هەرێم نیوز
رۆژنامەی "زە ناشناڵ" لە راپۆرتێكدا بە ناونیشانی " کوردەکانی سوریا هەژمونیان بەدەستدەهێنەوە دوای شكستهێنانی هەوڵەكانی شەرع بۆ كۆنتڕۆڵكردنیان" بڵاوکردەووتەوەو تیادە دەڵێت:هەوڵەکانی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا، بۆ چەسپاندنی کۆنترۆڵی حکومەتی ناوەندی دووچاری نشوستی بووە، لەكاتێكدا هێزەکانی سوریای دیموکرات پێگەکانی خۆیان لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بەهێزتر دەکەن.
لە راپۆرتەکەی زە ناشناڵدا هاتوە، کوردەكان شەش مانگ لەمەوبەر لەژێر فشاری ئەمەریکادا لەگەڵ دیمەشق گەیشتنە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە زیاتر لە دە ساڵەی ئۆتۆنۆمی دیفاکتۆ لە ڕۆژهەڵاتی دەوڵەمەند بە سەرچاوەکان.
رێککەوتنەکە لەکاتێکدا بوو ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، مەیلی بەرەو جێگیرکردنی بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە سوریادا بوو، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەكانی نزیکبوونەوە لەگەڵ ئەنكەرە، كە تۆماس باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی لە سوریا سەرۆکایەتی دەكرد.
رۆژنامەکە لە زاری دیپلۆماتکارێکی رۆژئاواییەوە رایگەیاندووە: واشنتۆن نەیدەویست حکومەتێکی ناوەندێکی لاواز لە سوریای نوێدا ببینێت، چونکە ناتوانێت روبەڕوی داعش ببێتەوە، ئەوەش پێویستی بە کۆتاییهێنان بە دابەشبوونە ناوخۆییەکان هەیە.
بەڵام هەنگاوەكانی دیمەشق لە دوای رێککەوتنەکەی (١٠)ی ئازارەوە، بەتایبەت دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکان دوای ئەوەی لە سوەیدا شەڕو پێکدادانێکی خوێناوی لە نێوان چەکدارانی دروزو هۆزەکانی بەدەویدا سەریهەڵدا، لە چەند هەفتەی رابردوودا تەرازوی تا رادەیەک لە بەرژەوەندی کورددا وەرچەرخاند.
رۆژنامەکە رونیشیکردووەتەوە: شكستهێنان لە چارەسەرکردنی دۆسییەی كورد، کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی دەرەوەی سوریاش هەبووە، بەتایبەتی لەگەڵ ئەمەریکا، کە لە مانگی رابردووەوە نەرمترە لەبارەی بیرۆکەی نا ناوەندێتی.
راپۆرتەکە پێیوایە دەستخستنی بودجە بۆ ئاوەدانکردنەوەی سوريا بەبێ پاڵپشتی ئەمریکا نیمچە مەحاڵ دەبێت، لەکاتێکدا واشنتۆن نزیکەی دوو هەزار سەربازی لە سوریا هەیە، کە زۆربەیان لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتدان، کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کۆنترۆڵکراون.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی کوردی، ئەو دیدارانەی کە باراک مانگی رابردوو لە دیمەشق لە نێوان ئیلهام ئەحمەد، سەرکردەیەکی نزیک لە هێزەکانی پارتی سوریای دیموكرات و ئەسعەد شییبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا رێکخرابوو، توندی هەڵوێستی دیمەشقیان دەرخستووە.
ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاندووە: شەیبانی ئامادە نەبوو تاوتوێی هیچ پرسێک بکات جگە لە هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات، هەرچەندە رێککەوتنەکە بڕگەی دیکەی لەخۆگرتبوو، وەک دەستەبەرکردنی مافی دانیشتوانی رۆژهەڵات.
لە ئاماژەیەکی سەرنجڕاكێشدا ، فەرماندەی نوێی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، ئەدمیراڵ براد کوپەر، هەفتەی رابردوو لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموکرات لە ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆبووەوە، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ تۆمباركردنی یەكتری لە نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات سەبارەت بە هێرشەكان بۆ سەر یەكتر لە بەرەکانی پێشەوەی نزیک فورات.
لەم دواییانەدا ئیدارەی خۆسەر لە رۆژهەڵات، رێککەوتنەکانی لەگەڵ دیمەشق سەبارەت بە تێكەڵكردنی بەشێک لە پرۆگرامەكانی خوێندنی حکومەتی هەڵوەشاندەوە، لە هەنگاوێکدا کە رەنگدانەوەی گەشەكردنی زیاتری متمانە بەخۆبوونە.
هۆشەنگ ئەوسی، نوسەری کوردى، دەڵێت: شەرع بە دوای ئەوەدایە پەیوەندییەکی نزیکتر لەگەڵ چین و روسیا دروستبکات بۆ قەرەبوکردنەوەی هەر پاشەكشێیەكی پاڵپشتی ئەمریکا.
ئاماژە بەوە دەکات: ئەو تێڕوانینە گوڵاوییەی کە ئەنكەرە رەواجی پێدەدا بەوەی واشنتۆنی رازی کردووە پشتیوانی دیمەشق بکات، بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت، سەرەڕای ئەوەی تائێستا توركيا دیارترین یاریزانە لە گۆڕەپانی سوریادا.