دواین هەواڵ

گرنگە بەرەیەك بۆ فراكسیۆنە كوردستانییەكان دروست بكرێت

‌مەسعود حەیدەر

21/10/2021

لەم هەڵبژاردنەدا پارتی دیموكراتی كوردستان بووە گەورەترین حزبی كوردستان و بووە خاوەنی 33 كورسیی پەرلەمانی، واتا زۆر زیاتر لە 25 كورسی لە هەڵبژاردنەكانی 2018ی پێشووی پەرلەمانی عێراقدا؛ پارتی حزبی هەموو كوردێكی نیشتمانپەروەر و دڵسۆزە و خۆی بە نوێنەر و خەمخۆری هەموو گەلی كوردستان دەزانێت و، خاوەنی دۆزی ڕەوای كوردە، ئەم سەركەوتنە وادەكات ئەركی قۆناغی داهاتوومان قورستر بێت و، دەبێ پێكەوە لەیەك سەنگەردا بین.

پارتی چەند بەهێزتر بێت، هەنگاوی زیاتر دەنێت بۆ كوردستانێكی سەقامگیر و ئاوەدان و بەهێز و پاراستنی یەكڕیزی و تەبایی نێوماڵی كورد. لەدوای ئەم هەڵبژادنە ئەوەی بۆ ئێمەی كورد گرنگە یەكڕیزیی نێوان پارت و لایەنە سیاسییەكانە، هەروەكو چۆن لە پەیامی سەرۆك بارزانی بە ڕوونی و ئاشكرا هاتووە و جەختی لەسەر یەكڕیزیی نێوان لایەنە كوردستانییەكان كردەوە بەوەی:

«لەدوای هەڵبژاردن لایەنە كوردستانییەكان یەكڕیز و تەواوكاری یەكتری بن و بە یەكەوە بۆ یەك ئامانجی هاوبەش و لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان بەرگریكاریی لە ماف و دەستكەوتەكان كار بكەن». ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە بەیانەكەیدا ئاماژەی لە سەر گرنگیی یەكڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەكان كردەوە. مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانیش كە بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی كۆبوونەوە لە ڕاگەیاندراوەكەیاندا بە ڕوونی و ئاشكرایی جەختیان لەسەر پاراستنی دەستكەوت و مافەكانی خەڵكی كوردستان و پرەنسپەكانی (شەراكەت و سازان و هاوسەنگی) كردەوە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، تەئكیدیان لەسەر پێویستیی ڕێكخستنەوەیەكی سەردەمییانە بۆ عێراق كردەوە. ئەمەش هەمووی لەپێناو بەرژەوەندیی گەلی كوردستان و گەلی عێراقدایە، لە كاتێكدا كە وڵاتەكە بە قۆناغێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، چیتر تەحەمولی چارەسەرنەكردنی ئەو هەموو كێشە هەڵواسراوانە ناكات.

هەر چۆنێك بێت، هێشتا دوائەنجامی هەڵبژاردنەكان ڕانەگەیەندراوە، هەر چەندە حزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراق بە زەحمەت قبووڵی شكست دەكەن و، ئەوانەی دەنگی كورسیان كەم هێناوە، تانە و سكاڵاو ناڕەزایەتی دەردەبڕن، بەڵام لە كۆتاییدا حزبە سیاسییەكان واقیعە نوێیەكە قبووڵ دەكەن، ئەم حاڵەتەی ئێستای عێراق لە ڕەتكردنەوەی ئەو حزبانەی ژمارەی كورسییەكانیان كەمە چاوەڕوانكراو بوو، خۆ لە 2018 دا بارودۆخەكە زۆر لەمە خراپتر بوو، ئەو كات كۆگاكانی سندوقەكانی دەنگدەرانیان دەسووتاند و هێرش دەكرایە سەر بنكەكانی دەنگدان و ڕووخانی حكومەت و خۆپیشاندانەكان و شۆڕشی تشرینی لێكەوتەوە، ئەو سەردەمە كەسایەتی و سەركردە ژیرەكان و خاوەن دیدگا و تێڕوانینی دوور مەودا بە عەقڵی مەنتیق و لۆژیكانە كۆبوونەوە و ڕێككەوتن.

پرۆسەی سیاسی بە بێ تەوافوقی سیاسی لەناو ماڵی شیعە و لەنێو پێكهاتەكان ناچێت بەڕێوە، بۆ هێوركردنەوەی ناكۆكییە سیاسییەكانیش نابێت فاكتەر و ڕۆڵی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لەبیر بكەین كە بەو ئاراستەیە ناچێت بارودۆخەكە زیاتر بشێوێنێت، بەڵكو بە ئاراستەی نزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان دەچێت و ناكۆكییەكان هێور دەكەنەوە، بەتایبەتی ڕۆڵی ئیقلیمی بۆ نزیككردنەوەی ڕاوبۆچوونەكانی نێو ماڵی شیعە كە ڕەنگە بە جێبەجێكردنی هەندێك گۆڕانكاریی بچووك هەمووان ڕازی بكەن. ئیشكالیاتی حزبەكان لەوەدایە كە ژمارەی كورسییەكانی كەم دەكات، ئەنجامی هەڵبژاردنەكە ڕەت دەكەنەوە، لە كاتێكدا هەر حزبەكانە ئەندام و چاودێریان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دامەزراندووە و ڕازی بوون لە یاسای هەڵبژاردنەكە و بەڕێوەچوونی شێوازی پرۆسەكە، بۆ ئەم حاڵەتەش میكانیزمی یاسایی و شێوازی ڕێكوپێكی تانە و پێشكەشكردنی سكاڵا هەیە،

ئیتر ئەو هەموو ناڕەزایەتی و گومان و هەڕەشە بۆ پەنابردنە بەر چەك و توندوتیژی هەڵەیەكی كوشندەیە و شەقامی عێراقیش ئەمەی قبووڵ نییە و خوازیارن وڵات لە دۆخی بێ خزمەتگوزاری و خراپیی دۆخی بژێوی ژیانیان تێپەڕێنن و حزبەكان خۆیان سەرقاڵی جێبەجێكردنی ئەجیندەی دەرەكی نەكەن.

بۆ ئێمەی كورد دیمەنەكە زۆر جیاوازە و گرنگە لەسەر ئاستی عێراق یەكڕیز و یەكدەنگ بین، لەبەر ئەوەی ئێمە وەكو كورد خاوەنی قەزییەی نەتەوە و نیشتمانین و وەكو كوردستانییەكان ئیشكالیاتمان لەسەر خاك و مافی نەتەوەیی و نیشتمانی لە عێراقدا هەیە، زۆر گرنگە حزبە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراقدا لەسەر ئەم پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییانە یەكهەڵوێست بن، ڕاستە لە هەرێمی كوردستان هەموو حزبەكان گرفت، یان ئیشكالیاتیان لەنێوان خۆیاندا هەیە،

بەڵام دەكرێت هەموو ئەمانە لە هەرێمی كوردستان لە نێو خۆیاندا بە دانوستاندن و گفتوگۆ چارەسەر بكرێت، گرنگ ئەوەیە گرفتەكانی ئێرە نەگوازرێتەوە نێو پەرلەمانی بەغدا و كاریگەریی نەرێنی بە سەر مافی خەڵكی كوردستان لە خاك و شایستە داراییەكان نەبێت، كاتی ئەوەیە هەنگاو بنێین بۆ دروستكردنی بەرەیەكی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بۆ بەرگریكردن لە مافە دەستووری و نیشتمانییەكانی گەلی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان بڕوای وایە دەبێت وەرەقەیەكی كوردستانی لە ڕێگەی شاندێكی كوردستانییەوە بە ڕەچاوی تایبەتمەندێتی قەزییەی كوردی هەبێت دانوستان و گفتوگۆكان لەبەغدا لەسەر ئەم بنەمایە دەبێت كە هەموو مافە دەستووری و یاساییەكانی گەلی كوردستانی تێدا دەبێت و خۆمان بۆ هەموو ئەگەرەكان ئامادە بكەین، چونكە بە تەئكید لەناو پەرلەمانی عێراقدا لایەنی سیاسی و كەسایەتیی شیعە هەیە كەوتوونەتە ژێر ئەجندەی دەرەكی و خێر و خۆشییان بۆ هەرێمی كوردستان ناوێت و لە هەوڵی دروستكردنی دەوڵەتی مەركەزی و حوكمڕانیی زۆرینەدان.

لە بەرامبەردا بارودۆخەكە هەر وا ڕەشبین نییە، لایەنی سیاسیی شیعە و كەسایەتیی شیعەی زۆریش هەیە خوازیارن بە هاوبەشی لە نێوان شیعە و سوننە و كورد ئەم وڵاتە بەڕێوەبچێت و هەموو كێشەكان چارەسەر بكرێت، لەمەشدا بە چاوی ڕێز و بەرزەوە دەڕواننە سەرۆك بارزانی و خوازیارن هەموو كێشە و گرفتەكان بەچاوی ڕێز و لۆژیكی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی چارەسەر بكەن، هەر لە ئێستاشەوە جموجوڵی سیاسی دەستی پێكردووە و كورد فاكتەرێكی گرنگە بۆ سەقامگیریی عێراق و بە بێ كورد و ڕۆڵی كورد مومكین نییە عێراق سەقامگیر بێت. بێگومان 100 ساڵی ڕابردوو سەلمێنەر و بەڵگەیەكی زۆر ڕوون و ئاشكرایە بۆ ئەم بۆچوونە.

هەر بۆیە ڕێزگرتن لە دەستوور و ڕەچاوكردنی پرەنسیپەكانی (شەراكەت و سازان و هاوسەنگی) لە بنەماكانی حوكمڕانییەكی فیدڕاڵی دروستە ئەمە بۆ كورد گرنگە، بەپێچەوانەوە وڵات لە گێژاوی ناسەقامگیریی و خراپیی دۆخی خزمەتگوزارییەكان و لاوازی دەرناچێت و، سەدرییەكانیش توانای ئەو چاكسازییەیان نابێت كە كردوویانە بە دروشم و بەڵێنیان بە دەنگدەرانیان داوە. ئومێد دەكەم لە دوای هەڵبژاردنەكان لایەنە سیاسییەكانی شیعە بەتایبەتی ئەوانەی كەوتوونەتە ژێر ئەجندەی ئێرانەوە بارودۆخەكە بەئاقارێكی خراپدا نەبەن، چونكە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لە عێراقدا بۆ هەموو پێكهاتەكان و لایەنە سیاسییەكان گرنگە.

سەبارەت بە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەوانەی لە عێراق بە ناوچە كێشە لەسەرەكان ناوی دەبەن، ڕاستە یاسای هەڵبژاردن تا ڕاددەیەك ڕەچاوی ئەوەی كرد، بەوەی ناوچەكان بە شێوەیەك دابەش بكرێن لە نێوان كورد و توركمان و عەرەب و هەندێك ناوچەی هاوبەشیش هەبوو سەرەڕای هەبوونی تێبینیی سەرەكی لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكە و نەبوونی كاری هاوبەش لە نێوان لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان، كە دەكرا ژمارەی كورسییەكانی كورد لەم ناوچانە زیاتریش بووایە، دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی وەكو پارتی بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی مێژوویی و نەتەوەیی و نیشتمانی لەم ناوچانەدا مامەڵە بكەن، چونكە دەرئەنجام هەموو كاندیدە دەرچووەكانی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە دەبێت پێكەوە كاربكەن بۆ بەرگریكردن لە پێكهاتەكانی ئەو ناوچانە و خزمەتی زیاتری خەڵكە خۆڕاگر و دڵسۆزەكەی بكەن كە ساڵانێكە لەژێر بارودۆخێكی سەپێنراوی نائاسایی و نایاساییدان،

پێویستە كار بەو ئاراستەیە بكرێت، ئەو پارێزگارە نایاساییە بە زۆر سەپێنراوە بە زووترن كات بگۆڕێت، چونكە پۆستی پارێزگاری كەركووك ئیستحقاقاتی كوردە وەكو مافێكی سیاسی، هەموو ئەمانە پێویستی بە ئیشكردنە و گرنگە لە قۆناغی داهاتوودا هەموو حزبەكان لە قۆناغی بانگەشە دەربچن و بە ڕۆحیەتی كوردانە و نیشتمانپەروەرییەوە ڕوو لە بەغدا بكەن و، بەرگری و داكۆكی لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی خەڵكی هەرێم و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بكەن و لەم خولە نوێیەی پەرلەماندا ماددەی 140ی دەستووری جێبەجێ بكرێت.
هەڵوێستی پارتی و سەركردایەتییەكەی ڕوون و ئاشكرایە بەوەی چاوەڕوانی ئەنجامی كۆتایی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بكەین و بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی مێژووییەوە بڕوانینە بارودۆخەكە، چونكە دامەزراندنی حكومەتی عێراق ماوەیەكی دەوێت و ڕەنگە تا مانگی شوبات و ئاداری 2022 بخایەنێت دوای ئەوەی لەكۆتایی ئەم مانگە دەرئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان ڕادەگەیەنرێت و دادگای فیدڕاڵی ڕەزامەندی لەسەر دەدات و كۆبوونەوەی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان و دواتر ڕێكەوتن لەسەر سێ سەرۆكایەتییەكە دەست پێ دەكات، عورفی سیاسیی پەیڕەوكراویش وایە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پێكهاتەی شیعەیە و سەرۆكایەتیی كۆمار بۆ پێكهاتەی كوردە و سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ پێكهاتەی سوننەیە، بۆ سەرۆكایەتیی كۆمار گفتوگۆ و ڕێككەوتن لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی بوونی دەبێت،

ململانێكان لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق توند دەبێت، پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئیستحقاقی شیعەیە و لایەنە سیاسییە گەورە شیعەكان بڕیاری لەسەر دەدەن و بە گفتوگۆ و ڕاوێژكاری لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی دیكە بەتایبەتی شەخسی سەرۆك بارزانی وەكو مەرجەعی كورد و كوردستانییەكان، بۆ پۆستی سەرۆك كۆماریش دەبێت ئێمە وەكو كورد لە نێو خۆماندا ڕێكبكەوین و گرنگە پارتی و یەكێتی بەتایبەتی لەسەر یەك كاندید ڕێكبكەوین،

لە هەموو حاڵەتێكدا هێشتا زووە بۆ قسەكردن لە سەر زۆر پرس و بابەت، چونكە پرۆسەی یەكلاكردنەوەی هەر سێ سەرۆكایەتییەكە ماوەیەكی باشی دەوێت و، دواجار دامەزراندنی حكومەت شەش مانگ دەخایەنێت، لەكۆتاییدا پلە و پۆست لای پارتی وەسیلەیەكە بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان و پارێزگاریكردن لە دەستكەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP