دواین هەواڵ

لە حەپسەخانەوە بۆ ژینا ئەمینی

‌ناسر حەفید

30/09/2022

حەپسەخان ٩٢ ساڵ لەمەوبەر عەباو پەچەی سوتاندووە
حەپسەخان عەباو پەچەی سوتاند نەک ئاینی ئیسلام
ژینا ئەمینی بە پێوەری کولتوری بێگانە حوکم دراوە

کچە کورد ژینا ئەمینی لە سەر تاڵە قژێکی کە بە دەرەوە بووە دەکوژرێت. ئەمەش لەبەر ئەوەی کە ژینای کورد بە پێوەری ئاینیی گەلێکی دی حوکم دەدرێت. ئەگینا نەوەدو دو ساڵ لەمەوبەر ساڵی ١٩٣٠ حەپسەخانی حەفید کە ناسراوە بە حەپسەخانی نەقیب، لە بەردەرکی سەرای سلێمانی عەباو پەچەی سوتاندووە.

سوتاندنی عەباو پەچە لە لایەن حەپسەخانەوە مانای سوتاندنی باوەڕی خەڵک نەبووە کە ئیسلام بووە. باوەڕ ناسوتێت. بەڵکو حەپسەخان پەچەو عەبای سوتاندووە کە دەسوتێن و بە لێکدانەوەی باوەڕەکە لە لایەن جۆرە کولتورێکەوە سەپاوە بە سەر ئافرەتاندا. جۆرە لێکدانەوەیەک کە روونە پیاو سەپاندوویەتی و ئافرەتی پێ مەرجدار کردووە.

بەڵام حەپسەخان کە خۆی لە شانی کەسێکی وەکو مەلیک مەحموددا بووە، ئامادە نەبووە هەرگیز خۆی لە پیاو بە کەمتر بزانێت و مەرجی پیاو بخاتە سەر خۆی. حەپسەخانیش جگە لە تواناو هەڵکەوتوویی خۆی بەدەر نەبووە لە کولتوری کوردیی.

شێخ مارفی باوکی لەسەر ئەو پرەنسیپە هەردوو کچەکەی پەروەردە کردووە کە وتوویەتی: "شێر کە لە بێشە هاتە دەر چ نێر چ مێ!" مەلیک مەحمودیش لەو دو ماوە کورتەی دەستەڵاتییدا کە هەر یەکەیان نزیکەی شەش مانگ بووە، برەوی داوە بە قوتابخانەو رۆژنامە نەک بە مزگەوت و حوجرە. بە پێچەوانەی چەواشەکارانەوە کە ویستوویانەو دەیانەوێت ئەو مێژووە لە مێشکی خەڵکانێکی نەزاندا بشوێنن، هیچ بڕیارێک و هەڵوێستێکی مەلیک مەحمود نادۆزیتەوە کە سەرچاوەکەی گەڕابێتەوە بۆ ئایین. لە کوردەوارییدا ئافرەت لە لادێ هەرگیز عەباو پەچەی نەبووەو سەربەستانە خۆیان دەر خستووەو خزمەتی میوانیان کردووە.

تەنانەت وڵاتپارێز ئەحمەد خواجە دەگێڕێتەوە کە جارێک لە گوندێک لا دەدەن بۆ حەوانەوە. دیارە وا باس کراوە کە ئافرەت حەرامە ئاژەڵ سەر ببڕێت. ئافرەتێکی گەنج کە دەبێتە خانەخوێی ئەحمەد خواجەو دەستە چەکدارەکەی، مێردەکەی لە ماڵ نابێت مەڕیان بۆ سەر ببڕێت. ئافرەتەکە لەسەر کراسەکەیەوە دارێک دەخاتە ناو لنگییەوەو مەڕەکە بۆ میوانەکانی سەر دەبڕێت. کاتێک کە سواری ئەسپەکانیان دەبن، ئەحمەد خواجە ئەم میواندارییە بۆ مەلیک مەحمود دەگێڕێتەوە. مەلیکیش ئەو رەفتارەی ئافرەتەکەی زۆر لە لا خۆش دەبێت و هەر بەسەر ئەسپەکەیەوە تورەکەیەک لیرەی بۆ هەڵ دەدات.

بەڵام وەکو لە رابوردوودا باسم لێوە کردووە، دەوڵەتانی داگیرکەر لە رێگای ئایدۆلۆجییەکانیانەوە کولتوری خۆیان زاڵ کردووە بەسەر کولتوری کورددا. بۆ نمونە لە رێگای باوەڕی ئیسلام و کۆمۆنیزمەوە گەلانی داگیرکەر جگە لە لایەنی سیاسیی شکستیان بە کولتوری کورد هێناوە.

کوردایەتیی و شۆڕشگێڕییش لێرەدا ئەو مانایە وەر دەگرن کە بەرانبەر بەم داگیرکارییە کولتورییەی گەلانی داگیرکەر را بوەستنەوە. بۆیە تفەنگ هەڵگرتن و خۆسەپاندن بە سەر گەلی کوردا لە لایەن حیزب و سەرانی کورد خۆیەوە هەر ئەوەندە کوردایەتیی و شۆڕشە کە ئەوەندە ئەو ناوەڕۆکانەیان تیادا بێت کە کولتوری داگیرکار رەد بکەنەوەو کولتوری کوردیی بخەنە سەر کار. بۆ نمونە، مەلیک مەحمود هەر زو بەرانبەر بە تورکی عوسمانیی رایگەیاند: "بە ناوی ئایینەوە وڵاتەکەیان داگیر کردووین." یان بەرانبەر بە خستنە سەر عێراق و برایەتییە لاسەنگەکەی عەرب و کورد وتوویەتی: "بۆچی دەبێت ئێمە لە وڵاتی خۆماندا ملکەچی فەرمانی گەلێکی تر بین؟"

ئێستاش جۆرەها جوڵانەوەی ئیسلامیی هەن کە ئەو سەریان بەستراوە بە کولتورو لێکدانەوەی گەلانی بێگانەوەو بۆ مەبەستی بەدەر لە بەرژەوەندیی کورد خۆی بەکار دەهێنرێن.
ئەگەر تەماشایەکی ئەو وێنانەی حەپسەخان بکەیت، لایەنێکی تری شکستی کورد پیشان دەدەن کە دوای نەوەدو دو ساڵ پێگەی ئافرەتان ئێستا لە کوێدایەو گەلی بێ دەوڵەت چۆن باجی ژێردەستیی دەدات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP