دواین هەواڵ

کورد دەتوانێت لەبەغدا چی بکات؟

‌دڵشاد تاڵەبانی

21/10/2021

هەرچەندە لەعێراق دیموکراتی راستەقینە بەرقەرار نیە، تائیفەگەری زاڵەو نەتەوەی گەورەو کوتلە گەورەکانی شیعە بڕیاریان لەدەستەو بەشێکی هێزە سیاسییەکان لەدەرەوەی سنورەکان فەرمان وەردەگرن و لەسەر بناغەی تەسکی لایەن و تەنانەت کەسایەتیش بڕیارەکانی پەرلەمان دەردەچێت، گەندەڵی و ناعەدالەتی  و وەلا‌و رۆڵی سەرەکی دەبینێت، زۆرینەی خەڵک بەشدار نەبووە لەپرۆسەی سیاسی و لەهەموو ناڕازییە  و لایەنەکان رەد دەکاتەوە و دەنگدەران کەمینە بوونە،

بەڵام سەرەڕای ئەوانە پەرلەمان هەڵبژێردراوەو بڕیارە بنەرەتییەکان و یاسا و تەنانەت گۆڕینی دەستوری عیراقیش بەدەست ئەوە ، سەرۆک وەزیران و حکومەت و سەرۆکی وڵات، بودجە، مەبەستە بنەڕەتیەکان و داهاتوی حوکمڕانی و سیستەمی سیاسی، چاک ب‌ێت یان خراب، بەدڵی خەڵک بێت یان نا، ئەوان بڕیاردەرین.

بۆیە ئەوەی ژمارەی کورسی زیاتری هەبێت و یەکگرتوو بیت، پەرلەمانتارەکانی شارەزابن و توانا ومەودای  ئامادەیی و بیندرێژی مناوەرەی سیاسی و تاکتیک و بەرنامەی بەهێزو توانای هەڵسوڕان و مامەڵە و سەوداکاریان لە گەڵ لایەنەکانی تر هەبیت، لەهەمان کات بەرنامەی لایەنی کەمیان هەبێت کە تەنازولی لێنەکەن و سەوداکاری لەسەر نەکەن، وا ئەو لایەنە سەرکەوتوو دەبێت و دەتوانێت زۆری ویستەکانی خۆی لەپەرلەمان و لەگفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان بچەسپێنێت و داواکانی جێگیر بکات.

کورد لەم هەڵبژاردنە ٦٢ تا ٦٤ کورسی دەبێت، جا لایەنێک کەمتر یان زیاترو لە راستیدا بەژمارە هەموو لایەنەکان کەمیان کردووە ، یەکێتی و پارتی بەبەراورد لەگەڵ هەلبژاردنەکانی پێشوو هەریەکە دەیان هەزار دەنگدەر کەمیان کردووە، هەرچەندە ٤ نەوەی تر لەم هەڵبژاردنە هاتوونەتە پێشەوە. بەژمارە ، کورسی کورد زیادی کردووە، تەنها کوتلەی سەدرییەکان کورسی لەکورد زیاترە ، بۆیە گەر لایەنەکان راست بکەن و بەرژەوەندییە بنەڕەتیەکانی کورد لەبەرچاو بگرن لەمەبەستە بنچینەییەکاندا وەک یەک لایەن کار کردار بکەن، وا بێگومان زۆری مەبەستەکانی کوردستان و تەنانەت ناوچە دابڕاوەکانیش جێگیر دەکەن و کێشەکان بەئاسانتر چارەسەر دەبن و لایەنەکانی عەرەبی سوننە و شیعە ناچارن حسابی گەورە بۆ کورد بکەن.

لەدەرەوەی عێراقیش حسابی گەورە بۆ کوتلەی پەرلەمانی کوردی دەکرێت. با لەداواکانی کەرکوک و موسڵیس هەوڵبدەن پشتگیری لایەنی عەرەبی و تورکمانی وەرگرن و ئەمانیس پشتگیری لەداوا باشەکانیان بۆ ئەو ناوچانە بکەن، پشتگیری عەرەبە سوننەکان بکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە سونییەکان.

دەتوانن زۆر مەبەست بسەپێنن (لەجیاتی ١٤٠، هەڵۆەشاندنەوەی هەموو بڕیارەکانی مجلس قیادە الپورەو بەتایبەتی بەرامبەر بەکورد - بودجە و موچە - خستنی موچەی پێشمەرگە بۆ سەر حکومەتی فیدرالی- چاککردنی کارەبای کوردستان لەگەڵ هەموو کارەبای عیراقدا- ناردنی سوتەمەنی بۆ کوردستان - حسابکردن بۆ کورد وەک خۆی - راگرتنی تەوازن لەکەرکوک و خزمەتکردنی، لەبەرئەوەی کورد نیوەی کورسیەکانی پێکدێنێت)،

بەڵام گەر وانەکەن و ململانی لەسەر مەبەستە لاوەکییەکان ( سەرەک کۆمار، کە بەفعلی هەر پرۆتۆکۆلیە لەدوای مام جەلالەوە - لەسەر وەزیر و چەند مەرکەز، هەروەها بۆ بەرژەوەندی تاکی و لایەن بەجیا و لە رقی یەک مامەڵە و هاوپەیمانی لەگەڵ هێزی تر بکەن) وا کورد بەتێکڕا زەرەر دەکات و لەمەبەستە گرنگەکان دۆڕاو دەبێت  و حسابی ئەوتۆ بۆ هیچ لایەکیان ناکرێت، دەبێت بزانن کە پێکەوە بن و رێز لەیەکتری بگرن و هاوکاری یەک بن. 

رەنگە وەک لایەن یان کەسایەتی هێندێک ئیمتیازی شەخسی وەرگرن بۆ چەند کەس، بەڵام نە سەنگیان دەبێت و نە لەناوەوە و دەرەوە حسابیان بۆ دەکرێت و نە هیچ بۆ کورد دەکەن و دەنگدەرانی کرد ئەوەندەی تر بیزارو مەئیوس دەکەن و رەنگە کورد لەو پەرلەمانە زۆر مەبەستی تر لەدەستبدات و بڕیار و یاسای دژ بەکورد دەرکرێت.

بۆیە ئەمە پەیامێکە بۆ هەموو لایەنەکان. لەکوردستان خلافاتیان چارەسەر بکەن، بەڵام لەبەغدا لەسەر مەبەستە نەتەوەییەکان یەک بن.

ئایا ئەمە دەکەن، من گومانم هەیە، هیوادارم گومانەکەم راست دەرنەچێت و بتوانن بۆ کورد شتێک بکەن، جورئەتی قسەو کارو کردەوەیان تێدا بێت. نیشتمانپەروەری و نانیشتمانی لەوە دەردەکەوێت، ناشیت هیج لایەنیکیش خۆی و ویستەکانی بسەپێنێت

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP