دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 3 هەفتە

مانگی ئەیلوول مانگی پرۆژە بارانکردنى هەرێمى کوردستان

هەرێم نیوز

چوار ساڵی رابردوو دانانى بەردی بناغەى پرۆژە ستراتیژییەکان بوو لە هەرێمى کوردستان، بۆ چوار ساڵی داهاتووش بەرهەمەکەى بەتەواوەتى هەست پێدەکرێت و مەسرور بارزانى پرۆژەکانى تەواودەکات، پرۆژەکانی مانگی ئەیلوول نموونەیەکى بچوککراوەى پرۆژە ستراتیژییەکانى کابینەى نۆو
سەرۆکوەزیرانەکەیەتى.

یەکەم: چارەسەرکردنى کەمئاویی هەولێرو چەند ناوچەیەکی دیکە

ماوەیەکە میدیا عێراقییەکان کار لەسەر ئەوە دەکەن ئاوى ژێر زەویی هەولێر تا 700 مەتر چووەتە خوارەوە، وەک ئەوەى نوقڵانەى وشکەساڵی و بێئاویی لێبدەن، لەناوخۆی کوردستانیش وادەزانرا بە ناردنى چەند تانکەرە ئاوێک کێشەکە چارەسەر دەکرێت، بەڵام پرۆژەى ئاوى هەولێر لە رۆژى 8 ـى ئەیلوولدا مژدەى دایە هەولێرییەکان کە چارەسەرى ئاوى هەولێر تا 30 ساڵى دیکە کراوە، دانانى بەردی بناغەى پرۆژەى ستراتیژى هەولێر بە گوژمەى 480 ملیۆن دۆلار و هەشت رۆژ دواتریش بە کردنەوەى پرۆژەى بەنداوى دوین بە گوژمەى 88 ملیار دینار، بوونەتە جێگەى دڵخۆشى هاووڵاتیان و لەو رێگەیەوە دەیان بیرى ئاوى هەولێرییەکان چیتر کاریان پێناکرێت و کێشەى کەمئاویی چارەسەر دەکات، وەک سەرۆکوەزیرانیش رایگەیاند، دوین دەبێتە گەورەترین شوێنى گەشتیاریی، هەر لە بوارى ئاودا پرۆژەى ئاوى قوشتەپە کە لە لایەن سەرۆکوەزیرانەوە بەردی بناغەى دانراوە بۆ ماوەى 20 ساڵ کێشەى ئاوى قوشتەپە و دەوروپشتتى چارەسەر دەکات.

دووەم: دروستکردنى چەندین باخچەو قوتابخانە

لەبوارى بونیادنانى قوتابخانەشدا لە سنوورى ئیدارەى سەربەخۆی سۆران سەرۆکوەزیران بەردی بناغەى 28 قوتابخانەوە باخچەى داناوە لە سنووری پارێزگای هەولێریش بەردی بناغەى 15 قوتابخانەى دیکەى دانا، بەمەش کێشەى خوێندنى بەشێکی زۆر لە قوتابییانى ئەو سنوورانە چارەسەر دەبن.

سێیەم: گەورەترین نەخۆشخانەى شێرپەنجە لە هەولێردەکرێتەوە

وەک هەمووانیش دەزانن کێشەى نەخۆشى شێرپەنجە لە هەرێمى کوردستان کێشەیەکی گەورەیە و تەنانەت لە ناوەڕاست و باشوور و بگرە رۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە نەخۆشى شێرپەنجە سەردانى هەرێمى کوردستان دەکەن، بەڵام بچووکی نەخۆشخانەکانى نانەکەلی لە هەولێر و هیوا لە سلێمانى وایکرد لە سەرۆکوەزیران ستراتیژیانەتر لە دۆخەکە بڕوانێت و لە ناوەڕاستى مانگی ئەیلوولدا بەردى بناغەى نەخۆشخانەیەکى پێنج نهۆمی تایبەت بە شێرپەنجە لە هەولێر دابنێت کە وێڕای دابینکردنى پێداویستییەکانى شوێنى مانەوەى 150 نەخۆشى شێرپەنجە دەبێتەوە کە ئەم نەخۆشخانەیە لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان دەبێتە گەورەترین نەخۆشخانەى تایبەت بە شێرپەنجە.

چوارەم: وێڕاى نۆژەنکردنەوە، قەرەبووى زیانلێکەوتووانى بازاڕی قەیسەریی دەکاتەوە

ماوەیەکیش بوو لە لایەن هەندێک کەس و نەیارى هەرێمى کوردستانەوە بە دەست ئەنقەست و هەندێکجاریش بە هۆی شۆرتى کارەباوە ئاگر لە هەولێرى پایتەخت دەکەوتنەوە، وێرای ئەوەى لە رووى ئەمنییەوە تاوانباران دەستگیرکران، بەڵام هاووڵاتییان زیانى گەورەیان بەرکەوت، کاتێکیش سەرۆکوەزیران سەردانى بازاڕی قەیسەریی هەولێری کردو چووە نێو کاسبکارانەوە پەیمانی ئەوەى پێدان کە بەگوێرەى زیانەکانیان قەرەبوو دەکرێنەوە، هەر بۆیە لەماوەیەکی کەمدا لە دووملیۆن دینارەوە تا 20 ملیۆن دینار قەرەبوو کرانەوە.

دیدگاى ستراتیژی و دوربینى سەرۆک وەزیران

ئەمە مشتێک بوو لە خەرواری ئەم مانگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، کە هەموو پرۆژەکان ستراتیژیی و دوربینانەن، ئەوەش دەرخەری ئەو راستییەن کە دیدگاى سەرۆکوەزیران و پارتەکەى دیدگایەکی داهاتوو بینایە، چاویان لە دەستکەوتێکى کاتی تیژتێپەڕ و خەڵەتێنەر نییە، هەربۆیە دەبێت چاوەڕوانى ئەوەش بکەین کە لە چوار ساڵی داهاتووى سەرۆکایەتى مەسرور بارزانیدا پرۆژە ستراتیژییەکان لە لایەک زیاتر دەبن و لە لایەکی تریشەوە بەشێکیان دەچنە بوارى سودلێبینینەوە.

ئەو لە زۆر بۆنەى جیاوازدا دەیگوت دیدگاى ئێمە تەنها بۆ دابینکردنى مووچە نییە و دەبێت پرۆژەکان نەوەستن .



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP