دواین هەواڵ

ستایشی سەدام لە بۆشایی نەبوونی گوتارێکی نیشتمانیدا

‌ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

6 رۆژ پێش ئێستا

* بەشێک لە سایت، کەناڵ و دامەزراوە میدیاییەکان، کاتێک باسی سەدام دەکەن، وێنە پڕوپاگەندەییەکان پیشان دەدرێن. ئەو وێنانەی بە ئامانجی گەورە پیشاندانی چرکێندرابوون و نمایش دەکران.

* عەقڵی بەڕێوبردنی میدیایی لە هەرێم نەگەیشتووەتە ئاستێک، لە خەمی نیشتمانی و پێگەیاندنی نەوەیەک بێت، کە ئاشنا بێت بە ڕابردووی خۆی و نەیارەکانی بناسێت. میدیای وابەستە بە عەقڵی بازنە داخراوە حزبیی و کەسییەکان، بەردەوام عەقڵێک بەرهەم دەهێنن، کە تێگەیشتنی کوردییانە سەرچاوەی نیە و هەمان گوتاری دژبەرانی نەتەوەکەیەت

* تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە مێرگێکی بە پیت بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری سەدامیی و تا ئێستا دامەزراوەی پەیوەندیدار هیچ خەمێکی ئەو پرسەیان نەخواردووە و قسەی جددییان لەسەری نەکردووە.

* گوتاری میدیایی لە زۆرێک کەناڵی کوردیی، خاڵییە لە کوردیبوون، کۆپی و پەیست و وەرگێڕانی گوتاری ئێرانی، تورکی، قەتەری، سعوودی، ئەمریکایی و ئەوروپاییە و خۆی قسەیەکی بۆ وتن نیە.

* کاتێک کەناڵە کوردییەکان گوتارێکی نیشتمانیی سەرتاپاگیریان بۆ وەرگر نیە، ئیدی ناتوانن کۆدەنگییەکی نیشتمانیی لە بارەی پرس و بابەتە جێی بایەخە گشتییەکان دروست بکەن. هەموو شت دابەشی دوو دەکەن و خۆیان ون دەکەن. سەدامی دوێنی و ئەردۆغانی ئەمڕۆ دەبنە فریشتە و دەرگا بۆ ئەو زڕەدەنگانە دەخەنە سەر گازی پشت، کە هەرچی بیانەوێت بیڵێن.

* ئەوەی ئەمڕۆ باسی سەدام دەکات و بە "سەرکردە" و نموونەی باڵای ژیانی وەسفی دەکات، تەنیا کەس نیە، ئەو بیرکردنەوەی هەبێت، هەر بابەتێک لەسەر سەدام لە سۆشیال میدیا دابنرێت، هەزاران کۆمێنتی ستایش و ڕەحمەتی بۆ دەنووسرێت، واتە سەدام ئامادەییەکی گەورەی لە لای کەسایەتیی تێکشاوی نەوەی گۆشکراوی گوتاری ئاست نزمی میدیای کوردی هەیە.

* بەشێک لە کەناڵ و سەکۆ میدیاییەکان، بەردەوام لە بازنەی هەڵەدا دەخولێنەوە و جیاوازی نێوان دروشمبازی و زانیاری دروستی میدیایی ناکەن. ئەوان مایک بۆ هەموو کەسێک ڕادەگرن و هەر کەس هەرچی پێی خۆشە دەیڵێت و دەتوانێت کەناڵ و سەکۆکە بۆ بەرژەوەندی گوتاری خۆی بەکاربهێنێت، چونکە ئەو جۆرە کەناڵانە هیچ هێڵێکی ڕوونی کارکردنیان نیە و خۆیانیش نازانن بۆ کار دەکەن. گرنگ ئەوەیە شەڕی نەیارە سیاسیی و ئابوورییەکانی پارەدەرەکەیان بکەن. لەم دۆخەدا، زۆر ئاسایی دێتەبەرچاو، بابایەکی بێ ناونیشان، هەرچی حەز بکات بیڵێت و میدیا بۆی بڵاوبکاتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP