هەرێم نیوز
نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی تایبەت بە کۆرۆنا لە سلێمانى لە لایەن وڵاتى ئەڵمانیاوە کرایەوە، کە 30 قەرەوێڵەی تایبەتە بە چاودێری ورد.
لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبوونی سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی تایبەت بە کۆرۆنا کرایەوە، کە خەرجییەکەی لە چوارچێوەی ئەو 24 ملیۆن یۆرۆیەدا بووە، کە ئەڵمانیا بۆ درووستکردنی چەند نەخۆشخانەیەک لە سلێمانی، بەغدا، موسڵ و بەسرا لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا دابینیکردووە.
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی ئەڵمانیای کرد و رایگەیاند، هەڵدەدەن پێداویستییە مرۆییەکانی نەخۆشخانەکە دابینبکەن و سوودی لێببینن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان.
کردنەوەی ئەو نەخۆشخانەیە لە کاتێکدایە، ژمارەی تووشبوان بە کۆرۆنا جارێکی دیکە لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە و وەزیری تەندروستیش دەڵێت "شەپۆلی پێنجەمی کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە و پێویستە هاووڵاتیان پابەندی خۆپارێزییەکان ببن".
هەروەها، سەباح هەورامی، بەڕێوەبەرت گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، نەخۆشخانەکە ئاستێکی بەرزی هەیە و بەشەکانی، چاودێری ورد، تاقیگە، قاوش، سۆنەر، تیشک و ستی سکان لەخۆدەگرێت.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی کۆرناوە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی، نزیکەی 460 هەزار هاووڵاتی تووشی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش زیاتر لە حەوت هەزار و 400 کەسیان، بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە.