دواین هەواڵ

بەراوردێکی نابەجێ: مەککە یان کوردستان؟!!

‌عومەر عەلى غەفور

16/08/2022

هەندێ جار هەندێ بەراورد دەکرێ و مرۆڤ ناچار بەهەڵبژاردن لەنێوان دوو بژاردەدا دەکرێ، کە زۆر نابەجێ و بێمانایە..

سادەترین بەڵگە لەسەر نابەجێبوونی ئەوەیە مرۆڤ تێیدا هەست دەکا دەست دەخەنە بینی و خەریکە هەناسەی بۆ هەڵنەیەت، لەتاو سەختیی بڕیاردانەکە..

بۆ نموونە لە منداڵ دەپرسن: باوکت زیاتر خۆش دەوێ یان دایکت؟!

ئەو لە دڵەوە وەڵام دەداتەوە: هەردووکیان..

کابرا هەر وازی لێ ناهێنێ و زۆری لێ دەکا ئیللا یەکێکیان هەڵبژێرێ..

منداڵەکە بەو فشارە خەریکە بخنکێ، چونکە ناتوانێ هەڵبژاردن لەنێوان لەتێکی دڵی و لەتەکەیتری دڵیدا بکا..

لەبەرئەوە بەدەگمەن منداڵ هەیە بچێتە ژێر باری فشاری بابای بێ سەلیقە و سوور دەبێ لەسەر ئەوەی (هەردووکیان)ی وەک یەک خۆش دەوێ!

یان لە ئافرەتێ دەپرسن: کوڕەکەتت زۆر خۆش دەوێ یان براکەت؟ مێردەکەت زۆر خۆش دەوێ یان باوکت/براکەت؟ یان لە پیاوێ دەپرسن: دایکتت زۆر خۆش دەوێ یان ژنەکەت؟!!

ئەم پرسیارانە کردنیان لە بنەڕەتدا هەڵەیە، چونکە مرۆڤ دەخەنە نێو بەراورد و هەڵبژاردن لەنێوان دوو شتدا، کە لە بنەڕەتدا نابێ بخرێنە تەرازووی بەراورد، بەڵکو دەکرێ بەبێ کێشانە و پێوانە و پلەبەندی هەردووکیان وەک یەک هەڵبژێرێ، هەریەکێکیان بە تام و تایبەتمەندیی خۆی..

بۆ منداڵ باوک تامی خۆی هەیە و دایکیش تامی خۆی هەیە، هەردووکیشیان خۆشەویستن (باس لە حاڵەتی ریزپەڕ ناکەین)

دایک لای پیاو خۆشەویستە بەتام و بۆنی خۆی، هاوسەریش خۆشەویستە، ئەویش بەتام و بۆنی خۆی، ناکرێ ئەو دوانە بخرێنە تای تەرازووی بەراوردکردنەوە..

لای ئافرەت کوڕەکەی جەرگە و خۆشەویستە، براکەیشی پشتە وخۆشەویستە، هیچیشیانی لێ زیاد نیە، دانانی ئەم دوانە لە تڕازووی بەراوردکردندا هەڵەیە و ئەنجامەکەی درووستکردنی فیتنە و رق و دووبەرەکییە.. هاوکات جۆرێکە لە سەپاندنی تێڕوانینی تاکانەیی (احادی) بەسەر زەیندا، کە پێی وایە تەنها یەک تەفسیر بۆ شتەکان و یەک بژاردەی تاکانە هەیە، نەک فرەتەفسیری و زیاتر لە بژاردەیەک..

هەمان شت بۆ بابەتی (پیرۆزتربوون)ی خاکی مەککە یان خاکی کوردستانیش و دانانی ئەو دووانە لە بەراوردکردندا، راستە، کە بێقەزا بێ د.عەبدولواحید ناوبەناو ئاگری ئەم جۆرە هەرا نەزۆکانە دەکاتەوە.. کە بەرەی نەیار و ناوەندە مەوبوئەکەی سۆشیال میدیایش فوو بە ئاگرەکەیدا دەکەن!!

من ناچمە ناو شیکردنەوەی مانای وشەی (پیرۆز)، هێندە دەڵێم لانیکەم لای کوردی موسڵمان، ئەوەی خۆی بە موسڵمان دابنێ، هەم مەککە خاکێکی پیرۆزە، هەم کوردستانیش، هیچ پێویستیشی بەوە نیە ئەم دوانە بخاتە تەرازووی ناکۆکی و بەراوردکردن، چونکە جگە لە دووبەرەکییەکی بێمانا هیچی لێ شین نابێ..

ئەوە کە تۆ نەیاری ئەو نوخبە حاکمەی کوردستان بیت کە فیکریان بەلای تۆوە نائیسلامییە، هیچ پەیوەندییەکی بە پیرۆزی و ناپیروزیی خاکی کوردستانەوە نیە..

هەڵوێستی سرووشتی و عەفەوی ئەوەیە وەک چۆن منداڵەکە وتی دایکم و باوکمم وەک یەک خۆش دەوێ، تۆیش بڵێیت مەککە و کوردستانیش وەک یەک بەلامەوە پیرۆزن، ئەویان قیبلەی دینمە و ئەمیان خوێن و ژینمە..!

ئەگەر وتیان: کامیان زیاتر؟؟
بڵێ: بەسە ئیتر!!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP