دواین هەواڵ

داعشی خۆراسان بریکارێکی نوێ

‌فەرەیدوون پەروازە

پێش 4 هەفتە

پێش لەرزەی بزاوی رادیکاڵیزمی ئیسلامیی خۆراسان و باندەشتی پامیر نەک  باشوور و ناوەراستی ئاسیا، بەڵکوو دونیا دەهەژێنێ.هێز و وزەی ئینسانی و مەعنەویی  رادیکاڵیزمی ئیسلامی لە دوو کانگای جەماوەری بەرینی ئیسلامی سونە و بیری ئەلقاعیدە و تاڵیبانیزمەوە سەرچاوە دەگرێ کە لە دوای ئەسپاردنی دەسەڵات بە تاڵیبان رۆژ بە رۆژ ئەو رەوتە نوێیە چڕ و خەستر دەبێتەوە.

ماشینی تیرۆری داعشی خۆراسان لە مێژە وەرێکەوتووە و جوغرافیایەکی بەرین لە ناوچەکەدا دەگرێتەوە. پرسی کەشمیر، دۆخی ئیغورە موسڵمانەکانی چین و دیکتاتۆری داسەپاوی چین و مۆسکۆ و،،، بیانووی سیاسین بۆ وەگەڕکەوتنی چەرخی تیرۆر لە هاوتەریبی کێشە ناوچەیەکاندا. تاڵیبانیزم لە ناوەراستی سێ گۆشەی ئێران، رووسیا و چیندا هەڵکەوتووە کە دۆکەڵی شەڕ لە داهاتوودا ناوچاوانی هەر سێ وڵات دەگرێتەوە. کردەوە تیرۆریستییەکەی مۆسکۆ کە لە قوڵایی ستراتیژیکی ئەو وڵاتەدا روویدا پەیامی گرنگی رۆژئاوا بوو بۆ چین و روسیا.

ماوەیەک لەوەبەر ئەمریکا هۆشداری هێرشی تیرۆریستی لە دژی مۆسکۆ راگەیاند کە لەدوای خۆسەپاندنەوەی پۆتین بە ئەنجام گەیشت. پۆتین لە کاتی بێ رێزیکردن بە قورئانی پیرۆز لە وڵاتانی ئوروپاییدا رایگەیاند کە هەر کەس بێرێزی بە قورئان بکات بێرێزی بە من کردووە . ئەو وتەیە لە راستییدا لە رووی خۆشەویستییەوە نەبوو بەڵکوو پۆتین دەیزانی کە رادیکاڵیزمی دینی لە بێخی گوێچکەی دایە و رۆژێک وەگەڕ دەکەوێ.

داعشی خۆراسان وەک رەوتێکی توندئاژۆ زۆرجار گورزی کوشەندە لە ئەمارەتی ئەفغانستان و دەسەڵاتی پاکستان دەدات، بەو هۆییەوە لە حەوتووی رابردوودا پاکستان هێرشی ئاسمانی کردە سەر ئەفغانستان و شەرێکی بەرتەسک لە سنوورەکانی نێوان دوو وڵاتدا روویدا. وەک دوا وتە دەبێ بگوترێ کە داعشی خۆراسان لە هەموو بوارێکەوە لە داعشی شام و داعشی ئەفریقا بەهێزتر دەبێ. چین، روسیا و ئێران لە داهاتوودا بەرکەوتەی شەر و چالاکییەکانی داعشی خوراسان دەبنەوە. ئەگەر حەماس و پرۆکسییەکانی ئێران لەعێراق و سوریا و ناوچەی کەنداودا هۆکاری سەرئێشەن بۆ ئیسرایل و دنیای رۆژئاوا، ئەوە داعشی خۆراسان چەند بەرامبەر گرانتر دەبێتە هۆی مەترسی بۆ ناوچەکە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP