هەرێم نیوز
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، سێ لایەن ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستان بە ئامانج دەگرن، ئەوانیش داعش، توركیا و رژێمی سووریا و هاوپەیمانەکانیەتی.
مەزڵوم عەبدی دەڵێت، ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستان ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری مەترسیدار دەبنەوە، لەوانە رێكخراوی داعش کە هێشتا مەترسی لەسەر ناوچەکە دروست دەکات و توانای بەردەوامبوون و دووبارە سەرهەڵدانەوەی هەیە.
وتیشی، داگیرکاری تورکیا هێشتا بوونی هەیە، تورکیا ژێرخان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان دەکاتە ئامانج بۆ ئەوەی ڕێگری لە سەقامگیری ناوچەکە بکات و دانیشتووانەكەی ناچار بە کۆچكردن بكات.
دەشڵێت، رژێمی سووریا و هاوپەیمانەکانی لە ڕێگەی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئەمنی و دروستکردنی ناتەبایی لە نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگا، هەوڵی تێكدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەدەن.
راشیگەیاند، پێویستە بە شێوەیەکی ڕێکخراو کاربکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەم ئاڵنگاریانە.