دواین هەواڵ

پوتینی دیكتاتۆر و زەلكاوی ئۆكرانیا

‌لوقمان حەوێز

پێش 1 هەفتە

ئۆكرانیەكان دوو مانگ و نیوە هەموو جیهانیان سەرسام كردوە، ئەوان سەلماندیان كە خاك و ووڵاتەكەی خۆیان زۆر خۆش دەوێت، بەهەموو جیهان دەڵێن ئازادی و دیموكراسیەت ناگۆڕینەوە بە ژیانی ژێر دەستە و دەسەڵاتێكی دیكتاتۆری...

ئێستا بۆ هەموو جیهانیش دەركەوت كە سوپایەكەی پوتینی دیكتاتۆر و درۆزن ئەو سوپایە نیە بتوانێت تەنانەت شەڕی ووڵات و نەتەوەیەكی بچوكی خۆڕاگری وەك ئۆكرانیای پێ بكات ئینجا چ جای لە شەڕی هەموو ڕۆژئاوا بەكاری بهێنێت وەك خۆی هەڕەشە دەكات، دوو مانگ و نیوە پوتین لە ڕێگەی سوپایەكەی هەموو هەوڵێكی داوە تەنیا شارێكی سەرەكی و گەورە لە ئۆكرانیا داگیر بكات، بەڵام لەبەر خۆڕاگری و قارەمانی ئۆكرانیەكان نەیتوانیوە ئەوە بكات، ئەو لە پلانیدا بوو بە دوو هەفتە بگاتە شاری (كیێڤ)ی پایتەخت و داگیری بكات، لە ماوەی تەنیا شەش هەفتەش هەموو ئۆكرانیا داگیر بكات و حكومەتێكی كارتۆنی لەسەریدا دابمەزرێنێت، بەڵام ئەوە دوو مانگ و نیوە تەنانەت نەیتوانیوە شارێكی گەورەی ئۆكرانیا داگیربكات، هەروەها پاشەكشەیەكی گەورەشی كرد لەو شوێنانەی زووتر داگیری كردبوو...

بۆچی پوتین هەڕەشەكانی دژ بە ڕۆژئاوا جێبەجێ ناكات..؟

ئەگەر بیرتان بێت ڤڵادیمێر پوتین كۆمەڵێك هەڕەشەی زۆر گەورەی لە دژی ڕۆژئاوا كرد لە هەفتەی یەكەم و دووەمی جەنگ، بەڵام بۆ هەڕەشەكانی جێبەجێ ناكات..؟ 

پوتین دەزانێت كۆمەڵێك هەڵەی كرد بە دەست پێكردنی جەنگ، یەكەم هەرگیز چاوەڕوان نەبوو كە ئۆكرانیەكان ئاوا قارەمانانە بەرگری لە ووڵاتەكەیان بكەن، ئەویش وەكو دیكتاتۆرەكانی تری جیهان بە چوار دەوریدا كۆمەڵێك ڕاوێژكاری درۆزن و ماستاوچی هەن كە بەردەوام كۆمەڵێك بەڵێنی درۆ و لێكدانەوەی نادروستی پێدەدەن، دووەم پوتین نەیزانی ووڵاتانی ڕۆژئاوا تێكڕا بەم شێوەیە بەیەك دەنگی بڕیار لە پاڵپشتیكردنی ووڵاتی ئۆكرانیا دەدەن بە هەموو شێوەیەك، ئەو وایدەزانی هەروەكو سەردەمی دۆناڵد تڕەمپ ئەوروپیەكان لە ناكۆكیەكانی نێوانیان بەردەوام دەبن...

دوای دەستپێكردنی جەنگیش پوتین بۆی دەركەوت كە ووڵاتانی ناتۆ چەند هەفتەك پێش دەستپێكردنی جەنگ هەموو ئامادەسازیەكیان كردبوو بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕووسیا لە ئەگەری فراوانبوونی جەنگ، ئامادەسازیەكانی ناتۆ لە ئاستێكدایە بتوانێت ڕووبەڕووی هەر هەڕەشەیەكی ناوكی ببێتەوە ئەگەر پوتین ئەو بڕیارە بدات، لە چەند هەفتەیەكەوە پێش هەڵگیرسانی جەنگ ئەمەریكا و ناتۆ هەموو ئامادەسازیەكیان هەبووە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هەنگاوە نەخوازراوەكانی ڕووسیا دژ بەوان، بۆ نمونە كۆمەڵێك فڕۆكەی B-52 باركراو بە موشەكی بەستراو بە كڵاوەی ناوكی بەردەوام  24 كاتژمێر لە ووڵاتانی ناتۆ نزیك بە ڕوسیا لە سەر زەوی و لە ئاسماندا لە ئامادە باشیدان، ئەمە جگە لە ئامادەسازی تەواوی كەشتیە سەربازیەكان و فڕۆكە هەڵگرەكانی ئەمەریكا كە بەردەوام لە نێو دەریا و زەریاكانی نزیك بە ئەوڕوپا بوونیان هەیە لەگەڵ هەموو بنكەكانی هەڵدانی موشەك لە ڕۆژئاوا،

جگە لەوانە سیستەمی چاودێریكردنی هەموو ئاسمانی دەوری گۆی زەوی ئەمەریكی (پان ستارز) یش كە چاودێری جوڵەی هەموو تەنە ئاسمانیەكانی دەوری گۆی زەوی دەكات بە فڕۆكەكان و موشەكەكان و تەنە ئاسمانیەكانی تر لە هەموو كاتێك زیاتر بە وردی كاری پێدەكرێت، لە ئەگەری بوونی هەر زانیاریەكی متمانە پێكراویش بە دەستپێكردنی ڕووبەڕوو بوونەوەی ناوكی ئەوان دەست پێشخەر دەبن پێش ئەوەی ڕووسیەكان ئەو كارە ئەنجام بدەن، ژێرئاوەكان یان غەواسەكانی ئەمەریكاش كە باركراون بە تۆرپیدۆ و موشەكی ناوكی لە هەموو دەریا و زەریاكانی نزیك بە ئەوروپا لە ئامادە باشیدان، بۆیە پوتین دەزانێت هەر جوڵەیەك لە دژی ووڵاتانی ڕۆژئاوا بكات خۆی و ووڵاتەكەی زەرەمەندی یەكەم دەبن...

پوتین و زەلكاوی ئۆكرانیا...

داگیركردنی ووڵاتێك كارێكە و مانەوە لێی بە بەردەوامی كارێكی زۆر قورسترە، داگیركردنی عێراق و ئەفغانستان بۆ هەموو جیهان ئەو ووتەیەی سەلماند، ئەمەریكا بەو هەموو هێز و توانایە و گەورەییەی خۆیەوە نەیتوانی سوپایەكەی لەو دوو ووڵاتە بچوكە بهێڵێتەوە، كەواتە سوپای پوتین كە چەند مانگێكە نەیتوانیوە شارێكی گەورە داگیر بكات لە ئۆكرانیا چۆن دەتوانێت بمێنێتەوە لەو ووڵاتە دوای داگیركردنی..؟ هەر لەبەر ئەوەش بوو پوتین دوای چەند هەفتەیەك لە دەستپێكی جەنگ وازی لە ستراتیژیەتی داگیركردنی هەموو ئۆكرانیا هێنا و ئێستا تەنیا باس لە ڕزگاركردنی چەند هەرێمێك دەكات لە ڕۆژهەڵاتی ئۆكرانیا، بەڵام ڕووداوەكان وا بەردەوام بن و ئۆكرانیەكان بەم شێوەیە بجەنگن ئەو ڕیسەش لە پوتین دەكەنەوە بە خوری، زۆری ژمارەی كوژراوانی سەربازە ڕووسیەكانیش لەلایەك و ئابڵۆقە ئابوریەكانیش هەروەها سنورداركردنی ئازادیەكان لە ڕووسیا لەوانەیە لە چەند مانگ و ساڵی داهاتوو كێشەی گەورە بۆ دەسەڵاتی پوتین دروست بكەن،

من لە ڕۆژی یەكەمی ئەم جەنگە لە نوسینێكمدا بە وردی ووتم: "هەرگیز دیكتاتۆرەكان دوربین نەبوون، هەمیشە خۆیان و گەلەكانیشیان زەرەمەندی یەكەمی بڕیارەكانیان بوون، پوتینیش یەكێك دەبێت لەوان" ئێستاش هەمان ئەم قسەیە دەكەم، دەشڵێم ئەگەر ڤلادیمێر پوتین بیزانیانە ئەو جەنگەی كە بەرپای دەكات ئەنجامەكانی بەم شێوەیە دەبێت و ئەو هەموو زیانانە بە گەل و ووڵاتەكەی دەگەیەنێت هەرگیز بەرپای نەدەكرد، پێم وایە ئەو ئێستا خۆی توشی زەلكاوی ئۆكرانیا كردوە...

تێبینی: باس كردن لە جەنگ و مەینەتیەكانی مرۆڤ شانازی نیە و خۆشیش نیە لەلای من، هەمیشە پێم وابووە مرۆڤ دەتوانێت بە وەگەڕخستنی زیرەكیەكانی و تواناكانی ژیان لەسەر ئەم هەسارەیە زۆر جوانتر بكات، پێم وایە سەرچاوەی نەهامەتیەكانی مرۆڤ لە ئێستادا هەموو مرۆڤەكان نین، زۆربەی مرۆڤەكان دەیانەوێت بە ئاسودەیی و بەبێ كێشە بژین، بەڵام بەپلەی یەكەم سیاسەتمەدارە دوو ڕووەكان و دیكتاتۆرەكان بەرپرسن، هەروەها خاوەنكار و سەرمایەدارە چاوچنۆكەكان و سەرەگەورەی ئایینەكانیش كە بەیەكەوە پاڵپشتی لەو سیاسەتمەدار ودیكتاتۆرانە دەكەن،

ئێمەی كوردیش كە زۆرتر لە هەموو میللەتێكی سەر ئەم زەمینە ئازارمان پێگەیشتوە بەدەست دیكتاتۆرەكان و بڕی هەرە زۆری خاكیشمان داگیر كراوە هەقە بەردەوام دژی داگیركردن و دیكتاتۆریەت بین ئینجا لەهەر كوێیەكی جیهان بێت، توشی دڵ ئێشە دەبم كاتێك دەبینم هەندێك كورد بەتایبەتی ئەوانەی لە هەندەرانن كە بەداخەوە زۆربەیان خۆیان بە ڕۆشنبیریش دادەنێن بەهۆكار و پاڵنەری ئایدۆلۆژی پاڵپشتی لە دیكتاتۆرێكی وەك پوتین دەكەن لە داگیركردنی خاكی ووڵاتێكی تر...

نەخشەی هاوپێچیش هی پێش سێ ڕۆژە، ئەو ڕوبەرەی بە ڕەنگی سور ڕەنگ کراوە کە کەوتۆتە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ئەو شوێنانەن کە تا‌ ئێستا سوپای ڕووسیا توانیویەتی داگیری بکات لە دوو مانگ و نیوی ڕابردودا...

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP