دواین هەواڵ

نامەیەک بۆ سەرۆک بارزانی بۆ هاوسەرۆک کاک بافڵ تاڵەبان

‌به‌هرۆز جه‌عفه‌ر

22/09/2021

هەروەک وەکو لە ڕێگەی کەسییەوە ئەم پەیامەم بە مەکتەبی سیاسیی هەردوو حیزب و جەنابی کاک قوباد تاڵەبانی داوە. ئێوەو دەوروبەرو ڕای گشتیش من ئەناسن جگە لە ڕێبوارێک بۆ خزمەتی کوردستان و بونیادنان و خەمی دوورخستنەوەی مەترسییەکان شتێکی تر نەبوین. بۆیە ئەگەر بزانم پەیامەکەم بەهەند وەرناگرن ئەوا بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزیی و کەناڵی دیکە پەنا ئەبەمە بەر ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و ناوەندەکانی دیکەی جیهان، چونکە ڕووبەڕووبونەوەی مەترسیی ئەم ناوچەیە پەیوەستە بە بەشێکی ئاسایشی هەرێمایەتی و جیهانییەوە، ئەوەشی ئەم مەترسییە دووهێندە ئەکاتەوە هەندێ سیاسیی بەرژەوەندیخواز و نامۆ بە قوربانی و دۆزی ڕەوای گەلەکەمانە.
بەڕێزان…

ئەم دۆخەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەگوزەرێت دەرئەنجامی رۆڵی پڕ نیفاقی چەند سیاسییەکی لەبلەبان و هەلپەرست و بازرگانە کە تەنهاو تەنها لە مشوری پرۆژەو سەفەقاتەکانی خۆیاندان. بەداخەوە بەهۆی کۆچی دوایی جەنابی مام جەلالەوە لە بەغدا و هەرێمی کوردستان بۆشاییەکی گەورە دروست بو، ئەزمون دەریخست کەسانی بێ ئەمەک و خۆ-پەرست ناتوانن جێگەی ئەو بگرنەوە، بەڕێز مام جەلال بۆ هەموان بو بۆیە هەموانیش بۆ ئەو بون. ئیمڕۆکە کەسانێک لە لوتکەی بڕیاری سیاسیی عێراق لە دەرەوەی کۆ-ڕایی کوردستانی لە بەغدا دانیشتون. ئەیانەوێ هەموان بۆ ئەو بن و ئەویش بۆ خودی خۆی بێت. هیچ هەڵوێستێکیان بەرانبەر پرسی قووتی خەڵک و داگیرکردنی سەدان هەزار دۆنم زەوی کەرکوک و تەبعیس و تەعریب نەبوە، بەڵکو بەئاشکرا سەرقاڵی بنکۆڵکردنی کیانی هەرێمی کوردستانیش بون.

بە بەڵگە چەندین دەسودایەرەی تاوانباریان لە لیستی تاوان دەرهێناوەو پلەو پۆستیان لە سێکتەرە جیاوازەکانی حکومەتی عێراقدا پێداون. دەیان مەلەفی گەندەڵی گەورەیان لەسەرە و بەو پارانەش دەستیان داوەتە لۆبی کردن بۆ خۆیان و خۆبادان بەملاولادا لە پێناو خۆیان نەک گەلەکەیان، ئەوانە هۆکارێکی سەرەکی نائومێدکردنی خەڵکی کوردستان و “بێ حورمەت” کردنی سیاسەتن لەناوچەکەدا.

ئازیزان… جەنابی کاک مەسعود بارزانی…
بەڕێز کاک بافڵی مام جەلال

دۆخی کوردستان کەوتۆتە بەر هەڕەشەیەکی گەورە، هەڕەشەی ووڵاتانی دراوسێ دیارن. هەر لە خانەقینەوە تا ئەگاتە سوریا بە هێزی چەکداری نەیاری ئەم هەرێمە تەندراوە، زیاتر لە (٦٠) جار پەلامارو هەڕەشە بۆ سەر هەرێم و فڕۆکەخانەی هەولێر بەڵگەیەکی زیندووە لەماوەی تەنها ساڵێکدا. هەموومان ئەزانین ئیدارەی ئەمریکا هێزەکانی لە عێراق ئەکشێنێتەوە بەڵام کەم کەس ئەزانێت لە چ بەروارو کاژێرێکدایە. نازانین لە ئایندەدا بەغدا چۆن مامەڵە لەگەڵ کورد ئەکات. بۆیە لە دۆخێکی وەهادا پێویستە بۆ پۆستە باڵاکانی عێراق بەگشتی و زۆر بەتایبەت بۆ سەرۆکایەتی کۆمار پاڵپشتی لە کاراکتەرێکی وەها بکەن کە کۆ-ڕایی لەسەر بێت و، ژوورەکانی لێپرسینەوەش ئامادە بکەن بۆیان کە دەیان سەفەقات و دەیان تاوانی نەتەوەیی و ئابورییان ئەنجام داوە.

کاک مەسعود بارزانی، کاک بافڵ

ئێوە بە هەموو کەموکورتی و ڕەخنەکانەوە، ئێستا چارەنوسی تاک و خاکی کوردستانتان لە دەستدایە، ئیشەکە ڕووی لە هەورازە، ئەگەر ڕێگە بدرێت ئەم کەسانە لە کایەی سیاسیی عێراق و کوردستاندا ڕۆڵ ببیننەوە و لێپرسینەوەی ووردیان لەسەر نەکرێت، ئەوە مانای وایە ئەبێت ڕێگە بەم تیمە نوێیەش بدەن هەموویان ئەزمونی ناشرینی ئەوانەی پێش خۆیان دووبارە بکەنەوە. ئیتر ئەو ڕۆژانە کۆتایی پێ بهێنن هەرکەسەو بە هۆی کەڵەگەکردنی سەرمایە لەسەر ژیانی هاوڵاتیان و میللەتەکەمان و گەرا خستن بۆ ئایندە خەریکی خۆی بێت و پشت بکاتە مافەکانی گەلەکەمان، بە پێچەوانەوە پەسن کردنی ئەم تایپە لە سیاسیی خۆ-بادەرو بزنسمان دەرهاویشتەی خراپ بە جێ ئەهێڵێت. دوبارە ڕێز و پێزانین بۆ وەرگرتنی ئەم پەیامە.
د. بەهرۆز جەعفەر
دامەزرێنەرو سەرۆکی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP