دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

مەریوان قەرەنی: عێراق لەژێر ڕەحمەتی هێرشی ئیسرائیلدایە

هەرێم نیوز

مەریوان قەرەنی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مەترسییە هەنووكەییەكانی سەر عێراق ئاشكرا دەكات و ئەوەش ڕوون دەكاتەوە كە بۆچی عێراق كەوتووەتە ژێر ڕەحمی هێرشی ئیسرائیل.

مەریوان قەرەنی لە نوینێکیدا لە تۆری کۆمەلایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە، "ساڵانێكە ئەوانەی كە خەمی ئەم وڵاتەیانە و خەون بە وەدیهاتنی دەوڵەتێكی دیموكراسیی خاوەن پێگەیەكی ڕێزدارانەی نێودەوڵەتییان دەبینن، داوا دەكەن عێراق تێكەڵ بە ململانێ هەرێمییەكان نەكرێت و نەكرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی ئەم و ئەوی دراوسێ، كەچی بەداخەوە میلیشیاكان، لەپێناو گەرەنتیكردنی بەرژەوەندیی خۆیان، هەرچی لە دەستیان هات درێغییان نەكرد. كەمینەیەكی دەسەڵاتدار لە عێراق، میلیشیاكانیان وەك چەكێك بۆ دەیان جۆرە شەڕ بەكار هێنا، لە ڕێگەی میلیشیاكانەوە شەڕیان دژی پێكهاتەكانی ناوخۆی عێراق كرد، كورد و كریستیانەكان و عەرەبی سوننە و گەنجانی شۆڕشگێڕی تشرین و تەنانەت بەشێكی عەرەبە شیعەكانیش لە شەڕی میلیشیاكان پارێزراو نەبوون. هەروەها ئەو میلیشیایانە تێكەڵی ململانێی ئیقلیمی كران و بردران لە سووریا شەڕیان پێ كرا! لە ناوخۆی عێراقەوە بەكارهێندران بۆ مووشەكهاوێشتن و درۆنهەڵدان بۆ ناوخۆی عێراق و بۆ شوێنانی دیكەش، لەوانە ئیسرائیل. جۆرەها قاچاخچێتیی نایاساییان پێ كرا و نەوتی قەدەغەكراوی وڵاتانیان بە ناوی نەوتی عێراق فرۆشت! لەگەڵ دەیان خراپكاریی دیكە".

دەشڵێت: ئێستا ئیدی خەریكە سەرئەنجامی ئەو كارانە دەردەكەوێت، وردەوردە كاردانەوەكان روونتر دەردەكەون، بەم جۆرە:

1- ئەمەریكا هێزەكانی خۆی لە عێراقەوە دەكشێنێتەوە و گۆڕەپانی عێراق بە تەواوی چۆڵ دەكات و سەرنجی سەربازیی خۆی دەخاتە سەر هەولێر و هەرێمی كوردستان.

2- كۆنگرێسی ئەمەریكی ئەو فەرمانی سەرپشككردنی سەرۆكی ئەمەریكایەی كە لە ٢٠٠٢ بۆ راگەیاندنی شەڕ لە عێراق دەریكردبوو، هەڵیوەشاندووەتەوە تاوەكوو چیتر ئەمەریكا تێكەڵی شەڕی عێراق نەبێت.

3- ⁠ئەمەریكا گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل هەڵكردووە، ئیدی لەجیاتی ئەوەی ئەمەریكا هێرش بكاتە سەر میلیشیاكان، ئەگەر هەیە ئیسرائیل هێرشەكە بكات و بەرەیەكی شەڕ لە عێراق بكاتەوە.

4- ئیسرائیل بە چەند قۆناغێك شەڕی لە دژی گرووپەكانی نەیاری خۆی كرد، قۆناغی یەكەم لە غەززە، پاشان لە بەرامبەر حزبوڵای لوبنان، دواتر رژێمی ئەسەد رووخێندرا، پاشان حوسییەكانی یەمەن، ئیدی هەموو ئەگەرەكان پێمان دەڵێن نۆرەی عێراقە!

ئاماژەی بەوەش داوە: "بەداخەوە لە بەرامبەر زیادبوونی ئەو هەڕەشانە، حكوومەتی فیدرالیی عێراق دەستەوەستانە و هەنگاوی كرداری نانێت بۆ رزگاركردنی عێراق لەو مەترسییەی كە رووبەڕووی بووەتەوە، چونكە ئەگەر هەنگاوی كرداری بنێت، دەبێ داخوازیی ئەمەریكا جێبەجێ بكات كە داوای كردووە میلیشیاكان هەڵبوەشێندرێنەوە، بۆیە بەبێ جێبەجێكردنی ئەو داخوازییەی ئەمەریكا، هەر كارێكی دیكە بكرێت، تەنانەت بە ئازادكردنی خانمەتوێژەرە ئیسرائیلییەكەشەوە، هیچ گرنگییەكی نییە و نابێتە هۆی نەهێشتنی مەترسی لەسەر عێراق."

ئەوەشی خستۆتەڕوو "پێویستە حكوومەتی فیدراڵی ئەوە بزانێت كە عێراق لەژێر ڕەحمەتی هێرشی ئیسرائیلدایە، ئەگەر هەنگاوی بەپەلە نەنێت بۆ دوورخستنەوەی ئەو مەترسییە، دەبێ لانی كەم هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بكات ئاخۆ ئەگەر ئیسرائیل هێرشی كرد، عێراق دەتوانێت چی بكات؟ ئایا بەو چەند درۆن و مووشەكە نایاساییەی میلیشیاكان لێرە و لەوێ بۆ هێرشكردنە سەر ئەم و ئەو بەكاری دەهێنن، دەتوانن ڕووبەڕووی دەوڵەتێكی بەهێزی وەك ئیسرائیل ببنەوە؟ ئایا ئەگەر شەڕێكی وا ڕووبدات، شەڕی هەموو عێراقییەكان دەبێت یان تەنیا شەڕی كەمینەیەكی نێو پێكهاتەی عەرەبی شیعە لە عێراق دژی ئیسرائیل؟ چونكە هیچ پێكهاتەیەكی تر و تەنانەت بەشێكی پێكهاتەی عەرەبی شیعەش لەگەڵ ئەو جۆرە شەڕانەدا نین كە ئەنجامەكەی هەر لە سەرەتاوە دیارە." 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP