دواین هەواڵ

بنیاتنانی هاووڵاتی کوردستانی ئەرکی کێیە؟!

‌كاوە محمود

03/08/2021

لە جوغزی سەربەخۆییدا

یەکێک لە ئەرکە هەرە گرنگەکانی هەلومەرجی ئەمڕۆی کوردستان بابەتی بنیاتنانی چەمکی هاووڵاتی کوردستانییە. ئەم ئەرکە ڕووبەڕووی قۆناغی ئەمڕۆی پەرەسەندنی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلی کوردستان وەک پێداویستییەکی بابەتی دەبێتەوە، و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەسەقامگیرکردنی چەمکی نیشتمانی کوردستانییە. واتە هاووڵاتیبوون کوردستانی بناغەی ئەو چەمک و بۆچونەیە کە ئێمە ئەگەر ناسنامەی هەر دەوڵەتێک بەسەرماندا بسەپێنرێت، یان بە ناچاری هەڵیگرین، ئەوا ئەو ناسنامەیە لە بەلگەیک یان پارچە کاغزێکی فەرمی تیناپەرێت و ناسنامەی ئەو دەوڵەتە بە نیسبەت کوردستانیان نابێتە شوناسی نیشتمانی.

کوردستانی بوون شوناسی نیشتمانی ئێمەیە کە نەوە لە دووای نەوە تێکۆشەرانی ئەم گەلە داکۆکییان لێ کردوە و قوربانیان بۆ داوە. بەڵام ئەوی جێگای داخە کە سەڕەڕای ئەو هەستە، واتە هەستی نیشتمانی کوردستانی لە نێو جەماوەری تێکۆشەری گەلەکەماندا کە هەر هەبوو و دەمێنێتەوە، بەڵام کارابوونی ئەو هەستە و کردنی بە هێزیکی کارا و کاریگەری تێکۆشان کە سەرجەم جەماوەری گەلەکەمان لە پێناوی مافی بڕیاڕدانی چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی خۆی ببێتە هێز و توانا و کار و تێکۆشان پێویستی بە درووستکردن و بنیاتنانی چەمکی هاووڵاتی کوردستانی کارا هەیە. هاووڵاتییەک کە هەست بە بەرپرسیاری بەرامبەر تێکڕای بابەت و گرفت و مەسەلە گشتییەکانی کۆمەڵگا بکات و نەڵێ ئەم مەسەلەیە پەیوەندی بە منەوە نییە.

لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا بنیاتنانی ئەم چەمکە بە پلەی یەکەم ڕووبەڕووی دەسەڵات لە کوردستانی باشوردا دەبێتەوە، بێ ئەوەی بەرپرسی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و میدیا و ڕۆشنبیران کە باوەڕیان بەوە هەیە کوردستان نیشتمانە، وەلاوە بنێن.

پێویستە لەم هەلومەرجەدا کە پیلان و مانۆرەکان دژ بە کوردستانی باشور و قەواری هەرێمی کوردستان لە ئارادان، حکومەتی کوردستان فەرمانگەیەکی تایبەت بە ( کاراکردنی بەیەکەوە ژیان و نەریت و بەهای مەدەنی و هاووڵاتی کوردستانی) دابمەزرێنێت، و ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە سەرپەرشتی بکرێت، کە ئەم ئەرکانەی خوارەوە بگرێتە ئەستۆی خۆی:

ـ بنیاتنان و سەقامگیرکردنی چەمکی هاووڵاتی کوردستانی کارا بە پشتبەستن بە بنەماکانی پەروەردەی مەدەنی و حوکمرانی باش، و پاراستنی ئەو بەها و نەریتانەی جەخت لە سەر ئازادی ڕا و بیرو بۆچوون و هزر و عەقیدە، و یەکتر قەبۆڵکردن، وەک چەمک و بیرکردنەوە و پراکتیک، دەکاتەوە.

ـ کارکردن لە سەر بنەمای گرێدانی قایلبوون بە یەکتر و بەیەکەوە ژیانی ئاینی بە چەمکی پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی کوردستانی لە رێگای ماوەنەدان و قەدەغەکردن توندوتیژی و پەراوێزخستن، و بەکەم تەماشاکردنی هەر پێکهاتەیەک یان هەر توێژێکی کۆمەڵایەتی، و گرتنەبەری رێگاکانی بەیەکتر قایلبوون و هاوبەشی لە نیشتمانی و کەلتووری دیالۆگ و ڕۆشنفیکری و عەقلانیەت نێوان سەرجەم پێکهاتە ئاینی و ئاینزاییەکان و کەسانی مەدەنی لە رێگای قوڵکردنەوەو پاراستنی چەمکی مافی یەکسان بۆ گشت هاووڵاتیان.

ـ پێداچوونەوە بە بەرنامەکانی خوێندن بە تایبەتی خوێندنی ئاینی لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندندا بە لەبرچاوگرتنی میتۆدیک کە بەیەکەوە ژیانی ئاینی مسۆگەر بکات، و گوتاری ئاینی لە سەرجەم دەزگا و دامەزراو و شوێنەکانی پەرستن و مەراسیمی ئاینی بە جۆرێک بێت کە سەقامگیری و ئاسایشی کۆمەڵایەتی دابین بکات، و بە هیچ جۆرێک ماوە بە سوکایەتی جەندەری یان بەکەم تەماشاکردنی هەر ئاین و ئاینزایەک، نەدرێت.

ـ گرنگە بایەخ بەو نووسین و بڵاوکراوە و توێژینەوە و کۆڕو کۆبونەوانە بدرێت کە بە ئاراستەی چەمکی بنیاتنانی هاووڵاتی کوردستانی کارا، و پەروەردەی مەدەنی و حوکمرانی باش، کار دەکات.

ـ کارکردن و درووستکردنی تۆڕی هاوبەش نێوان حکومەت و ئەو ڕێکخراوانی کۆمەڵگای مەدەنی کە لە بواری چەمکی هاووڵاتی کوردستانی و نەریت و بەهای مەدەنی و بنەماکانی حوکمرانی باش کار دەکەن.

ـ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان حکومەت و دەزگاکانی میدیا و ڕۆژنامەگەری لە رێگای جێبەجێکردنی یاسای شەفافیەت و پێدانی زانیاری، و پشتگیرکردنی ئەو دەزگایانەی ڕاگەیاندن کە لە بەرنامەکانیاندا نەریتی مەدەنی و شارستانی و یەکسانی جەندەری بڵاو دەکەنەوە، و کار بۆ چەمکی هاووڵاتی کوردستانی دەکەن.

جگە لە ئاماژەکردن بەو خالانەی سەرەوە کە دەکرێ وەک میکانیزمێکی پراکتیکی کار بۆ بنیاتنانی چەمکی هاووڵاتی کوردستانی بکرێت، گرنگە هاوکات لە گەڵ دانانی میکانیزم و ئامانجی جێبەجێکردنی، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداچوونەوەیکی قوڵ بە سەرجەم ئەو هەنگاوانە و سیاسەتانە بکات کە دەبێتە کۆسپ و تەگەرە لە بەردەم بنیاتنانی چەمکی هاووڵاتی کوردستانی.

ئەو کۆسپ و تەگەرانەش بریتین لە سەرجەم ئەو ڕەوشە ئابووری و سیاسییەی کە تاکی کوردستانی بێزار کردوە، و لە سەرووی هەمووویانەوە نەبوونی سەقامگیری سیاسی ناوخۆیی کوردستانی کە خۆی لە نەبوون یان لاوازی دامەزراوەکان، و چەمکی دەوڵەتی قانون، و ئیحتکارکردنی بازاڕ، و گرفتی موچە، و قەیرانی ئابووری، و بنبڕنەکردنی گەندەڵی... هتد، دەبینێتەوە.

بۆیە ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نیازێکی باشەوە بیەوێت کار بۆ بنیاتنانی چەمکی هاووڵاتی کوردستانی بکات، ئەوا تەنها دانانی میکانیزم و بۆرد و فەرمانگە بۆ ئەم مەبەستە بەس نییە، و گرنگە هاوکات لە گەڵ ئەو هانگاوەشدا دەسەڵات پێداچونەوەیکی قۆڵ و ڕەخنەگرانە بۆ سیاسەتەکانی خۆی لە سەرجەم بوارەکاندا بکات، و بە ئامادەیی بۆ ڕەخنە لە خۆگرتن و گۆڕانگاری لە سیاسەتەکان، متمانە لە نێوان خەڵک و دەسەڵات درووست دەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP