دواین هەواڵ

چەپڵەو دروشمبازیی گێلانە !

‌ئاسۆ عەبدوللەتیف

16/08/2022

کێشەی موقتەدا سەدر کێشەی مۆدێل و چەپڵەی جەهالەت و مۆتیڤکردن (دفع)ی بەرەی پۆپۆلیست و گێلەکانی عێراقە "الشعبوية"

یانی وابزانیت ئەو عەمامە ڕەشە بەو زیهنیەت و قەداسەتەوە، دیموکراسیەت و دەستور دەپارێزێت و خواستی کۆمەڵگایەکی کراوەو لیبڕاڵی هەیە بەرەو چاکسازیی ئایندە، ئەوە ئیتر لە هەڵەدایت و سەربە نەوەیەکی بێ ڕوانگەو بێ پرسیارو بێ جەوهەریت و لایەنگری جەهالەتی شەقامی گێلیزم و میللیگەرایت. 

موقتەداو کۆپیەکانی مۆدێلێک نین بۆ پێشڕەویکردنی دیموکراسی و کۆپیکردنەوەی ڕەسەنی دیموکراسیی، ئەسڵەن مۆدێلی شۆڕش و ڕیفۆرم نییە، مۆدێلی دەبەنگکردنی شۆڕشگێڕەکان و تێکدانی ڕیفۆرم و خوانی شۆڕشە دزراوەکەی عێراقە، مۆدێلی دەستبەسەراگرتنی شادەمارەکانی نەوت و کانزاو گازە، مۆدێلی مۆبیلیزەکردن (بونیاد - تأسيس)ی قوڵی مەرجەعیەتی تەقلیدیی ویلایەتی فەقیهی نوێ و سوپایەکی هەژموونگەرای مەزهەبییە، مۆدێلی دەوڵەتی قوڵی فاشیزمی مەزهەبییە، موقتەدا کە خۆی گەورەترین بنەماڵەو نەوەی تەوریسی سیاسی خێڵ و سیستمی فیوداڵی ئاینی و دەرەبەگایەتیە، ناتوانی بەو ئەرکە هەستێ و رێبەرایەتی تەندروستی مەدەنی بکات، هەرچی بێت هەرگیز نابێتە پێشڕەو بۆ دیموکراسی و دەوڵەتی دامەزراوەو ڕەخنەگری جددی بۆ پاکسازیی و چاکسازیی. ئەی کەواتە ڕژانە سەرشەقام و نوێژی سیاسی و بەیعەتی مونەززەم و وەک ئۆپۆزسیۆن نیشاندان و  ئاراستەکردنی ئەو خەڵکە بۆچی؟ 

بەسادەیی بڵێین عێراق لە بۆشایی ڕابەرو سەرکردەی مەیدانیی و بزوتنەوەی سیاسی مۆدێرنی بەرهەڵستکارییدایەو جەنگەکە بۆ دەسەڵاتگەرییەکی ئاینییە، خەڵکیش ڕاستە ناڕازین چونکە نان و موچەو سەکەن و دامەزراندن و ئاوی پاکژو سەیرانگاو کارەباو خزمەتگوزاری و ئازادیا دەوێ و نییە، ئیتر سوکانی ئەو خەڵکە هەژارە کێ جەڕی ئەیات براوەیە.

لۆژیکی تێدا نییە پیاوێک نەبێت لە عێراق بگونجێت بۆ ڕابەرایەتی میللەتێکی هۆزنشین. سایکۆلۆژیای موقتەدایی، بەو جۆرەیەو تەڵقینەکەی وایە کەس ڕابەر نیەو پیاوی ئازاو دەوڵەتمەدار نییەو خۆشی دروستی نەکردوە، وەنەبێ نوری مالیکی خراپترین پیاوی عێراق بێت و گەندەڵییەکانی کورت بێتەوە لە دزەکردنی یەک دوو نامەی دەنگییدا بۆیە موقتەدا تەزکیەی سەرۆکایەتیەکەی ناکات، هەزاران کاراکتەری وەک حاکم زاملی و وەزیری سەدری و ئەو فەرماندانەی سوپای مەهدی و سەرایا سەلام و ڕۆژی دوایی (یوم الموعود)، کە لەدەوری موقتەدان، مەرج نییە پەرێزیان پاک بێت بۆ حوکمرانی، گرفتەکە ئەوەیە سەدر سەرۆک وەزیرانێکی شکاوی نزم و بێ هەیبەتی دەوێت کە توانستی لێپێچینەوەی نەبێت و بڕیار بدات لەدژی خواستەکانی.

کوردو چەپڵەی ئۆپۆزسیۆنگەرا

بەشێکی کورد لەم دوورەوە چەپڵە لێئەدات بۆ ئەو ترازانەی عێراق و بەرەی پۆپۆلەرو خەریکی کۆپیی موقتەداو شەقام و نێرگەلە کێشانی سەر مێزەکەی حەلبوسین، گوایە شۆڕشەو سبەی دەگاتە کوردستان و بۆ ڕیفۆرم و جوڵانەوەکانی سەرشەقام و ڕێککردنەوەو دادگایی بەرپرسانی گەندەڵە؟ دەی ئەوە بەدبەختی و جەهلی سیاسی و فیکرییە، چەپڵەلێدانی بێ بەرنامەو بێ ڕەمزو بێ کاریزما بۆ ئەو خەڵکەی لەسەر شەقامەو خەباتی توندو زبرو ناڕێکخراو دەکات دژی دەسەڵات هەڵەی میتۆدیی و کۆپییەکی گێلانەیە کوشتنی ئەو تۆزە ئیرادەیەشە کە ماوە بۆ بەرەنگاری گەندەڵی و نادادیی. 

ئەوکات قەیس سعەید لە تونس لە ٢٠١٩ کۆدێتای بەسەر شەرعیەت و پەڕلەمان و دیموکراسیەتدا کرد دژی ڕابەری هەڵبژێردراوی گەل، ڕاشد غەننوشیی لەکارلادراو، هەبوون لێرەوە شاگەشکە بوون و هەر چەپڵەیان لێئەدا بۆ ئەو مۆدێلە، دەی خۆ ئەو پاڵەوان نەبوو، دژی دیموکراسی و دەستورو یاساکانی هەڵبژاردن بوو، ناسیۆنالیستێک بوو بەجارێک وڵاتی توشی قەیرانی سەخت کردەوە، تۆ لەبەر ئەوەی ڕقت لە دین ە ئیخوان و هێڵی ستراتیجی ئیسلامیزمە دێیت چەپڵەکە ئەخەیتە خزمەتی ئەو دۆخەوە کە دژە بە بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەیی و ئەخلاق، 

پاشان گرتن و دورخستنەوەی سەرۆک محمد مورسی شەهید لە سەرۆکایەتی کۆماری میسر لەلایەن کودەتاچییەکانی دەوری عەبدولفەتاح سیسی لە ٢٠١٣، هەر ئەو تایپە خەریکی ئەو جەهالەت و چەپڵەلێدانەبوون بۆ فەتاح سیسی کودەتاچیی و عەسکەرەکان ، کە ترۆپکی کودەتایەکی بێئەخلاقانەی عەسکەرتاریی و سیاسیی و دژە دیموکراسیانەبوو دژی پایەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ. تەنها لەبەر ئەوەی مورسی سەربە قوتابخانەی ئیخوان بوو ئینقیلاب پشتگوێخراو بوویە جۆرێک لە شۆڕش و ڕیفۆرم دەی ئەوە چ لۆژیکێکە بۆ کۆپیکردنەوەی لە سلێمانی و هەولێر؟

هێشتا خەڵکێک چەپڵە بۆ هەژموونی میلیتاریانەی ڤلادمیر پۆتن لێئەدات بۆ ئەو هەڵمەت و داگیرکاریەی ئۆکراین و بە لوتکەی خەباتی دیموکراسی دەزانن دژی سەرمایەداری ڕۆژئاواو قۆرخکاری ئەمریکا، کە ڕاستینەکەی ئەوەیە تۆ ڕقت لە ئەمریکایە، وادەزانی پۆتن موجاهیدە، دەی پۆتن و سیسی و قەیس و موقتەدا مۆدێلی سەرکوتکارین و تۆتالیتاریزم و فاشیزم بەرهەم دێنن و ئەو سیستمانەی هەندێک بزوتنەوەی سیاسی تازەپێکەوتووش، بۆی دەبنە کەڤەرو پشتیوانیان، خۆیان مەترسین بۆ فەزای دیموکراسی و ئازادی و ئاستی ئەخلاقیی سیاسی و مۆڕاڵیان سفرەو مۆدێلێک نین بۆ مرۆڤباڵایی و فەزیلەت و شکۆداریی و دیموکراسی و ڕێچکەیەکی تەندروستی حوکمڕانی مەدەنی، 

تکایە لەخۆتانەوە شوێن ڕەشایی و دەنگی ناڕەزایی ساختەو جەنگی مارانە، مەکەون و شوێنکەوتەو چەپڵەلێدەرێکی گێل مەبن، شوێن ڕەمزەکە بکەون و دەنگدەرێکی هۆشیاربن لەکاتی دەنگدان و بزانن کێ یاری بە دەنگ و چارەنووستانەوە ناکات ئەوە هەڵبژێرن، مۆدێلی شوێنکەوتەیی گێلانە کۆتایی هاتووە بۆ مۆدێلێک لە زرنگیی داهێنەرانە و گۆڕانکاری بنەڕەتیی و ڕادیکاڵانە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP