دواین هەواڵ

زانیاری وەک زامنی پیشەییبوون

‌نوری بێخاڵی

22/04/2021

سەرەڕای بوونی یاسای پێدانی زانیاری بە ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان، بەڵام یاساکە هێشتا وەک پێوویست نەچووەتە واری جێبەجێکردن. 
کاتێک لایەنی بەرپرس زانیاریی پێویست لەسەر کەیس و بابەتێک ناداتە میدیا، ڕۆژنامەنووس و میدیاکار ناچار دەبێت بۆ دەستگەیشتن بە زانیاری و بەڵگەکان، پەنا بۆ ڕێوشوێنی دیکە ببات، یان لە خراپترین حاڵەتدا و بەهۆی دەستنەکەوتنی زانیاری، لە خستنەڕووی بابەتەکە دەکەوێتە هەڵە و شێواندن، تا ئاستی بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و زانیاری پشت راست نەکراو.

پابەندبوون بە ئیتیکی کار، ڕەچاوکردنی بێ چەندوچوونی بێلایەنیی، ڕاستگۆیی لە گواستنەوە و شاندانە بەر بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی، ئەلفوبێی سەرەتایی کاری ڕۆژنامەنووسین، کە وەک پێشمەرج بۆ پیشەییبوون، پێویستە ڕۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی پێیانە پەیگیر بن، بەڵام ئەمە بە تەنیا بەس نییە!
بەبێ ڕەخساندنی هەلی پێویست و وەک یەک بۆ ڕۆژنامەنووسان لە دەستگەیشتنان بە زانیاری، هەروەها بەبێ فەراهەمکردنی ئازادیی کاری بێ ئاستەنگ، بەبێ گەڵاڵەبوونی تێگەیشتنێک کە پارسەنگی نێوان بەرژەوەندیی نیشتمانی وتەناهی کۆمەڵایەتی و ئازادیی کاری رۆژنامەوانی هاوتا بکات و پێکەوە بگونجێنێ، کێشەکانی ناو کایەی میدیا بە کۆتا نایەن. 

ئەگەر پۆپۆلیستی و بەکاربردنی زمانی ئاستنزم و بازاڕیی، کە ئێستا نەک هەر لە بەشێکی سۆشیال میدیای کوردستان و میدیای بەناو بێ دایک و باوک، بەڵکوو لە هەندێ کەناڵی ئاسمانی و ماڵپەڕی بەحیساب موعتەبەریش بووەتە باو، بەشێکی پەیوەندیی بە دەزگا ڕاگەیاندنەکان و خودی کاراکتەرەکانیانەوە هەبێت، ئەوا بەشەکەی تر پەیوەندیی بە جۆری مامەڵەکردنی ناتەندروست لەگەڵ میدیا و ڕۆژنامەنووسانەوە هەیە، بەتایبەتی لە پێنەدانی زانیاری و دواجار خەتابارکردنی ڕۆژنامەنووسان، بە بیانووی شێواندنی ڕاستییەکان.

هەر ئەم ڕاستییەشە کە وا دەکات نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا بە بۆنەی یادی (123)ساڵەی ڕۆژنامەنووسیی کوردی ڕاشکاوانە بڵێت: "ڕەخساندنی ژینگەی ئارام و لەبار و هاندەر بۆ ڕۆژنامەنووسان و گەیشتنیان بە سەرچاوەكانی زانیاری و گواستنەوەی دوور لە هەر جۆرە بەربەستێک، زامنە بۆ ئەوەی كایەی ڕۆژنامەگەری بتوانێت ئەركی خۆی لە هۆشیاركردنەوەی ڕای گشتی و ڕۆڵی چاودێرانەی بەسەر کارى دامودەزگاكانەوە بە جۆرێك ببینێت كە ببێتە هاوبەشێكی كاریگەر لە پرۆسەی بنیاتنانان و گەشەسەندنی دیموکراسى و كۆمەڵگەدا."

لەم ڕوانگەیەوە، بۆ ئەوەی میدیا (میدیا بە گشتی و ئەوەی پێی دەڵێن ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتی) و دەسەڵات بەیەکەوە ڕۆڵی خۆیان لە پڕۆسەی بونیادنانی کۆمەڵگا و گەشەپێدانی هۆشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی، دواجار لە قووڵکردنەوەی دیموکراسی و پاراستنی بەهاکاندا بە دروستی بگێڕن، پێویست دەکات هەردووکیان بە جۆری تێگەیشتن و شێوازی مامەڵەی خۆیان بۆ پرسی ئازادی و بەرپرسیارێتی، هاوکات سروشتی مامەڵە و بەریەککەوتنیان لەگەڵ یەکتری، بگۆڕن.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە لە ڕابردووی دوور و نزیک و ئێستاشدا، هەمیشه و بە کردار، بۆ سەرپێخستنی میدیا و کاری میدیایی پڕۆفیشناڵ، ڕەخساندنی زەمینەی زیاتر و لەبارتری ئازادیی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین، پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان دەسەڵات و میدیاکاران لەسەر بنەمای ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی گشتی و زامنکردنی ئازادیی کار و ڕەخنەگرتن بە پەیوەست بوون بە مۆڕاڵ و ئیتیک، پاڵپشت و هاندەر بووە و دەشبێت، زۆر باش لە گرنگیی میدیا تێدەگات، بۆیە لە خەمی هاوسەنگکردنەوەی هاوکێشەکەدایە. 

نێچيرڤان بارزانی ورد و دووربینانە، ئەوسەری مەترسییەکانی دووانەی ناپیشەییبوونی کاری میدیایی و خراپ مامەڵەکردنی بەرامبەر لەگەڵ میدیاکاراندا لەسەر تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگا و سەقامگیریی سیاسی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی دەبینێت. بۆیە بەوپەڕی ڕژدییەوە، جەخت لەسەر پێویستیی تەریبکردنەوەی پرسی ئازادیی ڕادەربڕین و بەرپرسیارێتی، دەستەبەرکردنی سەرچاوەی زانیاری و پابەندبوون بە مۆڕاڵ و پیشەییبوون، هاوکات دووبارە داڕشتنەوەی سروشت و جۆری مامەڵەکردن لەگەڵ میدیا و میدیاکاران و بەپێچەوانەوە، دەکاتەوە. 

دواجار، سووربوون و پێداگرییان لەسەر هەرچی زووتر کۆتاییهێنان بەم زمانە ئاستنزم و بازاڕییەی ناو بەشێک لە سۆشیال میدیا و شەڕەجنێو و یەکترشکاندنی ناو هەندێک کەناڵی ڕاگەیاندن بهێندرێت، کە لەگەڵ هیچ بەها و پرەنسیپێکی باڵادا نایەتەوە، تەنانەت بە کولتوور و فەرهەنگ و ئەخلاقیاتی کوردەواریش نامۆیە، دیوێکی دیکەی درککردنیانە بەو مەترسی و کاریگەرییە نەرێنییانەی کە کورد لەبەردەم خۆی و چاوی دونیاشدا ناشیرین دەکات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP