دواین هەواڵ

شەر بە کاتی رێکەوتن

‌فەرەیدوون پەروازە

پێش 3 هەفتە

شەری بەرتەسک لە دنیای ئیمرۆدا وەک نەریتێکی باو لە ئاستی نێو دەوڵەتییدا سەریهەڵداوە. تایبەتمەندی سەرەکی ئەو جۆرە شەرە ئەوەیە کە دوو لایەنی دژبەر لە کاتێکی دیاریکراودا و لە ناوچەیەکی بەرتەسکدا و بە دوور لە کەڵک وەرگرتنی چەکی ئەتۆمی و کۆکوژ و تەنانەت لە ژێر چاوەدێری لایەنی سێهەمدا بە شێوەی کاتی لە ئاسمان ، زەوی و دەریاوە رووبەرووی یەکدی دەبنەوە. شەری بەرتەسک شەری میلیشیا و گروپە بریکارەکان نیە بەڵکوو دوو دەوڵەت بەرامبەر یەکتر راوەستاون . زلهێزەکان بۆ خۆیان راستەوخۆ شەری بەرتەسک ناکەن بەڵام لە ژێر چاوەدێری خۆیاندا، دەوڵەتە لاواز، دەستنیشانکراو و بەستراوەکان بە گژی یەکدا ئەدرێن.

بە گشتی مەبەست لە شەری بەرتەسک بە پێچەوانەی شەری درێژەدار لەناو بردنی یەکتر نیە بەڵکو زەبر و خەسارێکی بەرتەسکە لە یەکتر. ئەو دەوڵەتانەی کە لە بەردەم شەری بەرتەسکدایە بەردەوام دۆخێکی میلیتاری و سەربازی بە سەر خەڵک و دەسەڵاتەکەیاندا زاڵە و دیمۆکراسی و ئازادی لەو وڵاتانەدا سەقامگیر نابێ. شەری ئازەربایجان و ئەرمەنستان و هیندوستان و پاکستان و بە تازەیی شەری ئێران و ئیسرایل نموونەی شەری بەرتەسکە. لە هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرایل چەندین تایبەتمەندی دەبینرێ کە جێگای تێرامان و سەرنجە. هەر چەن لە نەصی قورئاندا جوولەکە بە دوژمنی سەرەکی ئیسلام لە قەڵەم ئەدرێت و بریاری لەناوچوونی لە داهاتوودا بۆ دیاریکراوە بەڵام ئیستە کە کۆماری ئیسلامی وەک رێبەری جیهانی ئیسلامی لە دژی ئیسرایل وەستاوەتەوە و بەو هۆیەوە ناوچەکە ئاڵۆز بووە.

هێرشی ئاسمانی کۆماری ئیسلامی نە تەنیا مەبەستی کوشتنی بەربڵاو و خەسار لێدانی نەبوو بەڵکوو چەن مەبەستێکی لە پشت بوو کە گرنگترینیان لایەنی مانۆر دانە . کۆماری ئیسلامی ویستی بە وڵاتانی جیهان و بە تایبەتی وڵاتانی شێخ نشینی عەرەبی، پاکستان و ئەفغانستان، تورکیا و ئازەربایجان،هەرێمی کوردستان و،،، بسەلمێنێ کە ئەگەر بیهەوێ دەتوانێ بریارەکانی بباتە سەرێ. دوهەم بابەت نیشاندانی توانایی لۆجستی بوو لە پێش چاوی دۆست و دوژمندا. هەرچەن لەو بوارەدا زۆر سەرکەوتوو نەبوو بەڵام هاوێشتنی مووشەک بە پانتایی سنوورەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و پارێزگای ئەحواز جۆرێک چاوترساندنی خەڵکی کوردی لە پشت هەبوو.

ئیسرایل بەو هێرشە چەندین دەسکەوتی سیاسی بەدەستهێنا کە بریتین لە  پشتیوانی و بە دەستهێنانی یارمەتی راستەوخۆی وڵاتانی رۆژئاوایی. وڵامدانەوە بە هێزی ئاسمانی کۆماری ئیسلامی لە ئاسمانی وڵاتانی عێراق، ئۆردۆن، سوریا و لوبنانەوە. نەهێشتنی باسی پێکهێنانی دەسەڵاتی فەلەستینی لە غەزە و جۆرێک رەوایی وەرگرتنی نوێ بۆ داگیرکردنی رەفەح.

کۆتا باس ئەوەیە کە رێخستنی شەری بەرتەسک نیشانەی رێکەوتن و دابەزینە لە ویستی سەرەکی کۆماری ئیسلامی کە پێشتر باسی سرینەوەی ئیسرایلی لە سەر نەخشەی جیهان دەکرد چوونکا شەری بەرتەسک یانێ من دوژمنتم بەڵام لە نێوت نابەم. شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی لەو مووشەکە فەرادەنگانە ( چوار خولەک تا ئیسرایل)کە ساڵی رابردوو پەردەی لە سەر لادرا، کەڵکی وەرنەگرتووە و دیارە ئەو ئاڵۆزی نانەوە زیاتر بە مەبەستی بە دەستهێنانی کات بێت بۆ دەسپێراگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP