دواین هەواڵ

چەند دێرێک دەربارەی پێشهاتە نوێکان

‌هەڵوێست میرانی

27/03/2023

∗ یەکەم ؛ کۆمپانیای بە بازاڕ کردنی نەوتی عێراق ( سۆمۆ ) کەیسەکەی دادگای ناوبژیوانی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس دژ بە تورکیا بردەوە دوای نۆ ساڵ لە جوڵاندنی ئەم کەیسە، ئەم پێشهاتە نوێیە گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا دەباتە قۆناغێکی ترەوە ، وەک ئامادەکاری بۆ قۆناغی دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر چەند خاڵێکی تایبەت داهاتی نەوتی و نا نەوتی هەرێم و پشکی هەرێم لە بەشە بودجەی فیدراڵی ڕێککەوتوون ، ئەوەی تایبەتە بە سێکتەری نەوت هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت دەداتە حسابێکی هاوبەشی نێوان حکوومەتی عێڕاق و هەرێمی کوردستان، پارەکە دەخرێتە ناو پارەی فرۆشتنی نەوتی عێڕاق .

ئاشکرایە بێ دەرچوونی یاسای (نەوت و غازی ) ی عێراق کێشەکان بەردەوام دەبن و شکل و شێوەی نوێ وەردەگرن ، لە ئەگەری دەرچوونی یاسای نەوت و غاز کە ناوەڕۆکەکەی ڕەزامەندی هەردوو لای لەسەر بێ بەستەڵەکی بیست ساڵەی نێوان هەولێر و بەغدا تایبەت بە بەڕێوەبردنی سێکتەری نەوت دەتوێتەوە.

ئەوەی گرینگە بیڵێم بەڕێوەبردنی سێکتەری نەوتە لە ناوچە کێشە لەسەرەکان ( ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ) بەتایبەت کەرکوک کە دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت ، گرینگە شاندی هەرێم لە گفتوگۆکانی پێداگری بکات لەسەر ئەو خاڵەی کە لە مادەی 112 ی دەستوری هەمیشەیی عێراق هاتووە (تقوم الحكومة الاتحادية بادارة النفط والغاز المستخرج من الحقول الحالية مع حكومات الاقاليم والمحافظات المنتجة على ان توزع وارداتها بشكل منصف يتناسب مع التوزيع السكاني في جميع انحاء البلاد ) .

گەر سەرنج بدەین لەو مادەیە دەڵێ ( حکومەتی ئیتحادی لەگەڵ هەرێم و پارێزگا بەرهەم هێنەرەکان نەوت و غازی بەرهەمهێندراو لە کێڵگەکانی ئێستا بەڕێوە دەبات ) ، ناڵێ لەگەڵ هەرێم یان پارێزگاکان بەتەنها.

کەواتە بە پێی ئەو خاڵەی لە مادەی 112 هاتووە هەرێمی کوردستان مافی ئەوەی هەیە داوا بکات بە هاوبەشی لەگەڵ عێراق و پارێزگای کەرکوک کێڵگە نەوتیەکان بەڕێوە ببات تا کەرکوک و ئەو ناوچانە بە پێی مادەی 140 یەکلایی دەکرێنەوە .

دەکرێ ئەم خاڵە بکرێتە کارتێکی کاریگەر بەدەست شاندی کوردی و نوێنەرانی کورد لە بەغدا لەکاتی بەڕێوەچوونی دانوستانەکان لەکاتێکدا دوای 16 ی ئۆکتۆبەر حکومەتی ئیتحادیی یەکلایەنە کێڵگە نەوتەکانی کەرکوک بەڕێوە دەبات .

∗ دووەم ؛ هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی تۆکمەی دانپێدانراوی هەرێمی و نێو دەوڵەتیە ، ئەم وجودەش وای کرد لە ناوەڕۆکی دەستوری هەمیشەیی عێراق وەک قەوارەیەکی دەستوری جێکەوت بکرێ ، بۆیە داڕشتنی وشەی کارتۆنی تەنها بۆ ئەوەبوو ڕاپۆرت نوسەکە ڕەواج بە ڕاپۆرتەکەی بدات .

هەرێمی کوردستان ناوەندی سەرەکی ژووری عەمەلیاتی ئەمریکا و هاوپەیمانان بوو بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی داعش .

لەگەڵ ئەمانەشدا پێشمەرگەی کوردستان 2000 شەهیدی لە پێناو مانەوەی ئەو قەوارەیە و پاراستنی خەڵکەکەی لەشەڕی داعش دا .

لەگەڵ تۆکمەیی قەوارەی دەستوری هەرێم پێویستە پەنجە بخرێتە سەر‌ ئەو خاڵانەی ئەمریکا وهاوپەیمانانی نیگەران کردووە ، لەوانە یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و کۆکردنەوەی لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، تەنها فەرمان لە فەرماندەی گشتی هێزەکانی پێشمەرگە وەربگرن ، ئەمریکا و هاوپەیمانان چەندین ساڵە ئەم خواستەیان هەیە و بە چڕی کاری لەسەر دەکەن .

ئاشتەوایی ناوەخۆیی نێوان هێز و لایەنە سیاسیەکان ، ئاشتەوایی بەو مانایەی ململانێکان ئەوەندە قوڵ نەبنەوە ئاستەنگ بۆ دامەزراوەکانی هەرێم دروست بکەن ، حزب‌ دەست نەخاتە بینە قاقای دامەزراوەکان و لە جیاتی ئەوان بڕیار نەدات .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP