دواین هەواڵ

عێراق‌

 16 کاتژمێر پێش ئێستا

سودانی داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی سەربازیی ئیسلامی ده‌كات

هەرێم نیوز 

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئه‌مڕۆ یەکشەممە داوای پێکهێنانی "هاوپەیمانییەکی سەربازیی ئیسلامی" کرد بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل له‌ناوچه‌كه‌دا.

محەمەد شیاع سودانی له‌ لێدوانێكدا بۆ کەناڵی جەزیرەی قەتەری ڕایگەیاندوە، دەستدرێژی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر ڕوداوێکی شۆککەر و پێشێلکردنی سەرجەم یاسا و نۆرمەکانی نێودەوڵەتییە، ناوبراو پێیوایه‌ "دەستدرێژیی ئیسرائیل سەرپێچییە بۆ سەر وڵاتێکی خوشک و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی هەمو وڵاتانی ناوچەکە، هەروەها ڕێبازی شەڕانگێزی حکومەتی تاوانکاری ئیسرائیل پشتڕاست دەکاتەوە".

ئه‌و لێدوانه‌ی سودانی هاوکاته‌ لەگەڵ پێشبینییەکان کە "ناتۆی عەرەبی" کە نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن میسرەوە پێشنیارکرابو، لە میانی کۆبونەوەی بەپەلەی عەرەبی و ئیسلامی لە ده‌وححە سبەی دووشەممە جارێكی دیكه‌ ده‌خرێته‌وه‌به‌ر باس.

سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای "راگەیاندنی هاوپەیمانییەکی سیاسی، ئەمنی و ئابوری وڵاتانی ئیسلامی" کرد و ئاماژەی بەوەدا کە "هیچ شتێک نییە ڕێگری لە وڵاتانی ئیسلامی بکات هاوپەیمانییەک لە شێوەی هێزێکی هاوبەشی بەرگریی ئەمنی پێکبهێنن".

جەختیشی لەوەکردەوە کە "وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی چەندین هۆكاریان هەیە کە دەتوانرێت هاوپه‌یمانییه‌ك پێكبهێنرێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دەستدرێژی ئیسرائیل، چونكه‌ ده‌ستدرێژیه‌كه‌ لە قەتەر ناوەستێت، حکومەتی ئیسرائیل هەمو شتێکی بە کەم سەیر کردوە و ئەوەی زیاتر لە دو ساڵە لە غەززە ڕودەدات کوشتنی سیستماتیکە".

هەروەها ڕۆژی شەممە، 13ی 9ی 2025، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، هۆشداری دایە وڵاتانی ئیسلامی و داوای لێکردن لە بەرامبەر ئیسرائیل ناوەندی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان پێکبهێنن.
 
عەلی لاریجانی وتیشی: "بۆ موسڵمانە برسی و ستەملێکراوەکانی فەلەستین هیچتان نەکرد، لانیکەم بۆ ئەوەی رێگری لە لەنێوبردنی خۆتان بکەن، بڕیارێکی بچووک بدەن."
 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP