دواین هەواڵ

چ بەرنامەیک بۆ حکومەتی ئایندەی عێراقی فیدڕال پێویستە؟

‌كاوە محمود

18/01/2022

ئاکامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق کە ژمارەیەکی فروانی دەنگدەران تیایدا بەشدار نەبوون، ئاماژە بۆ بەرهەمهێنانەوەی هەمان هێزە سیاسییەکانی پێشتری گۆڕەپانی سیاسی عێڕاق دەکات، بە بوونی هەندێ گۆڕانکاری لە رێژەی ئەم هێز یان ئەو هێز بێ ئەوەی گۆڕانکاری چلۆنایەتی لە عەقلیەتی سیاسی دەسەڵاتداران بکات، و بەم جۆرەش لایەن سیاسییەکان لە میانەی دابەشکردنی پۆستەکان و حکومەت درووستکردن زیاتر کار بۆ دابەشکردنی پشک و پۆست دەکەن بێ ئەوەی جەخت لە سەر بەرنامەی حکومەتی ئایندە بکەنەوە. ئەم ئاراستەیە لە ململانێ لە سەر دەسەڵات و پشک پشکێنە لاینە کوردستانییەکانیش دەگرێتەوە.

ئەگەر بیر لە سەقامگیری سیاسی لە سەرانسەری عێراق بکرێتەوە و کار بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە سیاسییەکان لە دۆخی ئێستادا بکرێت بە پێویستی دەزانین حکومەتی ئایندە کار بۆ ئەم خاڵانە لە بەرنامەی خۆیدا بکات:

ـ جێبەجێکردنی بەندەکانی دستووری فیدڕال بەتایبەتی ماددەی 140 و کۆمەلێک ماددی دیکە کە دەوڵەت لە عەقڵیتی ناوەندێتی ڕەها بۆ دەوڵەتی فیدڕال دەگوازێتەوە.

ـ کارکردن بە بنەماکانی دیموکراسی تەوافقی کە پرنسیپەکانی هاوسەنگی و هەماهەنکی و شەراکەت بپارێزێت.

ـ ڕاگرتنی سیاسەتی گۆڕانکاری دیموگرافی و تەعریب کە لە چوار ساڵی ڕابووردوودا زیادی کردووە.

ـ پاراستنی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی و ماوەنەدان بە دەستێوەردانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.

ـ نەهێشتنی دیاردەی دەوڵەتی قوڵ و هەژمونی میلیشیای تایفەگەری.

ـ ڕاگرتنی هەنگاوەکانی بەتایبەتکردن و دانانی بەرنامەی گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوام.

ـ بابەخدان بە کەرتی تەندروستی و خوێندن و بواری خزمەتگوزاری پێویست بۆ هاووڵاتیان.

ـ سازدانی دیالۆکی دیموکراسیانە نێوان سەرجەم گەلان و پێکهاتە و نەتەوەکانی عێڕاق و چارەسەرکردنی قەیرانی دەوڵەتی عێڕاق لە سەر بنەمانی ئیرادەی ئازادانەی گەلان و نەتەوە و پێکهاتەکان.

فەرامۆشکردنی بەرنامەیەکی واقیعبینانەی ئەوتۆ کە لە ئاستی گۆسپ و تەگەرە و ئاڵنگارییەکان نەبێت مانای خولانەوەیە لە بازنەیەکی داخراو و بەردەوامبوونی قەیرانەکان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP