دواین هەواڵ

پەلامارەکانی ئێران و تورکیا؛ هەولێر دەبێت چۆن مامەڵە بکات؟

‌عادل باخه‌وان

پێش 2 هەفتە

لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا، کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان چڕکردووەتەوە و کۆماری تورکیاش وەرزێکی نوێ لە هێرش دەستپێدەکات. ئەم هێرشانە مەترسییەکی گەورەیان لەسەر هەرێمی کوردستان دروستکردووە و پرسی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەی ئابووری لە هەرێمی کوردستاندا دەخەنە ژێر پرسیاری جدییەوە. 
ئێمە دەبێت هەمیشە لەو بەڵگەنەویستەوە دەستپێبکەین کە هەرێمی کوردستان لەنێو کۆنتێکستی رۆژهەڵاتێکی نێوەڕاستدایە کە چەندین ساڵە گڕیگرتووە و بە چەندین قەیرانی ستراتیژی و تەنانەت وجودیشەوە دەناڵێنێت. وێناکردنی هەرێمی کوردستان وەک رووبەرێکی ئارام و ئاسایش و سەقامگیر، لە رۆژهەڵاتێکی نائارام، نائاسایش و ناسەقامگیردا هەڵەیەکی میتۆدۆلۆژییە کە نابێت بیکەین. لێرەوە ئەوەی گرنگە پرسیارە سەرەکییەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە دەبێت لەنێو ئەم کۆنتێکستەی راپەڕین و یاخیبوون و جەنگی نێوخۆ و ئیفلاسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، چۆن مامەڵەبکات و چۆن بمێنێتەوە، چۆن گوتارە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی بینابکات و چۆن ستراتیژیەتی جووڵانەوەکانی سەرلەنوێ رێکبخاتەوە؟

کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ لەم چرکەساتەدا پەلاماری هەرێمی کوردستان دەدات و هۆکارەکانی چین و چۆن دەبێت حکومەتی هەرێی کوردستان ئیدارەی بکات؟

بۆچی تورکیای رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئێستا و ئێرەدا نەک هەر پەلاماری ئاسمانیی رۆژئاوا و باشووری کوردستان دەدات، بەڵکو خۆیشی بۆ هێرشی زەوینی ئامادە دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکات؟

لەسەر ئاستی ناوخۆ، ئەو دۆخەی کە من هەفتەی رابردوو لە کوردستان بینیم، چەند بەرگەی ئەوە دەگرێت و رێگەی ئەوە دەدات کە هەرێمی کودستان وەک چوارچێوەیەکی دەوڵەتی و یاسایی لە بەرانبەر ئێران و تورکیادا ستراتیژیەتی جووڵانەوە دابنێت؟

لە 16ی سێپتێمبەرەوە کە دەکاتە بەرواری کوشتنی ژینا ئەمینی، کۆماری ئیسلامیی ئێران رووبەڕووی بزووتنەوەیەکی ناڕەزایی نیشتمانی بووەتەوە. ئەم بزووتنەوەیە گوزارشتێکی زیندووە لەو قەیرانە سەختە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووری و ئابوورییانەی کە چەندین ساڵە ئەژنۆیان لەسەر سنگی ئێرانی ئایەتوڵڵاکان داناوە.

لە بەرانبەر ئەم بزووتنەوەیەدا، کۆماری ئیسلامی بە دوو ستراتیژیەت مامەڵە دەکات؛ ستراتیژیەتی یەکەم بریتییە لە داپڵۆسینی رێژەیی بزووتنەوەی ناڕەزایی، رێژەیی بەمانای ئەوەی کە راستە کوژراو و برینداری زۆر هەن، بەڵام ئەوەش راستە کە هێشتا بەشێوەیەکی رەها دەستی لە بزووتنەوەی ناڕەزایی نەکردووەتەوە و هەموو هێز و کەرەستە و میکانیزمەکانی داپڵۆسینی بەکارنەهێناوە.

ستراتیژیەتی دووەمیش بریتییە لە دروستکردنی دووژمنێکی خەیاڵکراو کە لە پشت رێکخستن و ئاراستەکردنی ئەم بزووتنەوەی ناڕەزاییەوەیە و لە ئێستا و ئێرەشدا، لەنێو حیکایەتی کۆماری ئیسلامیدا، ئەو دووژمنە بریتییە لە دیموکرات و کۆمەڵەیەک کە خاکی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنن بۆ پیلانگێڕان دژی رژێمی ئیسلامیی ئێران. لێرەوە، بارەگاکانی دیموکرات و کۆمەڵە لە هەرێمی کوردستاندا دەبن بە رووبەری هێرشی بەردەوامی سوپای پاسداران.

لەسەر ئاستی تورکیاشدا، رووداوێکی گەورە بەڕێوەیە، مانگی شەشی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی تورکیا رێکدەخرێن، رەجەب تەیب ئەردۆغان کە لە 2002ەوە لە دەسەڵاتدایە، دۆخی باش نییە و گریمانەی بردنەوەی رۆژ لەدوای رۆژ تەمی چڕی دەکەوێتە سەر. لێرەوە و لە خەیاڵدانی سیاسیی ئەردۆغاندا، سازدانەوەی جەماوەر و گوشینی تووڕەبوون و بێ ئومێدییەکانیان و پاشان بەرزکردنەوەی شانسی ئەوەی کە سەرلەنوێ دەنگی پێ بدەنەوە، وادەخوازێت کە دیسانەوە جەنگ دژی دووژمنێک، با دروستکراویش بێت، رابگەیێنێت و بە تورکەکان بڵێت کە ئێوە هەڕەشەی مان و نەمانتان لەسەرە و تاکە کەسێکیش کە بتوانێت لەو هەڕەشەیە بتانپارێزێت، منم و بەس: یان من یان تۆفان!

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت چۆن مامەڵە بکات؟

 بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، سێ ئاراستەی کارکردن هەن کە دەبێت لە یەک کاتدا رووبەری جووڵانەوەی دیپلۆماسیەتی هەرێمی کوردستان بن. یەکەم: خودی کۆماری ئیسلامیی ئێران. بە بۆچوونی من، سەرکۆنەکردنی هێرشەکان لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەس نین، بە پێچەوانەوە، دیالۆگێکی راستەوخۆ و زیندوو لەگەڵ ئێراندا و لە تاران یان هەولێر فەرمانێکی هەنووکەییە.

دیپلۆماسیەت ئەگەر لەم کاتانەدا کار نەکات، بەکەڵکی هیچ کاتێکی دیکە نایێت. هەرێمی کوردستان پێی خۆشبێت یان نا، ئێران یەکێکە لە دوو زلهێزەکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەبێت نەک هەر دیالۆگی لەگەڵدا بکرێت، بەڵکو گوێ بۆ بەرژەوەندی و ترس و راڕایی و پرسیار و داواکارییەکانیشی بگیرێت و بەهەند وەربگیرێن. بەهیچ شێوەیەک بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان لەوەدا نییە کە لەپێناوی تووڕەنەکردنی ئەمەریکادا، دیالۆگی خۆی لەگەڵ ئێراندا دوابخات بۆ کاتێکی نادیار.

ئاراستەی دووەم بریتییە لە رووبەری دیموکرات و کۆمەڵە؛ ئامادەیی حزبە شۆڕشگێرەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستاندا پێویستی بە دیالۆگێکی جددی لەنێوان حکومەت و هەر یەکێک لەو حزبانەدا هەیە. هەرێمی کوردستان دەبێت تێبگات لەوەی کە چی دیکە سەرزەمینێکی کراوەی شۆڕشگێڕیی نییە، بەڵکو چوارچێوەیەکی دەوڵەتی و دەستوورییە و هەموو جیهان وەک کیانێکی فیدراڵی دانیان پێدا ناوە؛ واتا: هەرێمی کوردستان دەبێت وەک بەرپرسێک لەنێو سیستمی هەرێمایەتی و جیهانیدا مامەڵە بکات، نەک وەک یاخییەک.

لێرەوە، چەند دەبێت مافە مرۆیی و سیاسییەکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک ئەرکێکی یاسایی بپارێزێت، هێندەش دەبێت لەو پەڕی بەرپرسیارییەتیدا بێت لە بەرانبەر ئەو دەوڵەتانەی کە وەک هاوبەش مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە. لەم سەری شارەوە، هەرێمی کوردستان و حزبەکانی کوردستانی ئێران دەبێت دیالۆگێکی ورد لەسەر ئەم پرەنسپیە بکەن و بەجۆرێک لە جۆرەکان و لەپێناوی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەی ئابووریی هەرێمدا رێککەوتنی لەسەر بکەن. 

ئاراستەی سێیەمیش بریتییە لە رووبەری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. پەنابردن بۆ عیراق، پەنابردنە بۆ موستەحیل! عیراق نەک هەر لە هەلومەرجی ئەوەدا نییە کە هەرێمی کوردستان بپارێزێت، بەڵکو خودی خۆیشی بۆ ناپارێزرێت.

ئەوەی کە دەتوانێت لە چەندین ئاستدا، هەرێمێکی کوردستانی لاواز لەسەر ئاستی سەربازی، دڕاو لەسەر ئاستی سیاسی، لەرزۆرک لەسەر ئاستی ئابووری، بەڵام گرنگ و بایەخدار لەسەر ئاستی جیۆپۆلەتیک بپارێزێت، تەنیا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.

لێرەوە، داواکاریی یەکەمی هەرێمی کوردستان دەبێت بریتی بێت لە بەدەستهێنانی سیستمی پاراستنی ئاسمانی. خۆی لە راستیدا ئەم سیستمە ئێستا هەیە، بەڵام تەنیا زۆنێکی بچووک دەگرێتەوە کە بریتییە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و درێژدەبێتەوە تاوەکو هۆتێل رۆتانا. گرنگە هەرێمی کوردستان داوای گشتاندنی ئەم زۆنە بکات بەشێوەیەک کە هەموو ئاسمانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە. بەبێ ئەمە، ئەستەمە هەرێمی کوردستان لە هێرشەکانی تورکیا و ئێران پارێزراو بێت. 

ئایا ئەمە کارێکی ئاسانە، بێگومان نەخێر، ئایا ئەمە کارێکی موستەحیلە، بێگومان نەخێر، ئایا ئەمە بەو جەستە دیپلۆماسییەی ئێستای هەرێمی کوردستان دەکرێت؟ بێگومان نازانم!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP