دواین هەواڵ

پاشلەرزەکانی رێکەوتنی عەرەبستان و کۆماری ئیسلامی

‌فەرەیدوون پەروازە

پێش 2 هەفتە

دنیای رۆژئاوا قەت قەبووڵی ناکات حکوومەتی چین لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا کە یەکێ لە ژیئۆستراتیژیکترین ناوچەکانە لە جیهاندا، ئەندازیاری سیاسی بکات. گەرەنتی و زامنی راگرتنی ئەو رێکەوتنە گەورەیە، دەوڵەتی چینە . رێکەوتنی دوو حکوومەتی سەرەکی ناوچەکە لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری،مەزهەبی و هەر وەها لە ئاست ناوخۆ، ناوچەکە و جیهاندا جێگای شرۆڤە و شیکارییە چونکا سەرکەوتنی ئەو رێکەوتنە باڵانس و هاوکێشییەکان بە لای بلووکی رۆژهەڵاتدا دەشکێنێتەوە. 

چەند وڵاتی ناوچەکە چەندین ساڵە داوای ئەو رێکەوتنە دەکەن بەڵام لە ئاکامدا لە دوای یەک مانگ هەوڵ و تێکۆشانی دەوڵەتی چین بە ئەنجام گەیشت. شایەد بۆ عەرەبستان رێکەوتنەکە ئاسایی بێت، چونکا سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و هەروەها هەموو کۆنڤانسیۆن و بەڵێننامەکان ڕەچاو دەکات. ئەگەر حکوومەتی عەرەبستان بە تایبەت لەو دەییەی رابردوەدا لە ئاستی ناوچەکەدا دەستێوەردانێکی کردبێت لە راستییدا هەمووی بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بووە. 

بەڵام!! کۆماری ئیسلامی هەم مەزهەبەکەی و هەم سیاسەتی دەرەوەی جیاوازترە لە هەموو وڵاتانی ئاینی و غەیرە ئاینی. وڵاتی ئێران لە سەردەمی شادا بە "ژاندارمی ناوچە"کە ناودێر کرابوو و لە دوای هەڵهاتنی شا و هاتنی کۆماری ئیسلامی بە شێوازی کردەیی و پراکتیک ئەرک و پێسپێردراوەکانی لە ناوچەکەدا دەست پێکرد. دیارە ئەگەر لە یەکێ لە وڵاتانی ئوروپایی یا رۆژهەڵاتی دووردا وڵاتێک بە هەر هۆیەک دەستێوەردانی وڵاتێکی دیکە بکات ئەوا دەنگدانەوەی جیهانی دەبێت  و مەحکووم دەکرێت، بەڵام بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بابەتەکە جیاوازە و دەستێوەردان و هێرشەکان بە رۆژی روون ئەنجام ئەدرێت و کەسیش لێپرسینەوەی لێناکات.

دەستێوەردانەکانی دوو وڵات لە ناوچەکەدا لە دوای بەهاری عەرەبی گەیی بە تەشقی خۆی و بە تایبەتی کۆماری ئیسلامی پرۆژەکانی زیاتر بردۆتە پێشەوە. کۆماری ئیسلامی بڕیاری سڕینەوەی ئیسرایلی داوە. حیزبوڵای لوبنان، فاتمیۆن، زەینەبیۆن، عەلەوییەکان و ،،، نوێنەری راستەوخۆی ئەو وڵاتەن لە ناوچەکەدا. پرۆژە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کونترۆڵ و چاوەدێری یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان دەرچووە و بۆ دنیای رۆژئاواش بووە بە کێشە. ئەو رێکەوتنە راوێژ و بڕیاری ئەمریکای لە پشت بووبێت یا نە، کۆماری ئیسلامی پێبەندی ڕەچاوکردن و ملکەچ بوونی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە ناوچەکەدا دەکات.

لە فازی یەکەمدا بە پێی مەترسییەکان پرسی ناوکی، مووشەکی، ئاگربەست لە گەل حەوسییەکان و FATF لە ریزبەندی یەکەم دایە. دیارە رێکەوتن بە بێ رەواندنەوەی ئەو مەترسییانە بۆ عەرەبستان هیچ مانایەکی نیە. بۆ عەرەبستان پرسی ئاسایش لە ریزبەندیی یەکەم دایە بەڵام بۆ کۆماری ئیسلامی هەم پرسی ئاسایش و هەم پرسی ئابووری کۆڵەکەی سەرەکی رێکەوتنەکەیە. پێدەچێ عەرەبستان بەو رێکەوتنە زەخت بخاتە سەر ئەمریکا بۆ رێخستن و جێبەجێکردنی پرسی ئەتۆمی لە عەرەبستان. 

داواکاری یەکەمی کۆماری ئیسلامی بۆ عەرەبستان، دەست هەڵگرتن لە یارمەتییدانی ماڵی نەیاران و ئەپوزسیۆنە لە هەلومەرجە ناسکەی ئێراندا. حکوومەتی چین بە راکێشانی عەرەبستان بۆ نێو رێکخراوی شانگهای یا بریکس بۆ ئاسۆی دوورتر دەڕوانێ. چین دەزانێ کە بە تەنیا ناتوانێ ببێتە هێز و جەمسەری ئابووری هەر بۆیە لە رووی هەرێمی و لە رووی ئیکۆنۆمییەوە پێویستی بە زلهێزە ناوچەییەکانە، بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا.

ئەگەر ئەو رێکەوتنە بۆ چین سەر بکەوێ شایەد لە پلانی دوهەم و سێهەمدا بیهەوێ یوان بخاتە جێی دولار لە مامەڵە نێودەوڵەتییەکاندا.

سەرئەنجامی باسەکە ئەوەیە کە عەرەبستان و ئێران  سەرەڕای مەترسی و نەبوونی متمانەی تەواو بە یەکتر بۆ ئەو رێکەوتنە دەستیان داوەتە بەرۆ. ئامانجی سەرەکی عەرەبستان دەستپێڕاگەیشتنە بە بەرنامەی ئەتۆمی پێش ئەوەی ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی. بۆ کۆماری ئیسلامی رێکەوتن لە هەموو چاخێکدا ئاساییە و بە تایبەت ئەگەر دۆخەکە تەنگەتاو و مەترسییدار بێت بە پەنابردنە بەر ئەسڵی تەقیە خۆیان لەو تەنگانەیە بۆ ماوەیەکی کاتی دەرباز دەکەن.

ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو رێکەوتنە زیاتر لەوەیە کە ببێتە هۆکاری دڵخۆشی دو لایەن. ئەو رێکەوتنەش ئەگەر رۆژێ لە رۆژان سەر نەگرێت دیسان لە بەر بیروڕای گشتی ناوخۆ و جیهانی مەجبوورن پێشوازی لێبکەن چونکا کاتێک لایەنێک سیگناڵێکی سیاسی دەدات لایەنی B دەبێت وڵامێکی لە ئاستی خۆی یا زیاتر بداتەوە.  پاشلەرزەی ئەو رێکەوتنە لە کاتی سەرکەوتندا زیندوبوونەوە و چالاککردنەوەی میلیشیا و شانە نووستوەکانی داعش و لە ئاکامدا دەسپێکی شەڕێکی بەرتەسکە لە ناوچەکەدا، داعش وەک لایەنی سێهەم دژی هەر جۆرە رێکەوتنێکە و بێگوومان کاردانەوەشی دەبێت. دوا وتە ئەوەیە کە بەرنامەی درێژمەودای ئەمریکا بە تایبەت دیموکراتەکان سەبارەت بە ئێران رێکەوتن و لێک نزیکبوونەوەیە لە هەموو بوارەکاندا، چوونکا ئەمریکا بە رێکەوتن لە گەل ئێران پرسی تاک جەمسەربوونی خۆی بۆ هەمیشە بە سەر جیهاندا مسۆگەر دەکات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP