دواین هەواڵ

عەمامەکەی "موقتەدا "چی تێدایە ؟!

‌عەتا شەمێرانی

18/01/2022

لە کۆتایی ساڵی 2004 بو،بۆ یەکەمجار ناوی(موقتەدا سەدر)م بیست٫ئەوکاتە وەك ڕۆژنامەنووسێك لەبەغداد خەریکی گواستنەوەو ڕووماڵکردنی هەواڵەکانی ئەو شارەبووم٫ئەو ڕۆژانە(موقتەدا سەدر)وەك یاخیبوویەکی شۆڕشگێڕی ئایینی لەناو عێراقیەکاندا ناوبانگی دەرکردبو.لەدوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن سوپای هاووپەیمانانەوە٫موقتەدا بەگژ سوپای ئەمەریکادا چوەوەو لەنەجەف وسامەڕاش زەبرێکی کوشندەی لێدابوون٫دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا وسوپای هاووپەیمانان لەهەموو جێگایەك بەدوای موقتەداوەبوون٫خەڵاتێکی گرانبەهایان بۆ دۆزینەوەی تەرخانکردبوو
موقتەدا سەدر لەناوەڕاستی ساڵی 2006دا سوپای مەهدی پێکهێنا٫ئەوسوپایەش بە 60هەزارچەکدار مەزەندە دەکرا٫ناووناوبانگی سوپای مەهدییش تەواوی عێراقی تەنیبو٫هەر لەناوەڕاستی ئەوساڵەدا موقتەدا گەیشتە شاری (قوم)ی ئێران ولەوێوە سەرکردایەتی سوپاکەی دەکرد٫موقتەدا وەك سەرکردەیەکی گەنجی یاخی لەلای تەواوی شوێنکەوتوانی مەزهەبی شیعە خۆشەویست وقەدرگران بوو٫گرتە فیدێۆییەکانی لەکەناڵی جەزیرەی قەتەرییەوە بڵاو ئەکرایەوە.لەسەرماوەرزی ساڵی 2007دا (نوری مالیکی)سەرەك وەزیرانی پێشووتری عێراق، پاڵپشت بە هاریکاری سوپای ئەمەریکا وهاووپەیمانان هێرشێکی بەربڵاوی لەژێرناوی(صولة الفرسان)کردە سەر چەکدارانی سوپای مەهدی٫ لەنەجەف وکەربەلادا ژمارەیەکی زۆری لێکووشتن.هەر لەو ساڵەدا مالیکی بەڵێنی بەئیدارەی ئەمەریکادابو کەخۆی کۆتایی بەسەدرو شوێنکەوتووانی دەهێنێت ٫بەڵام نەك هەر نەیتوانی کۆتاییان پێبهێنێت٫بەڵکو هەموو هەوڵەکانی شکستی هێناو ساڵ لەدوای ساڵیش پێگەودەستەڵاتی موقتەدا سەدر هەڵکشا.دواجار ئەمەریکا ناچاربو کە دانووستان لەگەڵ موقتەداسەدردا بکات ٫موقتەداش هاتە نێوپرۆسەی سیاسیەوەو بەشداری لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی 2010دا کردو لەداخی نوری مالیکیش پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا هەڵپەسارد .

لەدوای ساڵی 2004ەوە موقتەدا سەدر وەك سەرکردەو مەرجەعێکی گەوورەی شیعەکان تەماشا دەکرێت٫لەکۆتایی ساڵی 2014شدا موقتەدا سەدر تۆڵەی خۆی لەمالیکی کردەوەونەیهێشت بۆ جاری سێهەم خۆی کاندیدبکاتەوە. هەرچەندە چەندجارێك نوری مالیکی لەپای هێرشەکەی ساڵی 2007 داوای لێبوردنی لێکرد بەڵام موقتەدا هەتا ئەمڕۆش لێبوردنەکەی قبوڵ نەکردووە.

موقتەدا سەدر بەهۆی پاڵپشتی جەماوەریەوە٫چەندجارێك ملێۆنان کەسی هێناوەتە سەرجادەو هەڕەشەی توندی لەحکومەت وپەرلەمانیش کردووە٫لە ڕۆژی 30\4\ساڵی 2014دا لایەنگرانی هەڵیانکوتایە سەر ناوچەی سەوزو بینای سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی ئەو ووڵاتەیان خستە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە.بەردەوام سێبەری موقتەدا سەدر بەسەر ئاسمانی دەستەڵاتی سیاسی عێراقەوەیەو هیچ سەرکردەو هێزێکی سیاسیش لەعێراقدا ناتوانێت بڕیارو سەرنجەکانی موقتەدا نادیدە بگرێت.

محمد حسنین هەیکەل لەکتێبی(مدافع آية الله، قصة ايران و الثورة)دا دەڵێت:لەدوای سەرکەووتنی شۆڕشی گەلانی ئێران،ئیمام خومەینی بە نیاز نەبوو خەریکی سیاسەت بێ،حەزی ئەکرد وەك مەرجەعی باڵای شیعەکان لە قوم دانیشێت، بەڵام وەختێك بینی لە لایەن و هێزە سیاسییە بەشدارەکانی شۆڕش،لەناو خۆیاندا ڕێك ناکەون،کەوتە ناویان و هەریەکی بە شێوەیەك سزادا ودواتر خۆی بوو بە مەرجەعی باڵای سیاسی و مەزهەبی لە ئێراندا وتەواوی دەستەڵاتەکانیشی بۆخۆی قۆرخ کرد.

عەمامەکەی موقتەدا پڕە لە مارو دووپشکی نوستو،پڕە لە فرت و فێڵ و نەخشەی نادیار، لای عێراقیەکان هێشتا ڕوون نیە موقتەدا چ جۆرە نیازێکی هەیەو بەتەمای چیە،بەڵام بەبڕوای من ئەو عەمامە بەسەرە دەبێتە ستەمکارێکی گەوورە و تەواوی سێکتەرەکانی عێراق دەخاتە ژێر ڕکێف ودەستەڵاتی خۆیەوە!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP