچ لە بارودۆخەكە ناگۆڕن و لەپاش دەرچوونی بڕیارەكەش پرسیاری سەرەكی لەڕووە سیاسییەكەیەوە چارەنووسی پەیوەندییەكانی بەغدا و هەولێر و، بارودۆخی ناوخۆیی هاوپەیمانیی "ئیدارەی دەوڵەت"ـە كە بنكەی سیاسی حكومەتی محەممەد شیاع سوودانی و راگرە پەرلەمانییەكەیەتی. ئەم هاوپەیمانییە جگە لە رەوتی سەدر سەرجەم لایەنە شیعە سەرەكییەكان و هەردوو هێزە كوردییە سەرەكییەكە (پارتی و یەكێتی) و هەردوو هاوپەیمانییە سوننەكە (سیادە و عەزم)ی تێدایە.

لە یەكەم كاردانەوەدا لەسەر بڕیارەكە، بارزانی، داوای لە لایەنەكانی "هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت" كردووە هەڵوێستیان لەمەڕ بڕیارەكەی دادگە هەبێت لە سۆنگەی ئەوەی كە شێوێنەری كەشی ئەرێنی نێوان هەولێر و بەغدایە. هەروەها كاتەكەی ناسازەو لە نێوەڕۆكیشدا "دژی مافی هەرێمی كوردستانە"، بەڵام لەبەر گوشاری شەقام و لەبەر هاوبۆچوونی زۆربەی لایەنەكان لەگەڵ نێوەڕۆكی بڕیارەكەی دادگە، چاوەڕوان ناكرێت هیچ یەك لەلایەنە كاریگەرەكان بچنە ژێر باری رەخنە و گازندە لە بڕیارەكە یان لەگەڵ دادگەكەدا بكەونە كێشەوە، بەتایبەت كە ئەركی سەرشانی هێزە حوكمڕانەكانی عێراقی ئاسان كردووە بۆ دەربازبوون لە هەر پابەندییەك كە لەكاتی تەنگانەی پێكهێنانی حكومەت و لە میانەی قۆڵ بادانی رەوتی سەدردا لەسەر خۆیان دانابوو.

لەم حاڵەتەشدا چاوەكان لەسەر ئەوەن كە پاش ئەوە هەنگاوی دووەمی بارزانی چی دەبێت؟ ئایا دەگاتە كشانەوە؟ یان هەوڵ دەدرێت لە یاسای بودجە و یاسا چاوەڕوانكراوەكانی نەوت و دادگەی فیدراڵی، لێكەوتەی بڕیارەكان كاڵ بكرێنەوە وەك لە یەكەم كاردانەوەی ئەمینداری عەسایب قەیس خەزعەلیدا ئاماژەیەكی دووری پێ كراوە؟

هەر لەم میانەیەشدا دەركەوتن و یەكلابوونەوەی رای فەرمی و یەكلایی یەكێتی وەك لایەنی كوردی دووەمی ناو هاوپەیمانییەكە، گرنگی و بایەخی خۆی هەیە بەتایبەت كە ئێستا بڕیاری كوردی لە هەولێر و بەغداش وەك جاران یەكگرتوو نییە.

بەرلە دوایین بڕیاری دادگەی فیدراڵی "هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت" خۆی لە دۆخێكی باشدا نەبوو، لە نێو ماڵی شیعیدا ناكۆكی زۆر لەبارەی دابەشكردنی پۆست و چنینەوەی ئیمتیازەكان سەریهەڵداوە بەجۆرێك سەرۆكوەزیران ناچاربووە جگە لە راوێژكارە دامەزراوە جێگیرەكان، 13 راوێژكاری ئاشكرای دیكە بۆ خۆی دابمەزرێنێت، لە كاتێكدا كە بە گوێرەی یاسا تەنیا مافی شەشی هەیە.

لەولاشەوە لەسەر پۆست و جومگە هەستیارەكان ناكۆكییەكان بەردەوام لە پەرەسەندان، بەڵام هێندە هەیە فاكتەری ئێرانی و سێبەری سەدر رێگرن لە هەڵوەشانەوەی هاوبەندییە شیعییەكە. لەسەر ئاستی دیكە، سوننەكانیش خۆیان لە لایەنی كوردی زیاتر خۆیان بە مەغدوور دەزانن. هیچ لەو گفتانەیان بۆ جێبەجێنەكراوە كە بەهۆیەوە پشتیان كردە سەدر و حكومەتی چوارچێوەی شیعەیان خستە سەرپێ. بەمدواییانەش ئەوە دەركەوت كە هەندێك لەو گفتانە لەڕوووی كردەییەوە ئێستا جێبەجێ ناكرێن. لەوانەش كشاندنەوەی حەشد لە شارە سوننەكان، هەڵوەشاندنەوەی دەزگای لێپرسینەوە و دادگەری (ریشەكێشكردنی بەعس)، گێڕانەوەی ئاوارەكان و ئاشكراكردنی چارەنووسی بێسەروشوێن كراوەكان و قەرەبووكردنەوەی كەسوكاریان و...هتد.

ئەگەر ئێستا ئەم بڕیارەی دادگە، كوردیش بخاتە حاڵەتی كشانەوە لە هاوپەیمانییەكە، ئەوە هێندەی دیكە دۆخی شڵۆق و لەرزۆك دەبێت، لەكاتێكدا  ئاستی پشتیوانی دەنگدەران لە كۆی نوێنەرایەتی سیاسی و پەرلەمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا زۆر زۆر نزمە.

لە بنەڕەتەوە و بەبێ هیچ كێشەیەكی ناوخۆیی، گرفت و لەمپەڕی زۆر دەوری بنكە سیاسییەكەی حكومەتی محەممەد شیاع سوودانیان داوە، لەلایەك قەیرانی دۆلار وەك شمشێری راكێشراو لەسەر گەردنییەتی و هەڕەشەی تەقینەوەی جەماوەریی لێدەكات، بەتایبەت پاش خۆپێشاندانی بەردەم بانكی ناوەندی، لە لاكەی دیكە نیمچە كۆدەنگییەك هەیە كە گەڕانەوەی سەدرییەكان بۆ سەر شانۆ سیاسی حەتمییە و تەنیا لەسەر كات و دەرفەت وەستاوە، هەر هیچ نەبێت لە دەروازەی هەڵبژاردنی چاوەڕووانكراوی ئەنجوومەنی پارێزگاكانەوە، دیارە ئەگەر لە دەروازەی توڕەییەكانی دۆخی ئابوورییەوە نەبێت. ئەم دووو پێشهاتەش ئیرادەی سیاسی و چاكسازی و ئامادەكاریی زۆری دەوێت و ئەوەش بەتەنیا بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە ناكرێت كە ئێستا لە دڵەخورتێی مەرج و كۆت و بەندەكانی ئەمریكا دایە.

بە گەڕانەوە بۆ لێكەوتەی بڕیارەكە لەسەر پەیوەندی هەولێر و بەغدا، سەرباری رەخنەكان، دەكرێت بڕیارەكە گوشارێكی بەهێز بێت بۆ بیركردنەوە لە چارەسەری درێژخایەنتر و بەردەوام بۆ پرسی نەوت و بودجە، چونكە بە كردەوە سەلمێنراوە چارەسەرە كاتییەكان ئەگەرچی ئاسان و بەردەستترن، بەڵام نابنە زامنی سەقامگیری دارایی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان و هەمیشە لە ژێر نەشتەری سكاڵادا دەبن، بەڵام ئەوەش روونە ئەو چارەسەرە درێژخایەنە ئیرادە و بڕیار و پشوو درێژی و متمانەی پێویستە، چ لە هەرێمی كوردستان و چ لە بەغدا و پرسیاری سەرەكی ئەوەیە ئایا لە هەردوولا دەرفەتی بۆ رەخساوە؟  


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP