دواین هەواڵ

(تیرۆر)ــی بۆڕیەهێڵەکان

‌رۆندک فارس

30/09/2022

لێکدانەوە و شڕۆڤەکردنی ئاڵۆزیەکانی جیهان لەم کاتەدا تا ئاستێک سەخت و کەمێكیش وردبوونەوە و قووڵی گەرەکە. بڕیاری لکاندنی چوار هەرێمی ئۆکرانیا بۆسەر خاکی ڕووسیا و وتاری ئەمڕۆی سەرۆکی ڕووسیای فیدراڵ، سەرکردەکانی ڕۆژئاوای بە وتار و کاردانەوەی جودا هێنایە سەرهێل، لێ ئەمەی ڕوویدا چاوەڕوانکراو بوو، تەنانەت بۆ لێکۆڵیارانی بواری ستراتیژی ئەوەی ئەمڕۆ گوزەرا، تەنیا دەستپێكی یاریەکی تری ستراتیژی بوو لەسەر تەختەی شەترەنج(یەکلاکردنەوەی بەرژەوەندییە ئابووریەکان).

چی دەگوزەرێت؟

- بەدرێژایی مێژوو، هۆکاری سەرهەڵدان و ڕوودانی جەنگە جیهانییەکان، پێوەست بوو بە جۆر و هەروەها ئاستی بەرژەوەندییە ئابووریەکان، بەڵام لە سەددەی بیست ویەکەمدا ناو و شوناسی ئەو جەنگانە گۆڕدران و بوون بە خاوەنی ناوێكی گشتگیر ئەویش جەنگی "تیرۆرە"ـــە. ڕووداوەکانی ئەفغانستان، عێراق و داعش، نموونەی ئەو جەنگانەن. ئەگەر چی ئەم ڕووداوانە کۆمەڵێک پرۆژەی زلهێزەکان بوون بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی زیاتری(سیاسی، ئابووری، ستراتیژی، تەنانەت دیپلۆماسی)، بەڵام ئامانجە ئابوورییەکانی ئەو پرۆژانە کەمتر لە لایەن خەڵکەوە درکی پێدەکرا، لێ دەستپێکی جەنگی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا لە شوباتی ئەمساڵدا، بە تەواوی پەردەی سەر ئەو پرۆژە شاراوانە داگرت و ئیدی جەنگی تیرۆر بووە خاوەن پێناسە ڕاستەقینەکەی خۆی، کە تیرۆری بۆڕیەهێلەکانی گواستنەوەی وزەیە!!.

- ڕوانگەی ستراتیژمەندە ئابوورییەکان بۆ جەنگی ڕووسیا – ئۆکرانیا، جیاواز و کەمێكیش بەهانەسازە!!! چونکە سەرهەڵدانی ئەم جەنگە زادەی تەقینەوە و ئاشکراکردنی چەند پرۆژەیەک بوو. پێش دەستپێکی ئەو جەنگە یەکێتی ئەورووپا بە پاڵپشتی ئەمریکا گواستنەوەی گازی ڕووسیایان لە رێگەی پرۆژەی نۆرد ستێرم ٢ وەستاند. ڕاگرتنی ئەو پرۆژەیە بۆ رووسیا، ئاماژەیەکی ڕوونی ڕۆژئاواییەکان بوو لە دووبارە کارکردن لە پڕۆژە ستراتیژیەکەی ئەورووپیەکان، کە وەک خەونی ئەو کیشوەرە وایە.

- یەکێک لە فاکتەرە بنەڕەتییەکان و خوڵقێنەری تەنگژەکانی ئۆکڕانیا لە قۆناغەکانی پێش جەنگ و لە میانەی جەنگ و تەنانەت دوای جەنگیش ، پرۆژەی سێ دەریایی (بالتیک، دەریای ڕەش و ئەدریاتیک)‌ــە، ئەم پرۆژەیە وەک سێگۆشەیەک وایە کە سێ دەریای کیشوەری ئەورووپا بەیەک دەبەستێتەوە، بێ شک ئامانجی سەرەکی لەو پرۆژەیە، دژایەتیکردن و قەتیسکردنی هەژموونی رووسیایە لە دابینکردنی گاز بۆ ئەورووپا. ئەم پرۆژەیە کە لە ساڵی 2017 لە نێوان 12 وڵاتی ئەورووپادا واژووکرا، لە رووی جوگرافیاوە ئۆکرانیا لە ڕۆژئاوایەوە بەشێکە لە پرۆژەیە هەروەها لە ڕووی جیۆئیکۆنۆمیەوە، لە سنوورەکانی دەریای ڕەش، هەرێمی کریمیا خاڵێکی گرنگی ئەو پرۆژەیە. دوای وەستانی پرۆژەی نۆرد ستێرم ٢، ڕووسیا لە ڕێگەی جەنگی ئۆکرانیاوە تا ئێستا توانیویەتی ڕێگرییەکی ستراتیژی لە دەستبەکاربوونی ئەو پرۆژەیە بکات.

- بۆ ئەورووپا پێگەی جوگرافیای هەریەکە لە تورکیا بە پلەی یەکەم و هەنگاریا بە پلەی دووەم، وەک چەقی ستراتیژی پرۆژەکە سەیر دەکرێت، بۆیە نابێت ڕاگرتنی ناز و خواستەکانی تورکیا و هەنگاریا لە ماوەی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا لە لایەن ئەورووپاوە جێگەی سەسوڕمان بێت!!!، ئەو گرنگیەی تورکیا و دیپلۆماسی لە هاوسەنگ ڕاگرتنی پێوەندیەکانی لەگەڵ ڕووسیا و ڕۆژئاواییەکان بە ڕوونی درکی پێ دەکرێت، چونکە پێگەی جوگرافیای تورکیا پاڵنەرێکی سەرەکییە بۆ دابینکردنی گازی دەریای قەزوین بۆ ئەو پرۆژەیە بە بێ ڕەزامەندی ڕووسیا بۆ بازارەکانی ئەورووپا، لێ بەشداری تورکیا لە کۆربەندی سەمەرقەند و کۆبوونەوەی ئەردۆگان لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی ئاسیای هاوسنووری دەریای قەزوین و ئامادەبوونی هەریەکە لە ڕووسیا و چین لەو کۆربەندەدا، دووبارە خەونەکەی وڵاتانی ئەورووپای کەناگیرکرد، بەتایبەت ئەگەر تورکیا ببێت بە ئەندامی سەرەکی لە ڕێکخراوی شەنگەهای.

- لە هەمان کاتدا تەقینەوەی بۆریە هێڵەکانی نۆرد ستێرم (١، ٢) لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، یەک لە تەکتیکەکانی ئەو یارییە، ئەگەر چی ئۆکرانیا ڕووسیا بە تەقاندنەوەی ئەو بۆڕیانە تاوانبار دەکات، بەڵام لە روانگەی ڕووسیاوە، ئەمریکا بەسەرپەرشتی وڵاتانی تری ئەورووپی بە تایبەت پۆڵەندا ئەو کارەی ئەنجامداوە، چونکە پرۆژەی نۆرد ستێرم ٢ دەکەوێتە چەقی پڕۆژەی سێ دەریای وڵاتانی ئەورووپا، هاوکات لە ماوەی ڕابردوودا، بە گوێرەی زانیاریە هەواڵگیریەکان، ڕووسیا وئەڵمانیا کۆبوونەوەی نهێنیان بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی پرۆژەی نۆرد ستێرم ٢ دەستپێکردووە و کۆماری چین پاڵپشتی ئەو هەنگاوەی کردووە، بۆیە دەکرێت ئەو هەوڵە تیرۆریەی بۆڕیە هێڵکە وەک هەنگاوێکی ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا بێت بۆ ڕیگریکردن لەو ڕێککەوتنە سێ لایەنیەی نێوان ( رووسیا، چین و ئەڵمانیا). ئەمە جگە لەوەی ئەو جوڵەیەی ئەمریکا و پاڵپشتیکردنی پۆڵەندا دژ بە ئەڵمانیا، دووبارە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ رووداوەکانی جەنگی دووەمی جیهانی و فراوانخوازیەکانی ئەڵمانیا لە پۆڵەندا.

- بڕیاری پوتین بۆ لکاندنی هەرچوار هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بە خاکی رووسیا، لایەکی سێگۆشەی پڕۆژەی سێ دەریایی ئەورووپای پەکخستووە، وەک چۆن لە ساڵی 2011 لە ڕێگەی پرۆژەی سیاسەتی چوار دەریایی سووریا، پرۆژەی گازی عەرەبی و پرۆژەی گواستنەوەی گازی قەتەر – تورکیای پەکخست.

- هاتنی زستانی سارد و نا هاوسنگی بازاڕی داروەکان بەرامبەر بە دۆلار، هەروەها ناکۆکی ئەندامانی یەکێتی ئەورووپا لە دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیەکانیان، جیهان و سیستەمی جیهانی بەرەو لەنگی بردووە. دەکرێت ئەم قۆناغەی جیهان پێیدا گوزەر دەکات، ناوبنێن سێهەم قەیرانی ئابووری جیهان، بەڵام ئەم جارە، جوداتر لە قەیرانی سییەکانی سەددەی بیستەم کە تایبەت بوو بە بازاڕەکانی گەنم و قەیرانی 2008ـــی تایبەت بە بازاڕی دراوەکان، ئەم جارە ئابووری جیهان ڕووبەڕووی قەیرانی نرخی وزە بووەتەوە کە لێکەوتەکانی قووڵتر، کاریگەرتر و کاتخوازترن.

- ئەمەی کە دەگوزەرێت لێکەوتەی بۆسەر ئێمەی کورد و هەرێمی کوردستانیش دەبێت، بە تایبەت لە ڕووی مەترسیە جیۆپۆلەتیکیەکانەوە. ڕووداوەکانی عێراق و هێڕشە مووشەکیەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان، بۆنی ئەو گۆڕانکاریانەیان لێ دێت. لێ گرنگە بە وردی شرۆڤەیان بۆ بکەین و بزانین چی دەگوزەرێت و چۆن وا بکەین نەبین بەشێک لە یاری بەرژەوەندی وڵاتان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP