دواین هەواڵ

کێن ئەوانەی هەژماری من ڕەت دەکەنەوە؟

‌کوردۆ شێرکۆ

پێش 4 هەفتە

هەژماری من پڕۆژەیەکی ستراتیژی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە دەست پێشخەری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕێزدار (مەسرور بارزانی)، کە ماوەی ساڵێکە دەستی پێکردوە ئامانج لێی بە مۆدێرن کردنی کەرتی بانکی و گەشەی ئابوریە لە هەرێمی کوردستان، هەروەها بۆ بەسەردەمیانە کردن و ڕێکخستنی شێوازی وەرگرتنی مووچە بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی ئامانجیەتی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکاتەوە تاکو کۆتای بەو ڕێگا کلاسیکیە دێنێت کە پێشتر دەگیرایەبەر بۆ دابەش کردنی موچەی فەرمانبەران.
پرۆژەی هەژماری من لە ڕێگای ئەو بانکە ئەهلیانەوە جێبەجێ دەکرێت کە لەلایەن گەنجینەی ئەمەریکا و بانکی ناوەندی عێراق ناسراو و باوەڕپێکراون وە ڕەزامەندی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بانکی ناوەندیان هەیە، ئەو بانکانەش بریتین لە بانکەکانی(RT BANK و Banke Cihan و بانکی ئیسلامی عێراق و بانکی ئەهلی عێراقی و بانکی BBAC) چەندین بانکی دیکە کە لە داهاتوودا بەژداری پڕۆژەی هەژماری من دەکەن، لە ئێستادا نزیکەی (٢٥٠،٠٠٠) هەزار فەرمانبەر لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمارکراون وا بڕیارە تاکو کۆتای ساڵی ٢٠٢٤ تەواوی موچە خۆران لە هەژماری من تۆمار بکرێن و ببنە خاوەنی کارتی بانکی خۆیان.

سوودەکانی پڕۆژەی هەژماری من:

١ـ بە ئەلکترۆنیکردنی پارەدان بۆ نزیکەی ١ ملیۆن فەرمانبەر فەراهەم دەکات.
٢ـ پشت بەستن بە پارەی کاش کەم دەکاتەوە و کارایی حکومەت و شەفافیەت زیاتر دەکات.
٣ـ پڕۆژەی هەژماری من ئاسانکاری دەکات بۆ بەژداربوانی بۆ دەست ڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکیە مۆدێرنەکانی وەک (وەرگرتنی قەرز، پاشەکەوت کردن، پارەدانی دیجیتاڵی).
٤ـ پێدانی موچەی فەرمانبەران بەشێوەیەکی ڕێک و پێک و لەکاتی خۆیدا بێ دواکەوتن.
٥ـ بەکارهێنەران توانای دەست ڕاگەیشتنیان بە پارە دەبێت لە هەرکات و شوێنێکدا، بەبەکارهێنانی بانکی مۆبایل بەبێ سەردانیکردنی لقەکان.
٦ـ دەست گەیشتن بە خزمەتگوزارییە دارایی و بانکیەکان لەکاتی پێویستدا.
٧- بەکارهێنەران لەکاتی حەواڵەی نێودەوڵەتیدا بەبێ ئەوەی پێویست بە سەردانیکردنی نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوبکات دەتوانن سودمەند بن.
٨ـ دەست کەوتنی داهاتی زیاتر لە دانانی پارەی نەختینەی ناکارا لە پاشەکەوتدا.
٩ـ توانای حەواڵە لە نێوان هەژمارە جیاوازەکان لە ڕێگەی مۆبایلەوە.
١٠ـ پارەدان بۆ کاڵاو خزمەتگوزاریەکان بە شێوەی ئۆنلاین بە بەکارهێنانی کارتی بانکی.
١١ـ کاری پارەدانی ئەلکترۆنی بو هاوڵاتیان و فەرمانبەران ئاسان دەکات.
١٢- ئاستی ڕۆشنبیری دارایی و تێگەیشتن لە گرنگی سیستەمی دارایی لای هاوڵاتیان و فەرمانبەران بەرزتر دەکاتەوە.
١٣ـ بەژداربوان دەتوانن بە بڕی تەنها (٢٥٠٠) دینار بۆ یەک مانگ سودمەند بن لە وەرگرتنی موچە و ١٩ خزمەتگوزاری دیکە.
١٤ـ ڕێگری دەکات لە دوو مووچەی.

ئەو پرسیارانەی کە لای هاوڵاتیان بەگشتی و موچە خۆران بە تایبەتی دروست بووە سەبارەت بە پڕۆژەی هەژماری من.

پ/ ئایا لە هەژماری مندا دەتوانیت تەواوی موچەکەت ڕابکێشیت؟

وەڵام: 

حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوبەرانی پڕۆژەی هەژماری من ئەو بابەتەیان ڕوون کردۆتەوە کە لە هەژماری من دا  هیچ بەربەست و سنورێک نیە لە بەرامبەر ڕاکێشانی تەواوی موچە، فەرمانبەران مافی خۆیانە و ئازادن لە هەرکات و شوێنێک دەتوانن تەواوی مووچەکانیان ڕابکێشن.

پ/ ئایا حکومەت دەتوانێت پارەی قەرز و باجی هاوڵاتیان لە هەژماری من دەربهێنێت؟

ووڵام: نەخێر

هەژماری من مافێکی کەسیە هیچ کەس و حکومەتێک دەسەڵاتی دەستبردنی بۆ حساب بانکی نیە.

کێن ئەوانەی هەژماری من ڕەت دەکەنەوە؟

یەکەم: پارتێکی سیاسی کە بەژدارێکی سەرەکیە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو پارتە سیاسیەی کە باڵادەستە لە زۆنی سەوز و لەپشت هەموو بڕیارەکانی دادگای فیدڕالیەوەیە  کە دژ بە هەرێمی کوردستان دەریکردون،بە هاوکاری وڵاتێکی هەرێمی و هێزە پرۆکسیەکانی لە عێراق، هەموو ئامانجێکی ئەم پارتە سیاسیە نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەستنەوەیەتی بە عێراقەوە وەک پارێزگایەک، دوای بریاری دادگای فیدڕالی عێراق لە ٢١ شوباتی ٢٠٢٤ سەبارەت بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و تەوطين کردنی مووچە لە ڕێگەی بانکە فیدرالیەکانەوە کەوتۆتە چەواشەکردنی ڕای گشتی لە ڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیاوە کە هەژماری من پڕۆژەیەکی حزبیە و موچە خۆران زەرەر مەند دەبن تەوطین کردن باشترە و ڕێگری دەکەن لە نەهێشتنی کردنەوەی هەژماری من لە سنووری زۆنی سەوز لە کاتێکدا حساب بانکی لە بانکە حکومیەکانی(ڕەشید و ڕافیدەین) لە عێراق تەنها بۆ مووچەیە و تێچوەکەشی زیاترە لە چاو هەژماری من کە ئەمەش زیان بە ئابووری فەرمانبەران دەگەیەنێت.

دووەم: پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان ئەم بابەتەیان قۆستۆتەوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و ڕای گشتیان پێ چەواشەکردوە، ئەم لایەنانە هەموو کارێکی حکومەت بە خراپ دەبینن و ئامادەن هەموو دەست کەوتە نەتەوەیەکان و قەوارەی هەرێمی کوردستانیش بفرۆشن بەس تاکو لە هەڵبژاردنەکان دەنگی هاوڵاتیان و ڕەزامەندی دوژمنانی گەلی کوردستان بەدەست بهێنن.

سێیەم: بەشێکی هاوڵاتیان کە لە نەبوونی زانیاری و تێنەگەیشتنیان لە پڕۆژەی هەژماری من کەوتنە ژێر کاریگەری لایەنە دژبەرەکانی حکومەتی هەرێم و ئەو بۆچوونە هەڵەیەیان لا دروست بووە کە هەژماری من پڕۆژەیەکی کەرتی تایبەتە و بۆ قازانجی کەسی بەکاردەهێندرێت وە ئەو تێگەیشتنەیان لا دروست کراوە کە ڕەنگە ڕۆژێک هەژمارەکانیان دابخرێت و پارەکانیان ببردرێت، کە ئەمەش بۆچوونێکی هەڵەیە و دورە لە ڕاستیەوە.

پڕۆژەی هەژماری من پڕۆژەیەکی نیشتمانیە پڕۆژەی هیچ کەس و لایەنێکی سیاسی نیە، ئەم پڕۆژەیە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، پێویستە هاوڵاتیان وشیار بن و نەکەونە ژێر کاریگەری هیچ کەس و لایەنێک کە بیانەوێت بەکاریان بهێنن بۆ مەرامی تایبەتی و بانگەشەی هەڵبژاردن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP