دواین هەواڵ

کوردستان‌

 08/12/2022

شاخەوان عەبدوڵا: بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزاری جووتیارانی کورد کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەنجامدەدەین

هەرێم نیوز

شاخەوان عەبدوڵا رایگەیاند، لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزاری جووتیارانی کورد لە کەرکووک و لەو چوارچێوەیەشدا "دووشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوەمان دەبێت".

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێستا لە بەرنامەی حکومەتیشدا بابەتی چارەسەرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان و دانانی پرۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی حیزبی بەعس بووەتە یەکێک لەو بڕگانەی لە پەرلەمان دەنگی لەسەردراوە لە کاتێکدا پێشتر بۆ ئەو بابەتە تەنیا پشت بە مادەی 140 دەبەسترا.

دەشڵێت، تاوەکو ئێستا "بە فشار نەمانهێشتووە ستەم لە جووتیارەکانمان بکرێت" و لە هەر شوێنێکیش سوپا پشتگیریی (عەرەبە) هاوردەکان بکات، "دەستوەردانمان کردووە و رامانگرتووە."

ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە دوایین کۆبوونەوەدا هەنگاوی باشمان نا و رۆژی دووشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوەمان دەبێت لەسەر ئەم بابەتە." 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "هەیکەلی نوێی مادەی 140 سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە و لە بودجەی ساڵی 2023 پارەی بۆ تەرخان دەکرێت، چونکە خەڵکێکی زۆرمان لە موسڵ و خانەقین و کەرکووک ماون قەرەبوو بکرێنەوە."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP