دواین هەواڵ

دەروازەیەکی زۆر سادە بۆ پرسی جێندەر

‌یاسین ئافتاو

05/12/2022

پەیمان ژنێکی ٢٨ ساڵ بوو، کاتێک پزیشکە تایبەتەکەی پشکنینی سۆنەری بۆ کرد، مژدەی پێ دا کە ئەو بە دووانەیەک سکپڕە، یەکێکیان کچ و ئەوی دیکەشیان کوڕە. ئەم هەواڵە بە هاوسەر و ماڵە باوانی و خێزانەکەی خۆشی گەیشت و هەموو دڵخۆش بوون.

دوای چەند مانگێک، کەلوپەل و پێداویستییەکانی دوو منداڵەکە ئامادە کران، کالیکۆت، جلوبەرگ، پێخەف و سەرینی پەمەیی، بۆ کچەکە و لە هەمان ئەو کەلوپەلانەش بەڵام بە ڕەنگی شین بۆ کوڕەکە کڕدران.

ئێستا کچەکە تەمەنی ٥ ساڵە، ناوی نیلۆفەر-ە و کوڕەکەش ناوی خانی-یە، ئاهەنگی لەدایکبوونی هەردووکیانە، ئەو دیارییانەی بۆ نیلۆفەر هێنراون بریتیین لە بووک، بووکەڵە، قوماش و فڵچەی دەموددان شووشتنی پەمەیی، بۆ خانییش تۆپ، دەمانچە، ئۆتۆمۆبێل و فڵچەی دەموددان شووشتنی سەوزی بە دیاریی بۆ هێنراوە.

زانا کۆمەڵناس و دەروونناسەکان، لە ساڵانی پەنجای سەدەی بیستەمدا بەوردیی سەرنجی ئەم جۆرە ڕەفتارانەیان دا کە نێر و مێ بۆ دوو بوونەوەری جیاواز لە یەکدیی جیادەکاتەوە. ئەوان ددانیان بەوەدا دەنا کە نێر و مێ لە ڕووی بایۆلۆجیی و فسیۆلۆجییەوە جیاوازن، زانستی توێکاریی (ئەناتۆمی: Anatomy)یش سەلماندی کە نێر و مێ لە ڕێژە و هەبوونی هۆرمۆن و ڕژێن و چۆنییەتی کارکردنی کۆئەندام و ئەندامەکانی لەشیشدا جیاوازن.

ئەو زانایانە ئەوەیان بە لاوە جێی سەرنج بوو کە لەسەر ئەم بنەمای جیاوازییەی جەستە؛ مێ دەکرێتە ژن و نێریش دەکرێتە پیاو، ئەمەش وا دەکات کە کۆمەڵێک ئەرک و ماف و ڕۆڵ و ئیشی جیاواز بۆ پیاو تەرخان بکرێن کە تەواو جیاوازن لە هی ژن، کۆمەڵگە و بیرمەند و خەڵکە نەریتخوازەکان پێیان وابوو ژن ژنە و پیاویش پیاوە و هەر بەو پێیەش دەبێت ئەرک و ماف و کارەکانیان جیاواز بێت و ئەمەشیان بە کارێکی خواکرد لەقەڵەم دەدا.

کۆمەڵناسەکان لە ساڵانی هەشتای سەدەی بیستدا چەمکێکیان بەکارهێنا بۆ ئەم پرسە، کە ئەویش چەمکی جێندەر-ە (Gender)، ئەوان باوەڕیان وابوو کە نابێت جیاوازیی بایۆلۆجیی ببێتە هۆکارێک بۆ ئەو جیاوازییە قووڵەی کە خراوەتە نێوان ژن و پیاوەوە و بەو هۆیەشەوە ژن کراوەتە پاشکۆی پیاو و لە زۆر باریشیدا وەکو بوونەوەرێکی پلە دوو مامەڵەی لەگەڵ کراوە.

کۆمەڵناس و لەپاڵیشیاندا فێمەنیست و بزاڤی ژنان کەوتنەخۆ بۆ سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی ژنێتی و پیاوەتی، ئەوان پێیان وابوو کە جیاوازیی بایۆلۆجی کارێکی سرووشتییە، بەڵام نابێت لەسەر ئەو بنەمایە ماف و ڕۆڵ و ئەرک و کار دابەش بکرێن، بۆ نموونە ئیشی ماڵەوە، منداڵ بەخێوکردن، حاجەتشووشتن، گسکدان، چێشتلێنان تەنیا ئیشی ژنان بن، ئیشەکانی دیکەش بدرێنە پیاو. کرێی زۆر، پۆستە باڵاکان، ئیشە گرنگەکانی کۆمەڵگە بۆ پیاو و ئیشی بچووک، پۆستی نزم و کرێی کەمیش بۆ ژنان بن.

جێندەر، هەر لە سەرەتای بەکارهێنانیەوە جێی مشتومڕ بووە، دەیان پێناسەی جیاوازی بۆ کراوە، بۆچوونی جیاواز لە بارەیەوە هەیە و ئەوانەشی بەکاری دەهێنن بە مانا و مەبەستی جیاواز بەکاری دەهێنن، بەڵام لە دەرەنجامیشدا دەکرێت پێناسەیەکی گشتگیر بۆ ئەو چەمکە بکەین:

"کۆمەڵگە لە ڕێگەی پەروەردە و ڕای گشتی و زۆرلێکردن و ڕاهێنانەوە، پرسی نێرینەیی و مێینەیی دەکاتە بنەمای پەروەردەکردن و بەرهەمهێنانی دوو جۆر مرۆڤی جیاواز کە ئەوانیش ژن و پیاوان، کە هەریەکەیان ئەرک و ماف و ڕۆڵ و کاری جیاوازیان پێ دەدرێت و لێشیان چاوەڕێ دەکرێت، کە نە هی ژن بۆ پیاو و نە هی پیاو بۆ ژن ناگونجێن، هەر دەرچوونێکیش لەو هێڵانەی بۆ ڕۆڵ و ئەرک و کاری ژن و پیاو کێشراون، گاڵتەپێکردن، سەرزەنشت و سزایان لێ دەکەوێتەوە".

بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە ئەم بەسەرهاتەی ڕەنگین و شەوکەت باس دەکەین: شەوکەت پیاوێکی ٤٣ ساڵە، دووکاندارە، ئەو بە هۆی ئەوەی لە خێزانەکەیاندا کچیان نەبووە، هەر لە منداڵییەکی زووەوە یاریدەی دایکی داوە لە کاروباری ناوماڵدا، بەو هۆیەوە فێری چێشتلێنانێکی نایاب بووە، ئەو هاوسەری ڕەنگین-ی ٤٠ ساڵە، ڕەنگینیش کچەتاقانەی دایک و باوکی بووە، هێشتا منداڵ بووە کە دایکی مردووە، بۆیە هەر زۆر زوو ئەرک و بەرپرسیارێتی ماڵی کەوتۆتە سەر شان...

خەڵک وەکو دووانەیەکی سەیر لەم ژن و مێردە دەڕوانن، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە شەوکەت سەرباری کارەکەی؛ لە ماڵەوە چێشت لێ دەنێت، ڕەنگینیش شۆفێری پیکابە و لە بازاڕی سەوزە و میوە (عەلوە)وە سەوز و میوە بۆ بەقاڵەکان دەهێنێت، چواردەورەکەیان لاقرتێیان پێ دەکەن و پێیان وایە ئەوان بە هەڵە کارەکانی خۆیان دەکەن.
پرسیارەکەدا لێرەدا ئەوەیە، ئایا ڕەنگین و شەوکەت هەڵەن یان کەسانی دەورەبەریان؟ ڕەنگە وەڵامەکە ئەوە بێت کە هیچیان، چونکە ئەم بابەتە پەیوەندیی بە پەروەردە و کولتوری ئەو کۆمەڵگایەوە هەیە کە ئەو چاوەڕوانییانەی لە ژنی هەیە جیاوازە لەوانەی لە پیاوی هەیە.

دەتوانین پرسی جێندەر بەم شێوەیە پوخت بکەینەوە، بە درێژایی مێژوو کۆمەڵگە، دایک و باوک، تەنانەت نێر و مێیەکان خۆشیان، پێیان وابووە کە مێ درووست کراوە بۆ ئەوەی کۆمەڵێک ئەرک و کاری هەبێت، نێرینەش جۆرێکی دیکە، بۆ نموونە پیاو بە درێژایی مێژوو جەنگاوەر و شەڕکەر بووە، بۆچی؟ چونکە ئەمە لەسەر بنەمای ئەو دابەشکارییە بنیاد نراوە کە نێر ڕەق و توندوتیژ و بێڕەحم و فێڵباز و زۆرزانە، مێینەش ناسک و میهرەبان و ساویلکە و کەمفامە، ئەمە وا دەکات پیاو جەنگاوەر و ژن بێدەسەڵات بێت.

جێندەرناسەکان هاتن دەستکاریی ئەم باوەڕانەیان کرد، ئەوان پێیان وابوو پەروەردە و پێگەیاندنی کۆمەڵایەتیی وا لە ژن دەکات ناسک و میهرەبان بێت، ئەگینا ئەگەر ئەوانیش پەروەردە بکرێن دەتوانن هەمان ڕۆڵی پیاوان لە جەنگدا ببینن، ئایا شەڕڤانانی یەپەژە (ئەو هێزە ژنانەی کوردانی سوریا) کە دژی داعش دەجەنگان بەڵگەی پاڵپشتی ئەو تێڕوانینەی جێندەرناسەکان نییە؟!

یەکسانی جێندەریی (Gender Equality)

لە بابەتی پێشوودا گەیشتینە ئەو دەرەنجامەی کە ڕەگەز (Sex) ڕاستە و سرووشتییە، واتە نکووڵی لەجیاوازیی جەستەیی نێوان نێر و مێ ناکرێت، بەڵام جێندەر (Gender) درووست کراوە و کۆمەڵایەتییە، پیاو کە دەتوانێت ببێتە شۆفێری تڕێلە و ژن ناتوانێت، ئەوە پەیوەندیی بەوەوە نییە کە ژن لاوازە و پیاو بەهێزە، یان ژن مێشکی وا دیزاین کراوە کە کەمتر فێر ببێت لە پیاو، بەڵکو کۆمەڵگە بە جۆرێک مێینەکانی پەروەردە کردووە کە خۆیان لە ئیش و کارە دژوارە و پڕ مەترسییەکان بپارێزن و وا خۆیان ڕابهێنن کە ئەوان بە کەڵکی کاری لەو جۆرەیان نایەن.

لەم گۆشەنیگایەوە، دەتوانین لە یەکسانیی جێندەریی تێبگەین. بە بڕوای توێژەرانی بواری جێندەر؛ دەبێ: کۆمەڵگە، خێزان، دامەزراوە ئایینییەکان، ڕاگەیاندنەکان، قوتابخانە و زانکۆکان، ڕۆشنبیر و نووسەرەکان، پەرە بە جۆرێک لە پەروەردە و پێگەیاندن و ڕای گشتی بدەن، کە ئەو جیاوازییە قووڵەی نێوان ژن و پیاو نەهێڵن، لە هەندێ پرسی وەکو منداڵبوون و وەچەخستنەوەدا نەبێت کە تایبەتمەندیی هەرە دیاری جیاوازیی نێوان نێر و مێیە، دەبێت پەرورەدە و پێگەیاندنی یەکسان بە هەردوو ڕەگەزەکە بدرێت و هەر لە منداڵییەکی زووەوە نەسەپێنرێت بە سەریاندا کە لە داهاتوودا دەبنە چیی و نابێت ببنە چی، بۆ نموونە دەبێت وەکو یەک چانسی بوونە فڕۆکەوان، شۆفێری تانکی سەربازی، یاریزانی بۆکسێن، مەلەوان، زانای گەردوونناس، چێشتلێنەر، مامۆستای زانکۆ، موفتی و پێشنوێژ و زانای ئایینی بدرێتە هەردووکیان.

هەر بە پێی یەکسانی جێندەریی، نابێت ئیشەکان دابەش بکرێن بۆ ئیشی گرنگ و ئیشی بێبایەخ، گرنگەکان بۆ پیاو و بێبایەخەکان بۆ ژن بن، بۆ نموونە وەچەخستنەوە هیچ ئیمتیازێکی نەبێت بۆ ژن و بگرە بەو هۆیەشەوە کرێی کەمتری پێ بدرێت، بە بڕوای یەکسانییخوازان؛ دەبێت عەیبە و شوورەیی لە سپاردنی کارەکاندا نەهێڵدرێت، بۆچی دەبێت ئاسایی بێت پیاو لە چێشتخانەیەک چێشتلێنەر و لە هۆتێلێک شێف بێت و کەچی لە ماڵەوە نەنگیی بێت چێشت بۆ منداڵ و میوانەکانی لێ بنێت؟!

بۆ دەبێت بۆ ژن ئاسایی نەبێت کە تۆپی پێ بکات؟ لە کاتێکدا لەو وەرزشەشدا ژنان دەتوانن یاریزانی باش و سەرنجڕاکێش بن. ئایا مارتا ڤیێرا داسیلڤا-ی یاریزانی هەڵبژاردەی ژنانی بەرازیل کە چوار جار لەسەر یەک باشترین یاریزانی جیهان بووە، چی کەمترە لە ڕۆناڵدینیۆی هاونیشتمانی؟ ئایا وەکو ئەو یاریی بە تۆپ و مڕاوەغە و گۆڵ ناکات؟ یاریزانانی تێنسی وەکو هەردوو خوشک سیرینیا و ڤینۆس ولیامز، سیمۆنا هالیپ، ئانجلیک کیربەر، ماریا شارابۆڤا و فۆزنیاکی، چیان لە رۆجێ فێدرەر و نۆڤاک دیۆکۆڤیج و ڕافائێل نادال کەمترە؟

یەکسانیی جێندەریی بە شێوەیەکی کۆنکرێتییانە ئاوا پێناسە کراوە: "یەکسانیی جێندەریی واتە نابێت هەڵاوێردن و جیاکاریی لە نێوان تاکەکاندا بکرێت لەسەر بنەمای ڕەگەز، بە تایبەتی لە بوارەکانی دابەشکردنی سامان و داهات و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و ئەرک و مافەکاندا، هەروەها بریتییە لە یەکسانیی لە هەلی کار و کرێ و وەرگرتنی پێگەکاندا لە نێوان هەموو تاکەکاندا."

بۆچی هەندێ کەس سڵ لە پرسی جێندەر دەکەنەوە؟

تا ئێستاش پرسی جێندەر و تەنانەت خودی وشەی جێندەر خۆشی نیشانەی پرسیاریان لە سەرە و کەم نیین ئەوانەی کە بە چاوی گومانەوە لێی دەڕوانن، ئەمەش چەند هۆکارێکی هەیە:

یەکەم؛ جێندەر چەمکێکی تازەیە و تەنیا نزیکەی ٣٥ ساڵێک دەبێت لە ناوەندە زانستییەکاندا بەکاردەهێنرێت، ئەوە ئەگەر ئەوەش لەبەر چاو بگرین کە سەرەتا لە نێوەندێکی زۆر تەسکی ئەکادیمیی و ڕێکخراوەییدا بەکار هێنراوە و لە گواستنەوەشیدا بۆ ناوەندە مێدیایی و جەماوەرییەکان ناحاڵییبوون و هەڵەتێگەییشتنی زۆری لێ کەوتەوە.
تەنانەت خودی ڕێکخراوە جیهانییەکانی ژنانیش لە گواستنەوەیدا وشەکەیان وەکو خۆی نەگواستەوە، بۆ نموونە لە کۆنگرەی قاهیرە بۆ دانیشتووان (١٩٩٤)، نزیکەی ٥١ جار وشەکە بەکار هێنرا، بەڵام لە وەرگێڕانیدا بۆ زمانی عەرەبی لە بری وشەی جێندەر، گوزارشتی (نێر/مێ) بەکارهێنرا. بە هەمان شێوە لە پەیماننامەی بەیجین (١٩٩٥)، وشەی جێندەر ٢٣٣ جار دووبارە بووەوە، بەڵام هەموو وڵاتەکان (بە خۆرئاواییەکانیشەوە) تێبینیی زۆریان لەسەر چەمکەکە هەبوو و ئامادە نەبوون بچنە ژێر باری پێشنیار و ڕاسپاردەکان هەتا بە تەواوەتی چەمکی جێندەر ڕوون نەکرێتەوە، هەر بۆیە لەوکاتەدا چەمکەکەیان وەکو چەمکێکی پێناسەنەکراو (The Non Definition of The term Gender) لەقەڵەم دا. تەنانەت لە پەیماننامەی ڕۆما (١٩٩٨)یشدا کاتێک مادەکانی پەیماننامەکە بۆ زمانی عەرەبیی و فەرەنسی وەرگێڕدران لە بری وشەی جێندەر جێگرەوەی دیکەیان بۆ دانرا.

دووەم؛ هەندێک بزووتنەوەی فێمێنیستی ڕادیکاڵ و پەڕگیر لە بەکارهێنانی وشەی جێندەردا، بە جۆرێک چەمکەکە بەکار دەهێنن کە دژی هەموو پایە کولتوورییەکانی کۆمەڵگە و بە تایبەتیی پیاوان و ئایین دەوەستێتەوە. ئەوان لە بەکارهێنانی جێندەردا تەنانەت دەگەنە ئەو شوێنەی کە نکوڵی جیاوازییە بایۆلۆجییەکانی نێوان نێر و مێش دەکەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەگەر کولتور و کۆمەڵگە ڕێ بدەن ژن و پیاو دەتوانن بە تەواوەتیی ڕۆڵ و ئەرکەکانیان بگۆڕنەوە.

سێیەم؛ جێندەر داوای سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی ڕۆڵەکان دەکات، ئەو ڕۆڵانەی ژن و پیاو، نێر و مێ هەزاران ساڵ لەسەری ڕاهاتوون، ئەمەش وەکو پێچەوانەکردنەوەی بازنەیەکی خولاوە وایە کە هەزاران جار گوژم دراوە تا بە ئاراستەیەکدا بسووڕێتەوە و لە پڕ هەوڵ بدرێ بە ئاراستەی پێچەوانەی ئەو خولانەوەیەدا بخولێنرێتەوە.
چوارەم؛ ئەگەر فەلسەفە و جیهانبینیی جێندەریی جێکەوت ببێت، کەسانێکی بەرچاو پێگە و دەسکەوت و پێشەنگییان لە دەست دەدەن، لە بری کێبەرکێکارە کۆنەکان، کێبەرکێکاری (منافس)ـی نوێشیان بۆ زیاد دەبێت، ئەوەش دۆخێکی نەخوازراو بۆ ئەو کەسانە دێنێتە ئاراوە، بۆ نموونە ئەگەر بۆ پڕکردنەوەی پۆستی داواکاری گشتی، بە پێی بنەمای یەکسانی جێندەری بانگەشە بکرێت، لە بری ئەوەی پێنج پیاو کێبەرکێ بکەن بۆ وەرگرتنی، ڕەنگە پێنج پیاو و پێنج ژن کێبەرکێ بکەن، بێگومان ئەوەش هەواڵێکی خۆش نییە بۆ هیچکام لە پیاوەکان.

پێنجەم؛ وەکو هەموو شتێکی نوێ جێندەریش لە سەرەتادا ڕووبەڕووی بەربەست و دژایەتیی دەبێتەوە، بەڵام بە تێپەڕینی کات و دوای ئەوەی جیهانبینی پشت چەمکەکە ڕوون دەبێتەوە، خەڵکانێکی زۆر بە دەم جیهانبینییەکەیەوە دەچن و قبوڵی دەکەن.

لە نووسینی داهاتوودا کلیلەچەمکەکانی جێندەر شیی دەکەمەوە و ئەوەش دەخەمە ڕوو لە کوێدا جێندەر وەردەگەڕێت بۆ پرسی هاوڕەگەزخوازیی و بۆچییش ئەو ئاراستەیە وەردەگرێت. بە هیوای سوودمەندییتان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP