دواین هەواڵ

دەنگی گەل دەنگی خودایە؟

‌ئەبوبەكر كاروانی

27/06/2022

میکیاڤیللی لەکتێبی (دەمەتەقێ)دا، لەڕووانگەی ڕووانگە کۆماریخوازییەکەیەوە، ھەنگاوێ بەرە وێناکردنێکی نوێی سروشت وپەیوەندی لەنێوان میرو خەڵکەڕەشۆکییەکەدا دەھاوێت وپێی وایە ھەردوو کیان ھاوشێوەن. خۆئەگەر بڕیاربێت فەزڵی یەکێکیان بەسەر ئەوی تریاندا بدرێت، بەمەرجی پابەندبوون بەویاسایانەی ھەردوو لا لەسەری ڕێککەوتوون، دەبێت فەزڵی گەل بەسەر میردا بدرێت، ئەویش لەسۆنگەی ئەم خاڵانەی خوارەوە:

١- دەنگی گەل بەدەنگی خوا دەچوێنرێت، پێدەچێت ھێزێکی نادیار گەل لەھەموو خێرو شەڕێك ئاگاداربکاتەوە کەدواتر تووشیان دێت. ئەم بۆچوونەی میکیاڤیللییش لەھێڵەگشتیەکانی جیھانبینی ئیسلامی نزیك دەکاتەوە، کەپێی وایە نەتەوە مەعسومەو قابیل نیە لەسەر ھەڵە کۆببنەوە. ھەروەھا ئەوەی موسوڵمانان بەباشی بزانن خوای گەورەش قەڵەمی باشی لێدەدات وبەباشی دەزانێت بەوجۆرەی لەدەقی فەرموودەیەکدا ھاتووە.

٢- ئەوە سەلماوە خەڵکە ڕەشۆکەکە لە ناسین وھەڵبژاردنی کاربەدەستاندا لەمیر چاکترن. بەڵگەشی بۆئەم ڕایەی ئەوەیە: ھیچ کاتێک ناتوانرێت گەل بەھەڵبژاردنی کەسانی گەندەڵ وداوێنپیس وخراپەکار بۆ پلەوپایە گشتیەکان ڕازیبکرێت، لەکاتێکدا میر زۆر جار بەم جۆرە دامەزراندنە قایل دەبێت!

ئەگەر لەم وانگەشەوە، ھەندێك بەقوڵی سەرنج لەپەیوەندی نێوان خوداو گەل بدەین، ھەستدەکەین میکیاڤیللی نوێنەرایەتی قۆناغی سێھەم وتەئویلێکی نوێی تیۆری ( پێسپاردنی خودایی دەسەڵات( نظرية التفويض الالهي للحكم) لەمێژووی بیری سیاسی وفەلسەفیی خۆرئاوا ده کات. کە قۆناغی یەکەم حوکمی سیۆکراتی بەرھەم دەھێنێ ودەسەڵاتی دینی بەنوێنەرایەتی خودا، ڕەوایەتی بەحوکمڕان دەدات! ھەرچی قۆناغی دووەمە تەوزیفکرنێکی سەرەتاییانەی عەلمانیەت بوو بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی کڵێساو بناغە دارشتنی دەوڵەتە ناوەندییە نوێکان وپێی وابوو، خودا ڕاستەو خۆ حوکمڕانەکان بۆ ئەرکەکانیان دەپاڵێوێت نەک لەڕێی کڵێساو دەسەڵاتی دینییەوە.

بەڵام میکیاڤیللی لەچوارچێوەی پێشژانی لەداکبوونی گەل وکۆماریخوازی بەواتا نوێکانیانەوە، گەل لەجێی حوکمڕان دادەنێ، واتە دەستگرتن وڕێنوێنیکردنە خواییەکە بە ئیرادەو ڕایگشتی گەلەوە دەبەستێتەو.،خودا پشتیوانی گەلەو دەنگی ئەویش ھاوشێوەی دەنگی مەعنەویەتی.

ئاماژەی دوای ئەمەش ،گواستنەوەی ناوەندی دەسەڵاتە لەمیرو تاکی حوکمڕانەوە بۆ گەل. کەلەدوواترو لەچوارچێوەی تیۆری گرێبەستی کۆمەڵایەتی ودیموکراسیدا بەگوتەزای گەل سەرچاوەی دەسەڵاتە گوزارشتی لێکرایەوە. لە بازنەی فیکری ئیسلامیشدا،دکتۆر عەلی شەریعەتی پێی وایە لەپێناوخودا واتە لەپێناو خەڵكدا. لە فقھی ئیسلامیشدا مافی خودا ھاوتای مافی گشتیە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP