دواین هەواڵ

چ عەیبەیەکی گەورەیە شارچێتی!

‌ئیبراهیم سادق مەلا زادە

پێش 2 هەفتە

دوو ساڵێک لەمەوبەر، لەسەر شەقامێکی لێواری دەریا و لە شارۆچکەی بەنیدۆرم لە ئیسپانیا، پیاسەم دەکرد، لەسەر یەکێک لەو کورسییە درێژانەی سەر شەقامەکە ویستم پشوێک بدەم. لە لایەکی کورسییەکە پیاوێکی سپی پێست دانیشتبوو. ئیزنم لێخواست و گوتم دەتوانم دابنیشم؟

تەماشەیەکی کردم و بە زەردەخەنەیەکەوە گوتی: ئەی خۆ نەمکڕیوە. بەشی خۆم گرتووە و دانیشتووم، تۆش مافت هەیە لەو لایە دابنیشیت.

سوپاسم کرد و زانیم کەسێکی قسە خۆشە. کە دانیشتم، دوای کەمێک گوتی:

دەتوانم بزانم جەنابت خەڵكی کوێیت؟

گوتم: کوردم و خەڵکی کوردستانم، بەڵام وڵاتینامەم هۆڵەندییە، بە شانازییەوە.

گوتی: بۆ بەشانازییەوە؟

گوتم: کە ڕووم لە هۆڵەندا کرد، ئەو وڵاتە منی گرتە خۆی. وەکو مرۆڤ مامەڵەی لەگەڵدا کردم، کردمی بە هاوڵاتی خۆی و زۆری نەبرد هاوڵاتینامەم وەرگرت. لەو ڕۆژەی کە پێم نایە ناو هۆڵەندا بە ئەزموونی خۆم، کە زۆریش تێکەڵ بووم، پێنج ساڵ لە دامەزراوەیەکی هۆڵەندی کارم کردووە و هاوڕێی هۆڵەندیم هەبوون. ڕۆژێک بیرم نایەت هۆڵەندییەک بە منی گوتبێت تۆ بێگانەیت. یا بڕۆ بگەڕێوە ئەو شوێنەی لێیەوە هاتوویت. هەرگیز هەستم بە نامۆیی نەکرد و کەسێکیش موڕەی لێ نەکردم، بۆیە شانازی بە هۆڵەنداوە دەکەم.

گوتی: دەی گەورەیی نەتەوەش لەوەدا بەدەردەکەوێت. نەتەوە؛ نەژاد و ئایین و ڕەچەڵەک ناناسێت، بەڵکو نیشتمان دەناسێت. کێ لەسەر ئەو نیشتمانە بژیت و خزمەتی بکات، نیشتمانیش خزمەتی دەکات. بۆیە کە گوێم لەو قسانەی تۆ بوو، منیش شانازی بە هۆڵەنداوە دەکەم کە هێندە گەورەیە. منیش هۆڵەندیم.

ئینجا زانیم ئەو پیاوە هۆڵەندییە.

ئەو گێڕانەوەیەم بۆ ئەوە بوو کە هێشتا لەو نیشتمانەی ئێمە کە کوردستانە خەڵكێک هەن باس لە شارچێتی و ناوچەگەری دەکەن. هاوزمان و هاونیشتمانی خۆمان لە شارەکانی خۆمان بە بیانی و ئەویدیکە تەماشا دەکەین.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی حەماوەی هەڵبژاردن، ئەو جۆرە زمانە دواکەوتوو و ناشرینە زۆر دەبینم. عەیبەیەکی گەورەیە کوردێکی شارێکی دیکە یا تەنانەت هی پارچەیەکی دیکەش بە بیانی ببینین. پێت وابێت بەسڕاوییەک و فەلوجەییەک هاونیشتمانی تۆن بەڵام هەولێرییەک یا سلێمانییەک و دهۆکییەک بیانیین لە شارەکەی تۆ، لە کاتێکدا ئەوە داگیرکەرە سنوورەکانی نیشتمانەکەی تۆی دابەشکردوون و چرنۆکی لێ گیرکردوون و بەجێی ناهێڵێت.
هەر کەسێک باوەڕی وابێت کورد نەتەوەیە، لەهەمان کاتیشدا پێی وابێت کوردێکی دەرەوەی شارەکەی خۆی بیانییە یا دەرەکییە، شایەنی ئەوەیە هەر کۆیلەی عەرەب و تورک و فارس بێت.
من شانازی بەهەموو شار و ئاوەدانییەکانی کوردستانەوە دەکەم و دڵم لەگەڵ ترپەی ئازارەکانی هەر کوردێکە لەهەر شار و شارۆچکەیەکی کوردستان لێدەدات.
هەولێریش پایتەختی باشوورە، شارێکی فرەکولتوورە و هەموو کوردێک لە هەولێر خاوەن ماڵە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP