دواین هەواڵ

قوڵبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ئێران، ئیسرائیل بەئاگاتر دەکات

‌چنور جەعفەر ئەحمەد

2 رۆژ پێش ئێستا

پاش ئەوەی بۆ یەکەمجار ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا لە ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لە ئەشگابات، چاوی کەوت بە مەسعوود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، و لەو دیدارەدا کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵیان ئەنجامدا. بۆ جاری دووەم وا بڕیارە دیداری ئەمجارەی نێوان مەسعود پزشکیان و ڤلادیمێرپۆتین، بکەوێتە ١٧ ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ و لە شاری مۆسکۆ ئەنجام بدرێت. وا چاوەڕوان دەکرێت هەردوو ووڵات ڕێککەوتنی هاریکاری ستراتیژی واژۆ بکەن، ئەمەش بۆتە جێگەی نیگەرانی لای ئیسرائیل.

هۆکاری نیگەرانیەکەی ئیسرائیل لە ڕووسیا بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، کە  کرێملین هەڵسێ بەدابین کردنی ئەو تەکنەلۆژیایە بۆ ئێران، بۆئەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی بۆ بەرهەمهێنانی ووزەی ئەتۆمی دەستەبەر بکات.

لە بارەی ئەم ڕێکەوتنامەی نێوان هەردوو ووڵاتی ئێران و ڕووسیاشەوە، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە پەیماننامەکە، بڕیارە سێ ڕۆژ پێش دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا واژۆ بکرێت، بۆئەوەی بتوانن دەستەبەری سەرکەوتنی ڕێکەوتنامەکەیان بکەن.

ئەم سەردانە پزشکیان، لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران توانای بەرهەمهێنانی ئەتۆمی خۆی زۆر زیاد کردووە، بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردووی. هەربۆیە لە ئێستاوە پێدەچێت ئێران لانیکەم ٤٠٠ لیرە یۆرانیۆمی پیتێنراوی کۆکردبێتەوە کە دەکاتە ٦٠%. کە ئەمەش تا ڕادەیەکی بەرچاو ڕێژەیەکی بەرزە لەبەدەستهێنانی ئەم بەرهەمە. بە بەراورد بەو ڕێژەی بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی چاودێری ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٤٢ کیلۆگرام یۆرانیۆم کە پیتێنراوە تا ئاستی چەکی ئەتۆمی کە نزیکەی ٩٠% بێت، بەسە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی.

هەربۆیە، بە پێی ڕاپۆرتی بن کاسپیت لە تەلئەبیبەوە، کە خراوەتە ڕوو،  ئیسرائیل لە ڕێڕەوی پێکداداندایە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، چونکە ئیسرائیل ترسی ئەوەی هەیە لە بەرامبەر هاوکارییە بەرفراوانەکانی ئێران بۆ ڕووسیا لەبەرە جەنگیەکانی لەگەڵ ئۆکرانیادا، لەبەرامبەریشدا ڕووسیا کاربکات بۆ دابینکردنی ئەو تەکنۆلۆژیایە بۆ ئێران کە یۆرانیۆمی پیتێنراو بکاتە سەری ئەتۆمی.

دۆخی یارییەکە: لە چوارچێوەی قووڵبوونەوەی هاوبەشییەکەی نێوان ڕووسیاو ئێراندا، کە پاڵنەرەکەی دوژمنایەتی هاوبەشی ئەمریکا و ڕۆژئاوا بووە، ئێران هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر و مووشەکی مەودا مامناوەندی بۆ ڕووسیا دابین کردووە، کە بۆ لێدانی شارەکانی ئۆکرانیا بەکاردەهێنرێن. هەربۆیە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا ئەمریکا، تارانیشی تۆمەتبار کرد بە گەیاندنی مووشەکی بالیستیکی مەودای نزیک بۆ مۆسکۆ.

هۆکاری نزیکی ئەم پەیوەندییە دوولایەنەی نێوان ڕووسیاو ئێران، لە کاتێکدایە هاوکاریە مەدەنی و سەربازییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا لە دوای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی ١٩٧٩ەوە گەشەی کردووە، بەڵام شەڕی ئۆکرانیا ئەم پەیوەندییەی نێوانیانی زیاتر بەرەوپێش وگەرموگوڕتر کردووە.

 ئێران کە دەیان ساڵە بەهۆی گەمارۆکانی ڕۆژئاواوە  پەککەوتووبووە، بەڵام دواجار توانیویەتی لەڕێگای شارەزایی خۆیەوە و سەلماندوویەتی کە چۆن بتوانێت خۆی دوور بخاتەوە لە ڕێوشوێنی سزا  ئابوورییە سەپێنراوەکان بەسەریدا. ئەمەش ڕێگەی پێداوە پیشەسازی چەکی ناوخۆیی خۆی پەرەپێبدات. لە بەرامبەر پڕچەککردنی کرێملین، لە ساڵانی ڕابردوودا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەقەمەنی، لەبەرامبەریشدا مۆسکۆ هاوکاری ئێرانی کردووە لە بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی تاران.

هەروەها کاڵا سەربازییەکانی دیکەی بۆ دابین کردووە، لەوانەش ناردنی چەکی بەریتانی و ئەمریکی کە لە بەرەکانی شەڕ لە ئۆکرانیا دۆزراونەتەوە. هەربۆیە هۆکاری ئەم نزیکیە بۆتە جێگەی نیگەرانی تەواوی ئیسرائیلیەکان بەم دواییانە تادێت نیگەرانیەکانیان لەبەرامبەر ئەم پەیوەندییە ڕوو لە هەڵکشان دەکات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP