دواین هەواڵ

دوای پاشەکشێی هێزەکانی ئەمریکا لە بەغداو هەرێمی کوردستان چی ڕوو ئەدات؟

‌بێوار ڕەحمان

21/09/2021

هەمیشە لە سیاسەتدا، پێناسەکردنی دۆخی ئێستا و ڕابردوو ئاسانترە لەوەی بزانین لە داهاتوو چی ڕووئەدەن؟. ئایا ڕێچکەی ئەم ڕووداوانە بەرەو کوێن!؟.

لە ئاستە جیهانییەکەدا ئیدارەی بایدن لە واقیعدا چی ئەکات؟. لە ئاستی هەرێمی و ناوچەییدا لەگەڵ هاتنی مانگی (9ی 2021) هەڕەشەکانی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێم لە ئێران و بەرپرسانی ئیتڵاعاتی و سەرۆکی سوپای پاسداران لەسەر هەرێمی کوردستان زۆر زیاتر ئەبن و، ڕاستەوخۆ هەڕەشەی گەورە ئەکەن!.

تەنانەت لە تیرۆرکردنی زانا ئەتۆمییەکەی ئێران” موحسین فەخری زادە” لە ساڵی (2020) لەگەڵ پەنجەی تۆمەت بۆ ئەمریکاو ئیسرائیل ناوی هەرێمی کوردستانیش دێنن.!. بۆ ناوخۆی کوردستانیش، دیار نییە ئاخۆ کورد دوای کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق چی ئەکات؟!.

تونێلەکە هەر بەشی ئەوەندە ڕووناکی تیادایە ئەبینین کە چ ئێران و چ ئەمریکا چاوەڕێی (10 ی ئۆکتۆبەری 2021) ئەکەن، ئاخۆ ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنەی عێراق ئەوەیە کە گۆڕەپانەکە بە بەردەوامیدان و تەواوکاریی هیلالی شیعی تەواو ئەبێت، یاخود فیفتی بە فیفتی بۆ ئەمریکاو ئێرانە!؟.

ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخی دژواری عێراق پێ ئەنێتە قۆناخێکی نوێوە، دیار نییە ئەمریکییەکان لە کوێو کوێ ئەکشێنەوە!. ئایا بنکەی هەریری سەر بەئیدارەی هەولێریش چۆڵ ئەکەن!؟. ئایا ئیدارەو تەکنیکیان لەم ناوچەیە ئەمێنێت؟. لە کاتێکدا تا ئێستا هەندێک کۆمپانیای ئەمریکی پاشەکشەیان نەکردوە لە عێراق، لەماوەی سێ مانگیشدا بە بڕی (61) ملیار دۆلار (5) گرێبەستی گەورە کراوە لەنێوان ووڵاتانی پێشکەوتوو و حکومەتی عێراقەوە.

تۆتاڵی فەڕەنسی بە گوژمەی ( 27) ملیار دۆلار، کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە (19ی سێپتەمبەری 2021) واژۆیان کردوە، وەکو کۆمپانیای “بیکر هیوز” ی ئەمریکی لە ناسریە بە گوژمەی (20) دۆلار، کۆمپانیا یابانییەکان ( لە چوارچێوەی پاڵپشتی پرۆژەی FFC بۆ پاڵێوگەکانی باشور) بە گوژمەی نزیکەی (10) ملیار ئەبێت، هەروەها کۆمپانیا ڕووسییەکان و ئێرانییەکانیش هەریەکەیان بە گوژمەی (10) ملیار دۆلار گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی عێراق کردوە.

لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە چین وەک زلهێزێکی ئابوریی لە عێراق ئامادەیی تەواوی هەیەو، وەزارەتی نەوت نۆژەنکردنەوەی (پاڵێوگەی فاو)ی بە چینیەکان سپاردوە بە ئاستی وەبەرهێنانی (300) هەزار بەرمیل/ لە ڕۆژێکدا، جگە لەوەش کۆمەڵگەی پیترۆکیمیاویاتەکانی فاو ی داوە بە کۆمپانیای (CNCEC) ی چینی. ئاخۆ ئەم هەموو ڕێککەوتن و گرێبەستە لەم سێ مانگەدا مانای چییە لەکاتێکدا باس لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ئەکرێت!؟.

ئەگەر ئەمریکا هێزەکانی خۆی کشاندەوە، سەرەکیترین پرسیار ئەوەیە بەغدا بیر لە چی ئەکاتەوە بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان بیکات؟. بەغدا چۆن بیر لە هەرێمی کوردستان ئەکاتەوە؟ ئەوەی من ئەیبینم، لە پاش نەمانی داعش و بەهێزبونی حەشدی شەعبی چینێکی هەرزە پەیدابون کە هیچ تێگەیشتنیان بۆ پرسی کورد نییە، ئەمانەش زیاتر کەتائیبەکانن کە زیاتر لە (1100) کیلۆمەتریان لەبەردەستە کە لە سنورەکانی خانەقینەوە دەست پێ ئەکات تاکو ئەوسەری سنورەکانی سوریا، کە بەسەر (16) گروپدا دابەش ئەبن، بەسەرکردایەتی (ئەحمەدلئەسەدی، زەیدشبلی، قەیس خەزعەلی، فالح فەیاز، محەمەد کەوسەرانی، ئەبو فەدر) ئەمانە ڕاستەوخۆ سەربە ئێرانن و لە لایەن ئیسماعیل قائانی یەوە سەرپەرشتی ئەکرێن.

کەواتە هەرێمی کوردستان قووڵاییەکی زۆری هەیە لەگەڵ ئەم گروپ و کەتائیبانەدا کە ئێستا ئەوان خاوەنی بڕیاری سیاسیی و سەربازین لە عێراقدا. ئەوە کەم نییە لەماوەی یەک ساڵدا زیاتر لە (60) جار هەڕەشەکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، کە حەشدی شەعبی چەند کیلۆمەترێک لە شاری هەولێر دوورە. بۆیە بەهەموو پێوەرێک مەترسیی گەورە لەسەر کورد هەیە، بۆ نەمانی ئەو مەترسییە پێویستە هەرچی زووە سیاسەتی کوردیی بەشێوەیەکی چڕوپڕتر دابڕێژرێت، نێوماڵی کورد بەهێزتر بکرێت، دەرئەنجامەکەی ئەوە ئەبێت کە تەواوی سەرکردایەتی سیاسیی کورد بە یەک ئاڕاستە بۆ پاراستنی کوردستان کاربکەن.

کوردو مەرجەعیەتی نەجەف ئێمە هەموومان ئەزانین، بڕیارە گەورەکان و یەکلاکەرەوەکان لە عێراق لە لای سەیدولسیستانی و مەرجەعیەتی نەجەفەوە دێن، ئەو هەموو گروپە چەکدارەی بەناوی حەشدی شەعبی لە عێراق دروستبون بە فەتوای ئەوان دروست بون.

بۆیە مەرجەعیەت هێشتا لە عێراق کاریگەرەو، ئەبێت کوردو حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکێک لەو کارتانەی بیری لێ ئەکاتەوە دروستکردنی پردێکی پەیوەندی بەهێز بێت لەگەڵ مەرجەعییەت. خاڵێکی تر لێرەدا ئەوەیە، کورد کەمترین کاراکتەری لە ڕیزی سوپای عێراقدا هەیە، ئەبێت ئەو پۆست و بەرکەوتانەی بۆی دێنە پێش لە سوپادا بیدات بە کەسانی کوردپەروەرو بەتواناو تەکنۆکرات.

چونکە ئەگەر هاتوو هەرێمی کوردستان کەوتە مەترسییەوە، هەموو لایەنەکان ئەکەونە مەترسییەوە. لەمە زیاتر دروستکردنی تۆڕێکی لۆبیکردن و دیبلۆماسییەتی هاوسەنگە، بەتایبەت لەگەڵ ووڵاتانی دەوروبەر. لە ئەنجام دا: - ئەگەر هاتو لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی 10/10/2021 دا، هیلالی شیعی بەهێزتر نەبو، ئەوا ئیدارەی ئەمریکا بیر لە بژاردەی دیکە ئەکاتەوە. بەڵام ئەگەر هاتوو ئەمریکا بێ ئومێد بو، ئەوا یەکەمین هەنگاوی دوای کشانەوەی لە عێراق، ئابوریی و بەهای دیناری عێراق ئەوەندەی دیکە دائەتەپێت.

لوبنان و یەمەن و سوریا باشترین نمونەن. - ئەمریکا بە سەدان ملیار دۆلاری لە عێراقدا سەرفکردووە، ئێستا ئەو چەکانەی کە لە بەردەستی حەشدی شەعبی دان مەزەندە ئەکرێت بە (٢٦) ملیار دۆلاری ئەمریکی. ئەمەش مەترسیدارە. - پێویستە کورد خۆی بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە بکات.

پێویستە لە یادمان نەچێت لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق دوو کابینەی حکومەتی عێراق لە هەرێمی کوردستان پێکهێنرا، بەڵام ئەوەتا بینیمان حکومەتی هەرێم زۆرترین هەوڵی دا لەگەڵ مستەفا کازمی تا هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە کەرکوک، کازمی جێبەجێی نەکرد.

تا دێت کورد بونێکی لاوازی لە عێراق هەیەو بەغداش تا دێت خۆی بۆ بەهێزبونی سەربازیی ئامادە ئەکات. بەتایبەتیش لاوازترین ئەداو تیمی کورد لە چوارکابینەی ڕابردووو دا ئەم تیمەی ئێستان لە بەغدا، لەهەموو ئاستەکانی سەرۆک کۆمارو و وەزارەتی دەرەوەو پەرلەمان و سوپادا کورد نوێنەرایەتییەکی لاوازی هەیە لە بەغدا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP