دواین هەواڵ

هەدەپە كەی دادەخرێت؟

‌كارزان گلی

29/01/2023

پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن، پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) دابخرێت، چونكە دوو جارە دادگای دەستووریی توركیا، لە دژی هەدەپە بڕیار دەدات و بۆ جاری سێیەم بڕیارەكە كۆتاییە و یان بەتەواوی دایدەخات و یان وەكوو پارتێكی سیاسی دەیهێڵێتەوە. چاوەكان لەسەر دادگای دەستوورییە لە مانگی نیسان، ئایە ئەجەلی هەدەپە بەدەستی دادگای دەستووریی دەبێت، یان بەپێچەوانەوە دادگا لەبەرژەوەندی هەدەپە بڕیار دەدات.

لە 6_1_2023، دادگای دەستووریی توركیا، بڕیاریدا بۆ ماوەیەكی كاتی بودجەی هەدەپە بلۆك بكرێت، بەهۆی ئەوەی داواكاری گشتی داوای كردبوو هەدەپە دابخرێت، چونكە پەیوەندی لەگەڵ پەكەكەدا هەیە و پاڵپشتی لە تیرۆر دەكات. جاری دووەمیش، 26_1_2023، كاتێك دادگای دەستووریی، داوای هەدەپەی رەتكردەوە كە داوای كردبوو، تا دوای هەڵبژاردنی توركیا دادگا هیچ بڕیارێك بۆ داخستن یان دانەخستنی هەدەپە نەدات.

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە)، دوای ئەوەی زانی هەدەپە داوای كردووە دۆسییەكەی تا دوای هەڵبژاردن دوا بخرێت، لە وتارێكدا دادگای دەستووری كردە ئامانج و گوتی، نابێت رێگە بدەن پارتێكی تیرۆرست لەناو پەرلەماندا بوونی هەبێت و ئەگەر داوای هەدەپە قبوڵ بكەن، كەواتە ئێوە پاڵپشتی لە تیرۆر دەكەن.

هەر دوای ئەو لێدوانەی باخچەلی، دادگای دەستووریی، داواكەی هەدەپەی رەتكردەوە، ئەمەش گومانی لای زۆرێك لە سیاسی و پارتەكان دروست كرد، بەوەی دادگا بێلایەنی خۆی لەدەستداوە و بەدڵی دەسەڵات بڕیار دەدات.

ئەگەر هەڵبژاردنی توركیا لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا بكرێت، كەواتە هەدەپە بەر لەوەی بڕیار لەبارەی داخستنی بدرێت، دەبێت بەربژێرەكانی بۆ پەرلەمان دیاری بكات، ئەگەر بەر لە هەڵبژاردن بڕیار لەبارەی داخستنی بدرێت، ئەوكات هەموو بەربژێرەكانی هەدەپە، بەربژێرییان هەڵدەوەشێتەوە و كۆمیسیۆن رێگە نادات خۆیان بەربژیر بكەن.

ئەگەر هەدەپە دابخرێت، وەكوو ئەوەی پێشتر بەرپرسانی سەر بە ئاكەپە باسیان لێوە كردووە، گورزێكی گەورە بەر ئاكەپە دەكەوێت لە باكووری كوردستان، چونكە ئەو كوردانەی پێشتر دەنگیان بە ئاكەپەش داوە، پێیان خۆش نییە پارتێكی سیاسی و مەدەنی كوردی دابخرێت، ئەوان بۆیە دەنگ بە ئاكەپە دەدەن، چونكە پێیانوایە گرنگی بە پرسی كورد دەدات، هەروەها بوونی هەدەپەشیان پێ گرنگە و پاڵپشتی دەكەن.
بۆیە ئەگەر هەدەپە دابخرێت، رەنگە ئەو دەنگدەرە كوردانەی پێشتر دەنگیان بە ئاكەپە داوە، لێی هەڵبگەڕێنەوە و دەنگ بە نەیاری ئاكەپە بدەن، ئەمەش وەكوو بەرپەرچدانەوەیەك.

دەكرێت باس لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2015 بكەین، هەدەپە توانی 81 كورسی بەدەست بهێنیت، باكوورییەكان بۆیە روویان لە هەدەپە كرد، چونكە تامەزرۆی ئاشتی بوون و ویستیان پارتێكی سیاسی مەدەنی كوردی هەبێت، تا پرسی كورد لەناو پەرلەمانی توركیا یەكلایی بكرێتەوە نەك لەرێگەی شەڕ و ماڵوێرانی، بۆیە ئەگەر ئەو ئومێدەی باكوورییەكان كۆتایی پێبهێنرێت، باكوورییەكانیش بیر لە تۆڵە دەكەنەوە و تۆڵەی ئەوانیش تەنیا لەسەر سندوقی دەنگدانە و پشتكردنە لە ئاكەپە.

ئاكەپە، لەبری ئەوەی روو لە كورد بكات و داوایان لێ بكات دەنگی پێبدەن تا بتوانن هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ببەنەوە، بەپێچەوانەوە لەگەڵ مەهەپەدا هاوپەیمانە كە ئەو پارتە دژە كوردە و بەهەموو شێوەیەك دژی مافەكانی كوردە لە هەر شوێنێكی دونیادا، ئەمەش كوردەكان نیگەران دەكات و بیر لە فەرامۆشكردنی ئاكەپە دەكەنەوە.

ئاكەپە بیری چووە، كە ئەوە دەنگدەری كورد بوو، لەدژی ئەوەی ئاكەپە هاوپەیمانیی لەگەڵ مەهەپەدا بەست، بۆیە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019 لە ئیستانبۆڵ، ئەنكەرا، مێرسین، ئەدەنا و ئەنتاڵیا، دەنگیان بەبەربژێری ئۆپۆزسیۆندا و لەهەر پێنج شارەكەش بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بردییەوە، بۆیە ئەگەر زۆرە هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە، ئەویش دەنگدانی كورد و دەنگدەری هەدەپەیە بە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، ئەمەش وا دەكات كە ئەردۆغان كورسی سەرۆكایەتیی لەدەست بدات.

داخستنی هەدەپە، خۆكووژییە بۆ ئاكەپە و ئەردۆغان، چونكە داخستنی دەرگایە لەدەنگدەری كورد، بەتایبەت ئەوانەی پێشتر دەنگیان بۆ ئاكەپە بووە، جیا لەوەش، داخستنی هەدەپە، خزمەتێكی گەورەیە بە ئۆپۆزسیۆنی توركیا و پێیان دەڵێن فەرموو ئەوە دەنگی دەنگدەری كورد كە زیاترە لە شەش ملیۆن بۆ ئێوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP