دواین هەواڵ

کوردستان‌

 20/11/2023

فوئاد حسێن: داوای ئاگربەستێکی درێژمەودا دەکەین لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا

هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، "ئێمە داوای ئاگربەستێکی درێژمەودا دەکەین، نەک ئاگربەستێکی کاتیی کورت مەودا. دەشڵێت:  سیاسەتی حکومەتی عێراق لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بووە بۆ فەڵەستینییەکان. 

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لەکاتی پێشکەشکردنی وتارێک لە چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023)، لە زانکۆی ئەمەریکی – دهۆک، رایگەیاند، "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام رووی لەوەیە ناکۆکی لە ناوچەکە هەبێت".

وتیشی: "عێراق لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەیدا و هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتان داوایکردووە شەڕ لە غەززە بوەستێت و رێڕەوی مرۆیی بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ خەڵکی غەززە بکرێتەوە. عێراق بەردەوام هاوکاریی مرۆیی بۆ غەززە ناردووە".

ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە داوای ئاگربەستێکی درێژمەودا دەکەین، نەک ئاگربەستێکی کاتیی کورت مەودا. سیاسەتی حکومەتی عێراق لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بووە بۆ فەڵەستینییەکان. ئێمە هەروەها داوای دووبارە بونیاتنانەوەی غەززە و کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ خەڵکی ئەو شارەمان کردووە".

جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "عێراق داوای ئاشتی یەکجارەکی و جێگیر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، چونکە بە درێژایی مێژوو شەڕ و ناکۆکییەکان لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نەبوون".

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023)، لە زانکۆی ئەمەریکی – دهۆک بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی، لێکۆڵەر، توێژەر، ئەکادیمیی ناسراوی هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا و باکووری ئەمەریکا دەستپیپێکرد.
لە سەرەتای کۆڕبەندەکە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی بۆردی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، وتاری بەخێرهاتن پێشکەش دەکات.

لە رۆژی یەکەمی کۆڕبەندەکەدا پێنج پانێل بە بەشداریی ژمارەیەک کەسایەتی سیاسیی و توێژەر و ئەکادیمی بەڕێوەدەچن.

پانێلی یەکەم لەژێر ناونیشانی "چارەنووسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشە بەردەوامەکان" دەبێت و هەر یەک لە هوشیار زێباری، جۆن جێنکیس، د. کریستین، د. عەبدوڵڵا بەعبوود و د. بەدر سەیف وەک قسەکەر بەشداری دەکەن و پانێلەکە لەلایەن پیۆتر زالێڤسکی رۆژنامەنووس لە رۆژنامەی ئیکۆنۆمیست بەڕێوەدەبرێت.

پانێلی دووەم لە ژێر ناونیشانی "دەستپێکێکی نوێ: پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و داهاتووی عێراق" دەبێت و لەلایەن پ. نرێند ئۆلیری بەڕێوەدەبرێت، قسەکەرەکانی پانێل بریتین لە قوباد تاڵەبانی، جینین هێنیس پلاسخارت، قاسم ئەعرەجی، کۆلۆنێل جوێل رایبورن و د. عادل باخەوان.
پانێلی سێیەم بۆریس جۆنسن سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا وەک قسەکەر بەشدار دەبێت و پانێلەکە لەلایەن د. رەنج عەلائەدین بەڕێوەدەبرێت.
لە پانێلی چوارەم، کە لەلایەن د. جێمی ئینگرام بەڕێوەدەبرێت، هەر یەک لە لۆرد فرانسیس مۆد، د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، عەندنان موفتی، د. عەلی عەسیری، د. ئاکیتۆ یۆشیۆکا وەک قسەکە بەشدار دەبن.

لە پانێلی پێنجەمی یەکەم رۆژی دیداری مێپس نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان میوان دەبێت و باس لە رەوشی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP