دواین هەواڵ

سیاسەت و ئابووری

‌ د.نەوزاد مه‌جید هەمەوەندی

05/12/2022

 سیاسەت و حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی ئابووری گرنگترین پایەکانی دەوڵەت و دەوڵەتدارین ، کاتێک سیاسەت دەخرێتە بەرژەوەندی ئابووری بۆ حوکمڕانییەکی تەندروست و زیاتر خزمەتکردنی هاوڵاتیەکانی، وە هەندێک جاریش ئابووری دەکرێت بە ئامراز بۆ سیاسەتێکی نا تەندروست و بەرژەوەندی خوازی دەستە و تاخم و چەند کوتلەیەکی هەل بۆ ڕەخساو بۆ دادۆشینی ئابووری ووڵاتەکەیان و مانەوەیان لەسەر کورسی دەسەڵات و کڕینی وەلائی چینێکی نزیک لە دەسەڵاتی خۆیان.

هەر بۆیە کاتێک بەراوردی نێوان ووڵاتێکی پێشکەوتوو لەگەڵ ووڵاتێکی دواکەوتووی وەک عێراق دەخەینە بەرباس و لێکۆڵینەوە، بۆمان دەردەکەوێت حوکمڕانی و سیاسەت چەندە گرنگن بۆ پێشخستنی ئابووری وڵات و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیەکانی کە وڵاتێکی وەک عێراق ئابووریەکەی خستۆتە خزمەت سیاسەتێکی سەرمایەداری و بێبنەما و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی وڵات بۆ بەرژەوەندی چینێکی دیاریکراو لە ژێر ناوی دیموکراتی و فیدڕاڵی و زۆرجاریش مەزهەب و مەزهەب گەرایی کە کاریگەری ووڵاتانی دراوسێ و ئیقلیمیان بەسەرەوە هەیە.

زۆرجار لەسەر خواستی ووڵاتانی بەرژەوەندی خواز و دراوسێ و ووڵاتانی ئیقلیمی، سیاسییە عێراقی و بەرپرسە باڵاکانیان لە حزب و حکومەت لە دژی هەرێم و لە خودی وڵاتەکەش بەکاردێنن بۆ شێواندنی بارودۆخی ئابووری عێراق و سەقامگیر لە ڕووی ئەمن و ئاسایشەوە لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی کە ڕەنگە لە ڕوویەک لە ڕووەکانەوە ئەم ناسەقامگیرییە دەبێتە بەرژەوەندیەکی ئابووری و سیاسی بۆ ووڵاتانی ناچەکە و خەڵکێکی بەرژەوەند خواز.

بۆیە ئەوەی لەسەر حکومەتەکەی سودانی پێویستە، دورخستنەوە و لێسەندنەوەی دەسەڵاتە لە هەندێک بەرپرسی گەندەڵ لە ڕووی کارگێڕی و ئابوورییەوە بۆ ئەوەی لە ڕووی ئابوورییەوە عێراقێکی بەهێز دروست ببێت و ببێتە هەنگاوێکی هەڵسانەوە و بەرەو ئاڕاستەیەکی دروست بۆ بوژاندنەوەی کەرتی پیشەسازی و گەشت و گوزار و کشتوکاڵ و ڕەخساندنی هەلیکار، چونکە لە ئیستادا عێراق لەبەردەم دووڕیانێکی مەترسیدارە هەم لەڕووی ئابوورییەوە هەم لەڕووی سیاسیەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP