دواین هەواڵ

گەڕان بەدوای مۆڕاڵی سیاسیدا

‌لاوک سەلاح

14/11/2022

لە ئێستادا ئێمە خەریکی چیین؟ ئێمە وەک کۆمەڵگە و رێکخرای مەدەنی و حکومەت و پارتی سیاسی و چینی رۆشنبیران و هونەرمەندان یان هەر دەزگایەکی دیکەی نێو کۆمەڵگە سەرقاڵی چیین؟ ئایا ئێمە کۆمەڵگە دادەمەزرێنین یان خوانەخواستە وێرانی دەکەین؟

ئایا ئێمە کۆمەڵگە لە پەرتەوازیی دەپارێزین یان هەر خەریکی سەنگەر گرتن و ئیدانەکردنین؟ ئایا ئێمە کۆڵەکەی دەزگاکان بینا دەکەین یان خوانەخواستە کوێریان دەکەینەوە؟

ئایا ئێمە مانفێستی پارتە سیاسییەکان دەوڵەمەند دەکەین بە شێوازێک کە لەگەڵ داخوازییەکان و گۆرانکارییە سیاسییەکان بگونجێت یاخود شەکەتیین و توانامان نییە بەها بۆ پرۆسە سیاسییەکان بگەرێنینەوە و هەر کۆدەبینەوە بۆ ئەوەی کۆببینەوە؟

ئایا لە هەوڵدایین بۆ هاتنە پێشەوەی سەرکردەی لێهاتوو کە خاوەن مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێت تاوەکو لە روودانی بۆشایی سیاسییدا کەسانێک هەبن لە توانایاندا بێت ئەرک بگرنە ئەستۆیان و کۆمەڵگە لە بۆشایی سیاسی بپارێزن و لە دوڕیانی سیاسی قووتاربین.

دوا پرسیار، بەراست، ئایا ئێمە لە ئێستادا کۆمەڵگە ئیفلیچ و بچووک دەکەینەوە بەرادەیەک کە دایالۆگی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەمێنێت و بەتەواوی کەرتبیبن؟ لە راستیدا ئێمە لەبەردەم جۆرێکی دێکە لە هەرەشەی سیاسیدایین کە ناوخۆییە ئەویش پەرتەوازی زیاتر و ونبوونی سیاسی زیاتر ونەبوونی شوناسی سیاسی.

لەو بڕوایەدام، ئەمانە جەوهەرتین پرسیاری ئێستامانبن و بۆ وەڵامدانەوەشیان پەلکێش دەبین بۆ قوڵایی گرفتە مێژووی و سیاسییانەی کە بەدەستی خۆمان، ئیتر بە ئەنقەست یان لە نەزانینەوە بێت، ئاڵۆزمان کردووە. هەموو ئەو ململانێ سیاسیانەی کە وەک وەهم هاتنە ئەدەبیاتی سیاسی ئێمەوە. لە وەهمێکی سیاسی زیاتر نەبووە، وەهمێک کە پاساوی شەخسی بووە بۆ شەرانگێزی و پاراستنی خودی سیاسی نەرجسی کە گوزارشتی لە توانایەکی سیاسی کەم کردووە.

بەداخەوە ئێمە لە بازنەیەکی داخراودا، مێژوویەکی گۆشەگیر تۆمار دەکەین، مێژوویەک کە پەیوەندی بە دونیای دەرەوە بچراوە و بەئاگا نییە لەوەی کاردانەوەی دونیای دەرەوە بەرانبەر رەفتاری سیاسی لۆکەڵمان چۆن دەبێت، هەرچەندە، ناوەوە بە ئاگایە لەوەی دونیای دەرەوە بە ئاگایە لە ئادا و رەفتاری لۆکەڵمان، ئەوان بە ئاگان لەوەی ئێمە چی دەکەین و لەوەی چی دەگوزەرێت و کێ خەریکی چییە؟ بەداخەوە، لەم سەردەمە گەردوونیە بێ ئارامەدا، تاوانە ئەوەندەی دیکە نائارامی ببەخشینە کۆمەڵگە لۆکاڵییە بچووکەکانمان، بە واتایەکی دیکە باری سەرشانی کۆمەڵگە بە وەهمی ململانێی سیاسی قورس بکەین یاخود کۆمەڵگە بە وەهمێکی سیاسی چەواشە بکەین کە لە ئەرزی واقیعدا بوونی نەبێت.

ئەو دیمەنە سیاسەیە کە لەسەرەوە دەستنیشانمان کرد هۆکارێکی راستەقینەی نەبوونی مۆراڵی سیاسییە، بۆ ئەوەی سیاسەت مۆڕاڵی بۆ بگەرێتەوە و هەبێت، دەبێت کار لەسەر کایە جەوهەرییەکان بکات کە لەسەرووهەموویانەوە گەشەسەندنی کۆمەڵگەیە، نەوەک رووتکردنەوەی کۆمەڵگە لە مۆراڵی سیاسی. لە رووی تۆورییەوە، ئەم قسەیە رەنگە تا رادەیەک ئاسان بێت و هەموو هاوڕابین کە مۆراڵی سیاسی گرنگە بەڵام بەداخەوە گەرانەوە و دروسکردنەوەی مۆراڵی سیاسی بەهەموو کەسێک ئەنجام نادرێت ئەگەر رەفتار و ئادای سیاسی پڕاوپر لە ئیدراک و هۆشمەندی سیاسی نەبێت، زۆر جار ئەو ئیدارکە خۆرسکە لە ئەزموونی وەک "شێخ زاید" خۆی بەرجەستە دەکات، زۆرجار پڕ مەعریفە و ئیرادەی سیاسییە وەک ئەوەی لە ئیبراهام لینکڵن تۆمارکرا کە ئەمریکای پاراست و و کۆتایی بە کۆیلایەتی هێنا و زەمینەی بۆ ئازادی کۆمەڵایەتی و مەدەنی رەخساند. ئێمە لە کام لەو دوو ئەزموونە نزیکیین: ئایا ئەکرێت ئاوێتەیەیەک لە خۆرسکی ئەرێنی و مەعریفەی سیاسی لە خۆماندا دروست بکەین، لە هەموو بوارەکان و کایەکاندا سەرکردەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێنینە کایەوە.

بەداخەوە، خەسڵەتی سیاسیەت لە دونیای دەرەوەی ئەمرۆدا، نەبوونی سەرکردەی سیاسییە کە لە ئاستی رووداو و کارەساتدا بێت، بەمانایەکی دیکە کارەسات کەم بکاتەوە نەوەک زیادی بکات. سەرکردەیەکی سیاسی لە بری ئەوەی جەنگ هەڵگیرسێنێت، ئاو بە ئاگری جەنگدا بکات، سەرکردەیەک لە بری ئەوەی هەرەشە بکات ئەتۆم بەکاردەهێنیت، عەمبارەکانی تەقەمەنی کەم بکاتەوە، ئێمە لە ئاستی دونیادا، پێویستمان بەو سەرکردە سیاسیانەیە کە ژینگە لە پاشماوەی جەنگ خاوێن و پاکژ دەکەنەوە نەوەک ژینگە ئەوەندەیتر دەکەنە تاریکستان.

لە ناوەوەش، لە نێو کۆمەڵگەدا، رۆژ لە پاش رۆژ، رووداو لە پاش رووداو، پێمان دەڵێن کە پێوستمان بەو سەرکردە سیاسیانەیە کە کار بۆ دامەزراندنەوەی متمانەی سیاسی دەکەن بە ئامانجی بەدەستهێنانەوەی مۆراڵی سیاسی، پێویستمان بەو سەرکردە سیاسییانە کە کار لە دەرەوەی ناوچەکانی خۆیاندا دەکەن و ئارامی و سەقامگیری دەبەخشنە کۆمەڵگە، ئەو سەرکردانەی خۆیان لە وەهمی ململانێی سیاسی دەپارێزن.

پوختەی قسە: لە ئێستادا، دونیای سیاست لەلای ئێمە لە هەمووکات زیاتر پێویستی بە فیکری سیاسی عەمەلی هەیە کە ئەو بۆشاییە فکرییە پڕ بکاتەوە، بەڵام ئەو هەوڵە فیکریانەش دەبێت بەئاگابن لە بازنەی تیۆردا نەمێننەوە و لەسەر بنەمای رق یان هەڵوێستێکی سیاسی دیاریکراو نەبێت، بەڵکو کار لەسەر گەڕانەوەی ئەو مۆڕاڵە سیاسییە بکات بەوەی دیالۆگێکی سیاسی زیندوو بخوڵقێنیت. دایالۆگێک کە کۆدەنگیەکی سیاسی زیندووی لەسەر بێت.
هەمیشە شوناسی سیاسی زیندوو مۆراڵی سیاسی زیندوو بەرهەم دەهێنیت

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP