دواین هەواڵ

کۆمێنتی نەشیاو و دیوی دووەم

‌بەنان فاروق

پێش 2 هەفتە

کۆمێنت بریتیە لە نوسینی ڕایەک دەربارەی ئەو بابەتەی کە لە سۆشیاڵ میدیایەک بڵاوکراوەتەوە و هەموو سۆشیاڵ میدیاکان کۆمێنتیان هەیە و دەتوانرێت ڕای تایبەتی کەسەکە بنوسرێت. لە ئێستادا ئەوەی زۆر دەبینرێت و بەرچاو دەکەوێت نوسینی کۆمێنتی نەشیاوە، مەبەست لە کۆمێنتی نەشیاو (جنێودان، سوکایەتی، قسەی ناشرین و نابەجێ) یە به خەڵکی کە هیچ سودێکی بەو کەسە نابەخشێت کە دەینوسێت بگرە بە نوسینی زیان بە کەسایەتی خۆی دەبەخشێت و کەسایەتی خۆی ناشرین دەکات. بەشێکی هەرە زxۆری ئەو پۆستانەی لە پەیجەکان ئەکرێت ڕاستی نین و فەیکن واتە ساختەن و بە مەبەست دادەنرێن لە پێناو کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنتی زۆر دایدەنێت، وە بەشێکی زۆری خەڵکیش بەهۆی بێ ئیشی و بەتاڵییەوە سەرقاڵی نوسینی کۆمنتی نەشیاو دەبن بە شەو بە ڕۆژ بەردەوام سوکایەتی بە خەڵکی ئەکەن و بێ ئاگا لەوەی کە پەیجەکان ئامانە بۆ ئەوە دەکەن تاوەکو خەڵکی کومێنتی ناشیاو و جنێو و سوکایەتی بنوسێت و ئەوان ئاکتیڤی خۆیانی پێ بەرز بکەنەوە،

پێویستە خەڵکی لەو بابەتانە هۆشیار بکرێنەوە و بزانن هەواڵەکە یان نوسراوەکە ڕاستە یان نا و واز لە نوسینی کۆمێنتی نەشیاو بهێنن. بەشێکی دیکەی نوسینی کۆمێنتی نەشیاو بۆ ئەو کەسانە دەگەڕێتەوە بۆ بەغیلی بردن(ئیرەیی) بردن بەو کەسەی کە پۆستی لەسەر کراوە و ناتوانن وەکو ئەو کەسە بن لە خەویشدا و لە بەغیلی خۆیاندا ناچار دەبن کۆمێنتی نەشیاو بۆ ئەو کەسە بنوسن کە پۆستی لەسەرکراوە وا دەزانن بەم جۆرە ئەتوانن خۆیان ئاسودە بکەن و بە حسابی خۆیان ئەو کەسە ناشرین بکەن بەڵام بێ ئاگان لەوەی کە ئەو کۆمێنتە نەشیاو و پڕ جنێو و ناشرینانە خۆیان ناشرین دەکات و ئەو کەسەی کە کۆمێنتی نەشیاوی بەرارمبەر کراوە و جنێو و سوکایەتی پێکراوە دەتوانێت بەهۆی ئەو کۆمێنتەوە سکاڵای یاسایی تۆماربکات و کەسەکە دەستگیربکرێت و سزا بدرێت.

لە ڕووی یاساییەوە نوسینی کۆمێنتی نەشیاو تاوانێکی گەورەیە و ئەو کەسەی کە کۆمێنتی نەشیاوی بەرامبەر کراوە دەتوانرێت سکاڵا تۆماربکات و کەسی خاوەن کۆمێنتە نەشیاوەکە دەستگیربرێت و سزابدرێت بەپێی یاسای ژمارە شەشی ساڵی 2008 ی قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە هەرێمی کوردستان - عێراق بەپێی ئەم مادانە..

مادەی یەکەم: قسەکردنی تەلەفۆنی و پەیوەندییەکانی پۆستەیی و ئەلیکترۆنی لە کاروبارە تایبەتییەکانن و نابێ ڕێز و حورمەتیان بشکێندرێت. مادەی دووەم: هەر کەسێک گەر بە خراپی تەلەفۆنی خانەیی (مۆبایل) یا ئامێرێکی پەیوەندی کردنی تەلدار یان بێ تەل یان ئەنتەرنێت یان پۆستی ئەلیکترۆنی بۆ مەبەستی هەڕەشەکردن یان تۆمەت هەڵبەستن (قذف) یان جنێودان یان بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو بەکارهێنا کە ترس پەیدا دەکات یان دزەی بە گفتوگۆکردن کرد یان وێنەی چەسپاو و جوڵاو یان کورتیلە نامەی (مەسج) بڵاوکردەوە کە لەگەڵ خو و ڕەوشتی گشتیدا ناگونجێن یان بەبێ ڕوخسەت و مۆڵەت وێنەی گرت یان کاروبارێکی وا کە شەرەف بریندار بکات یان هانی ئەنجامدانی تاوان یان کاری بەدڕەوشتی یان بڵاوکردنەوەی زانیاری پەیوەست بە نهێنی ژیانی تایبەت یان خێزانی بۆ تاکەکان بڵاوبکاتەوە کە بەهەر ڕێگایەک بێت چنگی کەوتن هەتا ئەگەر ڕاستیش بن، ئەگەر بەهۆی بڵاوکردنەوەیان و دابەشکردنیان سوکایەتی یاخود زیانیان پێ بگەیەنێ، ئەوا بۆ ماوەیەک بەند دەکرێ (حبس) کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵیش زیاتر نەبێت و بە غەرامەیەکیش سزا دەدرێت کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێ یان بە یەکێک لەو دوو سزایە سزا دەدرێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP