دواین هەواڵ

پەیوەندی ھەڵئاوسان بە پاشەکەوت و گەشەکردنەوە

‌محه‌مه‌د ڕه‌حمان ئه‌حمه‌د

16/08/2022

ھەڵئاوسان یەکێکە لە دەردە کوشندەکانی سیستەمی بازاری ئازادی سەرمایەداری، ئەو سیستەمەی کە لەسەر بنەمای خواست و خستنەڕوو بڕ و نرخی بەرھەم دیاری دەکات، بەبێ پلاندانان و دەستێوەردانێکی ناوەندی.

ھۆکارەکان بۆ سەرھەڵدانی ھەڵئاوسان و بەرزبوونەوەی نرخ زۆرن. بەگشتی خواست و خستنەڕوو دوو ھۆکاری زۆر باون، بۆ نموونە، کاتێک خواستی گشتی لەسەر شمەکێک یان خزمەتگوزاریەک زۆر بێت و ھاوکات بڕی خستنەڕووەکەشی کەم بێت. بەڵام ھۆکاریتریش ھەن بەتایبەتی کاتێک بودجەی گشتی وڵاتێک تووشی کورتھێنان دەبێت، ئەوا حکومەت لە ڕێگای سیاسەتی نەختینەیی یاخود سیاسەتی داراییەوە ھەوڵی پڕکردنەوەی کورتھێنانەکە دەدات وەک (لە چاپدانی پارە، کەمکردنەوەی بەھای دراو، زۆرکردنی باج…). بۆ نموونە وەک لە عێراقدا، کاتێک حکومەت تووشی کورتھێنان بوو لە بودجەی گشتی، لە ڕێگای بانکی ناوەندی و سیاسەتی نەختینەییەوە بەھای دیناری بەرامبەر بە دۆلار دابەزاند، ئەمەش وایکرد بەھای دینار و ھێزی کڕینەکەی کەمببێتەوە بەرامبەر شمەک و کاڵاکان، ئەمە لە کاتێکدا کە زیاتر لە ٪‏٩٠ شمەک و کاڵاکان ھاوردەکراوی دەرەکین.
یاخود وەک لە ھەرێمی کوردستان کاتێک حکومەت تووشی قەیرانی دارایی و کورتھێنان لە بودجە بوو، لە ڕێگای سیاسەتێکی داراییەوە ھەستا بە زیادکردنی باج و رسومات و کەمکردنی خەرجی و بەکاردن. بەتایبەتی باجی گومرگی سەر کەلوپەلی ھاوردە، ھاوکات زیاتر لە ٪‏٩٠ پشت بە کەلوپەلی ھاوردە دەبەستین. ئەم دوو سیاسەتە نەختینەیی و داراییەش لەگەڵ خۆیاندا نرخیان بەرزکردەوە.

لە ئێستاشدا دەبینین کە بەھۆی ئەو دۆخە خراپەی جیھان تێیکەوتووە، کە بووەتە ھۆی بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری کردۆتە سەر نرخی بەرھەم و گشت کەلوپەل و کاڵاکان چونکە تێچوونیانی بەرزکردۆتەوە. ئیتر بەرزبوونەوەی نرخ بە جیھانی بووە.

کاتێک دەبینین بانکی فیدڕالی ئەمریکا ڕێژەی سوود بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە، بەھۆی ھەڵئاوسانەوەیە، واتە دەیەوێ لە ڕێگای بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود نرخ دابەزێنێت، چونکە کاتێک ڕێژەی سوود بەرزدەبێتەوە بەھای دۆلاریش بەرزدەبێتەوە، بەمەش نرخ دادەبەزێت.

بەڵام ئەمەش بێ زیان نیە، چونکە کاتێک بەھای دۆلار بەرزدەبێتەوە ئەوا نرخی بەرھەمی ئەمریکیش بەرز دەبێتەوە، بەمەش ھەناردەی ئەمریکا بۆ دەرەوە کەمدەبێتەوە ھاوکات ھاوردەشی زیاتر دەبێت چونکە کەلوپەل و کاڵای وڵاتانی تر ھەرزانتر دەکەوێت کاتێک نرخی دۆلار بەرامبەر دراوەکانی تر بەرزدەبێتەوە، لە سەرەنجامدا ئەمریکا تووشی کورتھێنانی بازرگانی دەبێت و تەرازووی پێدان(balance of payment )  لاسەنگ دەبێت.

پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچی ئەمریکا ئامادەیە لە بازرگانیدا تووشی کورتھێنان ببێت و تەرازووی پێدانی لاسەنگ بکات، واتە ڕێژەی ھاوردەی لە ھەناردەی زیاتر بکات، تەنھا لەبەر خاتری کەمکردنەوەی ھەڵاوسان و ڕێگریکردن لە زیاتر بەرزبوونەوەی نرخە؟

زۆر بەسادەیی، لە ئێستادا بەھۆی بەجیھانی بوونی دارایی و وەبەرھێنانی دەرەکی …  بۆ گەشەی وڵاتان زیاتر جەخت لەسەر (پاشەکەوت و وەبەرھێنان) دەکرێتەوە نەک کورتھێنانی بازرگانی، ئاستی قەرزاری. ئەمریکا بەھیزترین ئابووری جیھانە، کەچی قەرزارترین وڵاتە و کورتھێنانی بازرگانییشی ھەیە.

پاشەکەوت و وەبەرھێنانیش پەیوەندیەکی پتەویان بە ھەڵئاوسانەوە ھەیە. ئەگەر ڕێژەی ھەڵئاوسان بەرز بێت ئەوا لەسەر ئاستی (تاک و خێزان، کۆمپانیا، حکومەت) توانای پاشەکەوتکردن کەمدەبێت و تا ئاستی نەمان، ھەرچی پارە و داھات ھەیە بەھۆی بەرزی نرخەکانەوە دەڕوات.

بەمەش کاتێک پاشەکەوت کەم دەبێت و نامێنێت، ئەوا سەرمایەش کەم دەکات، کە سەرمایەش کەمیکرد ئەوا وەبەرھێنان و سەرمایەگوزاری کەم دەبێتەوە، دواجار بەرھەم و داھاتیش کەم دەبێتەوە و بێکاری دروست دەبێت، سەرەنجام گەشەکردن دەوەستێت و پەکی دەکەوێت، وڵات دەکەوێتە دۆخێکی سەختەوە. ئیتر لەم سۆنگەیەوە کە ئەمریکا ئامادەیە کورتھێنانی بازرگانی تۆمار بکات بەس بۆ ئەوەی ھەڵئاوسانەکەی نەھێڵێت.

بۆیە لە ھەموو وڵاتانی دنیا، بەتایبەتی وڵاتە پێشکەوتووەکان، زۆر بە وریایەوە مامەڵە لەگەڵ ھەڵئاوسان دەکەن، ناھێڵن لە ڕێژەی سروشتی خۆی زیاتر بەرزببێتەوە بە جۆرێک کە کاریگەری خراپی ھەبێت لەسەر پاشەکەوت و گەشەکردن.

لەم سۆنگەیەوەش بانگی ناوەندی وڵاتان لە ڕێگای سیاسەتی نەختینەیی وەک بەرزکرنەوەی ڕێژەی سوود و پارەگرتنەوە و… یاخود لە ڕێگای سیاسەتی دارایی وەک کەمکردنەوەی باج لەسەر شمەک و کاڵای بەرھەمھاتووی ناوەخۆ و ھاوردەی دەرەکی… ھەوڵی دامرکاندنەوەی ھەڵئاوسان دەدەن.

بۆیە لە ئێستادا کە دەبینین لە ھەرێمی کوردستانیش ڕۆژ بەڕۆژ نرخەکان بەرز دەبنەوە،  پێویستە لەسەر حکومەتی ھەرێم ئەم پرسە بە ھەند وەربگرێت و سیاسەتێکی ئابووری دروستی ھەبێت بۆ ڕێگریکردن لە زیاتر بەرزبوونەوەی نرخ تا نەگاتە ڕێژەی ھەڵئاوسانی بەرز و دەرئاسا کە کۆنتڕۆلکردنی لەدەست دەربچێت.

چونکە وەک گوتمان، ھەڵئاوسان پاشەکەوت و سەرمایە لەناو دەبات و دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی بەرھەم و چاڵاکی ئابووری و بێکاری زیاتر.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP