هیچ پارتێكی سیاسی لە دونیادا، بەبێ سەركردەیەكی كارێزما نەیتوانیوە سەركەوتوو بێت، هەمیشە لە پشت بردنەوەی هەر پارتێكی سیاسی، سەركردەیەكی كاریزما بوونی هەبووە، هەمیشەش ئەو سەركردە كاریزمایە، چەند كەسێكی تری لەناو پارتدا دروست كردووە، كە وەكوو خۆی لێهاتوو بن و رێگەی كاریزمایی ئەو بگرنە بەر، ئەمەشی بۆ ئەوە بووە، پارتەكەی لە تڕۆپك بێت بۆ خزمەتی میللەت و نیشتیمانەكەی.
كوبا بەبێ كاسترۆ، هەرگیز نەدەگەیشتە سەربەخۆیی، گیڤاراش لە ئەرژەنتین نموونەیەكی زیندووە، كە دەیان جار هەوڵی تیرۆركردنی ئەو ٢ سەركردەیە دراوە، بەڵام چونكە رێگەی ئازادی و سەربەخۆیی بۆ میللەتیان هەڵبژاردبوو، بۆیە تا وڵاتیان نەبردە كەناری سەربەخۆیی سڵیان لە خەبات نەكردووە.
ئەگەر كاریزمایی لینین نەبوایە، هەرگیز شۆڕشی ئۆكتۆبەر رووی نەدەدا، تەنانەت ئەو شۆڕشە ئاگرەكەی بەشێكی دونیای گرتەوە و بەدوای شۆڕشی ئۆكتۆبەر، ئیدی چەندین وڵاتی تر شۆڕشیان دژی ستەمكاری و دیكتاتۆری ئەنجامدا، بەتایبەت وڵاتانی ئەمریكای لاتین و چین، كە ئیلهامیان لە لینین وەرگرت بۆ شۆڕش.
ئەگەر نموونەی وڵاتی توركیا وەرگرین، كە دراوسێمانە و نموونەیەكی لۆژیكیترە، موستەفا كەمال ئەتاتورك، یەكێكە لەو سەركردە كاریزمایەی توركیا، كە سەربەخۆیی بۆ میللەتی خۆی مسۆگەر كرد و وەكوو سەرۆكی جەهەپە، دەستی هەبووە لە هەموو سەركەوتنەكانی توركیا، ئەگەرچی بەرامبەر بە كورد خوێنمژ و دكتاتۆر بوو، بەڵام ئێمە باس لەو لایەنەی دەكەین، كە كاریزمایی ئەو بوو وای كرد توركیا دروست ببێت، خۆ لە پاڵ ئەودا عیسمەت ئینۆنوو و كازم كەرەبەكر و زۆری تر هەبوون، بەڵام ئەوان كاریزما نەبوون، بۆیە ئەتاتورك بووە فریادەڕسی توركیا.
ئەگەر بچینە ناو قوڵایی مێژووەوە، هیچ پارتێك نابینین كە سەركردەكەی كاریزما نەبێت و توانیبێتی دەسەڵات بگرێتە دەست، هەمیشە ئەو پارتانەی ئەزمەی سەركردەی كاریزمایان هەیە، خەونیان بەدەسەڵاتەوە بینیوە، دەكرێت نموونەی دەیان پارتی باس بكەیت، كە لە ئەورووپا و ئەمریكا و ناوچەكەدا بوونیان هەیە و دووچاری قەیرانی سەركردەی كاریزمایی بوونەتەوە.
هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان كەمی ماوە، پارتە سیاسییەكان چوونەتە ناو كێبڕكێیەكی زۆر قوڵ و سەخت لەگەڵ یەكتریدا، بەڵام جیا لە پارتی، هەموو پارتەكان قەیرانی سەركردەی كاریزمای هەیە، ئەمەش پێمان دەڵێت، ناتوانن بەو حاڵەیان بگەنە دەسەڵات.
پارتی دیموكراتی كوردستان، كێشەی سەركردەی كاریزمای نییە، بۆیە لە هەموو پارتەكانی تری هەرێم سەنگینتر و بەهێزتر و حیساب بۆكراوترە.
جەنابی سەرۆك بارزانی، كاریزماییەكەی لەناو میدیا جیهانییەكاندا رەنگی داوەتەوە، چەندین سەركردەی جیهانیشی شەیدای خۆی كردووە، نموونە تورگوت ئۆزەل، سەرۆك وەزیرانی كۆچكردووی توركیا، سەرسام بووە بە راستگۆیی سەرۆك بارزانی.
جەنگیز چاندار، راوێژكاری تایبەتی ئۆزەل، لەدیمانەیەكدا دەڵێت ”تورگوت ئۆزەل، دەیگوت لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بارزانی هی ئەوەیە متمانەی پێبكەیت، چونكە لە سەرۆكەكانی تر راستگۆترە“ یەكێك لە سیفاتەكانی سەرۆكی كاریزما راستگۆییە.
لەم كابینەیەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەسەرۆكایەتی مەسروور بارزانی، دەركەوت، كاریزمایی باوك بۆ كوڕ گواستراوەتەوە، ئەویش بەو حوكومڕانییەی لەو ماوەیەدا ئەنجامی داوە، كە دوژمنانی دووچاری شۆك كردووە، چونكە تاكە سەرۆك وەزیرانە لە عێڕاقدا، كە بیری لە دروستكردنی ژێرخان كردووەتەوە، بۆیە ناسناوی (سەرۆك وەزیرانی ژێرخان) پڕ بەپێستییەتی.
دەنگدەر، لە هەموو دونیادا چاوی كاریزمایی سەركردەی پارتەكان دەبینێت، هەربۆیە دەیكاتە پێوەرێكی سەرەكی بۆ دەنگدان، لێرەدا روون دەبێتەوە، كە هۆكارێكی سەرەكی بردنەوەی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا، بوونی سەركردەی كاریزمایە.
بەڵام هەموو پارتەكانی تری هەرێم، لە قەیرانێكی سەختی سەركردەی كاریزمایین، ئەمە پێمان دەڵێت، گەیشتنی ئەوان بەدەسەڵات زەحمەتە و لە هاوكێشەی سیاسیدا روینەداوە.
سەركردەی كاریزما ئەوە نییە بگاتە ئەو ئامانجەی دەیەوێت، نەخێر دەبێت ببێتە نموونەیەكی جوان بۆ ئەوەی كەسانی دەورووبەری ئیلهامی لێوەربگرن. كاریزما ئەو كەسەیە، لەناو پارتەكەی خۆی و جەماوەردا، قورسایی هەبێت و جموجۆڵی بێتام و كۆمیدی ئەنجام نەدات، دەبێت جیدی بێت و خەمی میللەت و نیشتیمانی بێت.
بۆیە لینین كاریزمایە، چونكە دەیان شۆڕشگێڕی جیهان ئیلهامیان لێی وەرگرت، بۆیە گیڤارا كاریزمایە چونكە دەیان شۆڕشگێری چەپ بەدوای رێبازەكەیەوە بوون. سەرۆكی كۆچكردوو مەلا موستەفا بۆیە كاریزما بوو، دوای خۆی سەدان شۆڕشگێڕی كورد ئیلهامیان لێی وەرگرت، سەرۆك بارزانیش، نموونەی ئەو كاریزمایەیە، كە لەناو پارتیدا ئیهام لە عەقڵ و خەبات و بەرخودان و نیشتیمانپەروەری ئەو وەرگیراوە.
ئەمە جیاوازییەكی زۆر گەورە و گرنگە، كە پێویستە دەنگدەر هەستی پێبكات و لەسەر سندوق بەجوانی بیری لێ بكاتەوە.
با نموونەیەكی تری سەركردەی كاریزما بهێنینەوە، ئەویش تەسلیم نەبوونە، سەركردەی كاریزما هەرگیز تەسلیم نابێت، چونكە دەزانێت تەسلیمبوون، كۆتایی هەموو شتێكە و لەدوای تەسلیمبوونت، دەبێت شەڕەف و كەرامەت و هەموو بەهایەكی نەتەوە رادەستی دوژمن بكەیت، ئەوە بۆیە سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە دەیگوت ”تەسلیم مەبەن، هەر هیچ نەبێت ئەگەر مردیشن با بەسەربەرزی بمرن و ببنە نموونە بۆ نەوەكانی داهاتوو نەك بە تەسلیمبوون بمرن“
سەرۆك بارزانی، چونكە نازانێت تەسلیمبوون چییە، بۆیە هەمیشە باجی قورسی داوە و خۆڕاگریش بووە، سەربەرزانە روبەڕووی دوژمن بووەتەوە، ئەمە تەنیا بەسەركردەی كاریزما دەكرێت.
بۆیە كاتێك چوویتە سەر سندوقی دەنگدان، با كاریزمایەك سەرۆكت بێت، نەك پۆپۆلیست و ئەوانەی دژی ریفڕاندۆم بوون و ژیانی ژێردەستەیی بەشایەتی تۆ دەزانن.