دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 4 هەفتە

لە سوریا فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران کوژرا

هەرێم نیوز

لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە پێگەی گروپە ئێرانیەکانیان لە پارێزگای دێرەزوور کراوەتە ئامانج و ژمارەیەکیان کوژران و برینداربوون، کە یەکێکیان فەرماندەیەکی باڵای پاسداران بووە.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە لە هێرشە ئاسمانییەکەدا کە پارێزگای دێرەزووریان لە ڕۆژهەڵاتی سوریا کردە ئامانج، 9 ئەندامی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە  ئێران کوژراون.

هێرشەکان کێڵگەکانی ئەلمەیادین و دوو بارەگای میلیشیاکانیان لە شاری ئەلبوکەمال و بارەگایەکی فەرماندەیی لە نزیک ناوچەی ئەلعەباس و بارەگایەکی فەرماندەیی لە گەڕەکی ئەلفیلات لە شاری دێرەزۆریان کردە ئامانج.

ڕێکخراوەکە دەڵێت، بەرپرسێکی باڵای ئێرانی لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی کە بارەگای گرووپێکیان کردە ئامانج لە گەڕەکی "ئەلفیلات"ی دێرەزوور، کوژراوە.

لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی "دانشجو"، ڕایگەیاندووە کە ڕاوێژکارێکی سپای پاسدارانی ئێرانی لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی "هێزە ئەمریکییەکان" بۆ سەر پێگەکانی "میحوەری مقاوەمەت" لە دێرەزوور کوژراوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کوژراوەکە ناوی بەهرۆزی واحدی بووە.

بە وتەی ڕاپۆرتەکەی ڕوانگەی سوری، ئەم هێرشە دوای چەند کاتژمێرێک لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی گواستنەوەی ئێرانی لە فڕۆکەخانەی دێرەزوور ڕوویداوە.

ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی گواستنەوە کە ئەندامانی سوپای پاسداران و کەرەستەی لۆجستیکی هەڵگرتبوو، لە فڕۆکەخانەی سەربازی دێرەزوور نیشتەوە.

سەرچاوەکانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ پشتڕاستیان کردۆتەوە کە فڕۆکەکە ئامێری پەیوەندی و کامێرا و کەرەستەی پێ بووە کە بە بارهەڵگر بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

لە سەرەتای شەڕی غەززە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی سوریای سەر بە حزبوڵڵا و میلیشیاکانی سەر بە ئێران توندتر بووە. لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە لانیکەم ٦ ئەفسەری باڵای سوپای پاسدارانی ئێران لە هێرشە گومانلێکراوەکانی ئیسرائیل کوژراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی ڕۆیتەرز، ئەمەش وایکردووە ئێران ئەفسەرە باڵاکانی خۆی لە سوریا کەمبکاتەوە و زیاتر پشت بە گروپە میلیشیاکانی ببەستێت بۆ پاراستنی ئەندامەکانی.

بەپێی ئاماری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ژمارەی هێرشەکانی ئیسرائیل لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە گەیشتووەتە 25 هێرش، لەو ژمارەیەش 17 هێرشی ئاسمانی و 8 هێرشی زەمینی بوون.

ئەم هێرشانە بووەتە هۆی لەناوبردنی نزیکەی 49 ئامانج کە بریتین لە کۆگای چەک و تەقەمەنی، بارەگای فەرماندەیی، ناوەندەکان و ئۆتۆمبێل.

هەروەها لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا 43 سەربازی سوریا کوژراون و 21 سەربازی دیکەش برینداربوون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP