دواین هەواڵ

ژن مەکوژن ئەگینا مانگ ماڵەکەی ئەباتەوە ئەشکەوت

‌حەیات مەجید

22/04/2021

یەکێک لە جوانترین پێناسەکان لەسەر ژن نەکوشتن ئەم دێڕە پیرۆزەی شاعیری گەورە جەلیزادەیە، کە چەند بە نەرمی و جوانی بەگژ دونیادا ئەچێتەوە و بیری ھەمووان دەخاتەوە کە ژن بەشێکی گرنگە لەو ھێزرووناکی و جاویدانی لەسەر زەوی کاتێک مانگ بە کوشتنی ژنێک رووناکیەکەی خامۆش ئەکا و ماڵی ئەگوازێتەوە بۆ ئەشکەوت تورەبوونی کەون نیشان ئەدا بەرامبەر بە درندەی مرۆڤ جا ئەو مرۆڤە زادەی ئەم خاکە بێت یاخود ھەر شوێنێکی تری ئەم گەردوونە بێ..

ھەڵبەت خوێندنەوە بۆ بابەتێکی ئەدەبی بۆ چوونە ناو ژانێکی گەورە و ئازارێکی بەردەوامی ئافرەتان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ھەر لە تووندووتیژی بەرامبەریان ھەتا کار بگاتە ئەتککردن و کوشتن، چاوداخستن بەرامبەر ئەم ھەموو نەھامەتیەی لە ناو کۆمەڵگەدا ئێستا بەرچاو ئەکەوێت تەواو لە حاڵەت تێپەریووە و دیاریدەیەکی قێزەون دوور لە بەھای مرۆڤ بوونە ھەر لەم ھەفتەی رەمەزانی پیرۆزەدا لە کۆمەلگەیەکی موسوڵمانی خاوەن باوەڕ و بەرۆژوودا دەیان کوشتن و خۆکوشتن و تووندووتیژی تێدا کراوە،

ھەموو ئەم تووندووتیژی کوشت و ریسوا کردنەی مرۆڤ بەشێک نین لە کڵتوری کۆمەڵایەتیمان، ئەگەر بەم چەشنە ئەم ھەموو خۆکوشتن و کووشتنە بەردەوام بێت دەبێتە نەریتێکی ناشازی کۆمەڵایەتی دواتر ئەستەمە بە ئاسانی دەرچین لێی،

ھەروەھا راگەیاندن دەورێکی زور نەرێنی ھەبووە لە بارزکردن و ورووژاندن ھەتا ئاسایی بوون و چاولێکەری خەڵک بەرامبەر بە کوشتن و تووندوو تیژیەکان بەجۆرێک رەنگە بۆ کچێکی گەنج کە رۆژانە لە ھەواڵی تیڤیەکان و سۆشیال میدیاوە ئەم ھەواڵانە کە دەکرێنە مانشێت و ئەوەندە دووبارە ئەبنەوە وەک ھەوالێکی ئاسایی وەریدەگرێت و رەنگە بەجۆرێک وەریبگرێت ئاسایی بێت ئەگەر ئەویش ببێتە بەشێک لەو ھەواڵە، ئەم چەشنە ھەوال و سەردێرانە سیاسەتێکی نێگەتیڤی میدیاکانە بەرامبەر بە دۆزی ئافرەتان زیادبوونی رێژەی تووندووتیژیە بەرامبەر بە ئافرەتان،

لێرەوە پەیامێک بۆ لێژنەی داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان لە پەرلەمان وەک چۆن لە خولی چواردا ئەو کات ئێمەی لیژنەی ئافرەتان و لیژنەی رۆشنبیری میساقێکی شەرەفمان بە زۆربەی ھەرە زۆری میدیاكان واژۆ کرد کە ئافرەتان نەکرێنە کەرەستەی میدیایی و ھەواڵی پێ گەرم بکەن و ببێتە ھۆکاری زیادبوونی تووندووتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان،

ئەو کات زۆربەی میدیاکان پابەندبوون بەو میساقەوە کە میساقێکیئەخلاقی بوو نەک قانوونی، ئەگەر جارێکی تر لەم کاتەدا کە ئافرەتان زۆرترین تووندووتیژیان بەرامبەر ئەکرێت و لە شکۆیان ئەدرێت، لە تەنگەژە و کەمبوونی ئەتەكێتی میدیاییدا جارێکی تر شتێکی لەم چەشنە بکریت رەنگە باش بێت و ھەر نا ھەندێ کەناڵ پابەندبن پێوەی باش ئەبێت و گرنگ ئەخەمڵێنریت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP