دواین هەواڵ

بە بێ تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان چیبکەم؟

‌ ئاری محەمەد هەرسین

31/07/2021

نزیک ساڵێک ئەبێت ئەو دوو کەناڵەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان (فەیسبوک و ئینستاگرام)م لە چالاکی خستوە.   ھۆکارەکەی بێتاقەتی شەخسیم بوو لەو بێ تەربێتیەی لە م تۆڕە کۆمەڵایەتیانە بە ئینسانەکانی ئەم کۆمەڵگەیەی ئێمە ئەکرێت. ئەوەش لە کاتی کۆچی دوایی خاتو مھابات قەرەداخی دەستیپێکرد. لە ئێستادا ھەندێک ھەڤاڵی حیزبی و ھاوڵاتی ئازیز و بە مەوقیف، داوام لێ ئەکەن ئەم تۆڕانە ئەکتیڤ بکەمەوە. بەندەش حەز ئەکەم لە ڕێی ئەم گوتارەوە تۆزێک قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەم و، وەڵامێکی متەوازیعی ئەو ئازیزانەش بدەمەوە. 

ئینسانی سیاسەتمەدار، جگە لە موتابەعە، ئەبێت ڕۆژانە لەناو کۆمەڵگەدا ھەست بە وجودی بکرێت. تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەم سەردەمەدا یەکێکێکن لە و ئامێرانەی کە سیاسەتمەدار ئەتوانت بەکاریان بھێنێت بۆ ھێشتنەوەی ڕایەڵەیەی نێوان حاکم و حوکم کراو. ھەرچۆنێکی بابدەینەوە، خۆ ئەبێت سیاسەتمەدار ئوسلوب و ڕێچکەکان بدۆزێتەوە بۆ (دیبەیت) لە گەڵ کۆمەڵگە. ئیتر موھیم نیە کۆمەڵگە فەڕەنسی و سویدیە، یان ئێرانی، ئەفغانی، تورکی، عەرەبی یان کوردی بێت.

گرنگ تێگەیشتنە لە کێشە سەرەکیەکانی کۆمەڵگا و، ھەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی عیلاج. ئایا ئەکرێت ئینسان سیاسەتیش بکات و ئەکاونتی فەیسبوک و ئینساتاگرامی نەبێت؟… ئایا ئەکرێت ئینسان خۆی لە کۆیلەبونی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتیانە ڕزگار بکات؟ ئایا ئەکرێت ئینسان جارێکیتر بگەڕێتەوە دواوە و پێش بکەوێت و، ببێتەوە بە ئینسانە ڕاستەقینەکە؟… بۆ ئەبێت ئینسان ھەموو جارێک پەل بۆ ئەم سێوە بھاوێژێت؟ و… نەھێڵێت چیتر دەستکرد و بەرھەمی خۆی (بۆ نموونە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان) بیکاتە کۆیلە و ڕەزا گرانی بکات؟…

سەیری بەکارھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە لایەن ئێمەی حیزبەکانەوە بکە. ئەم تۆڕانەمان چۆن بەکار ھێناوە؟… چیمان دەستکەوت بوە؟ بە پێچەوانەوە بزانە چ کاریگەریەکی ناشرینمان لەسەر ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، ئاینی، ئەخلاقی کۆمەڵایەتی، حورمەت و ڕێز، پێگەی بەرزی ئافرەت،خۆشەویستی، یەکڕیزی، کۆدەنگی نیشتیمانی و نەتەوەیی  ھەبوە. نەخێر، بە پێچەوانەوە، ئێمە بوینەتە ھۆکاری تێکدانی ھەرچی بنەما ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگایە. 

بەداخەوە، بەڵام ھەندێک لەو کەسانەی کە خۆیان بە ڕۆژنامەنوس، ڕۆشنبیر، مۆدێرن و تەنانەت بە پۆست مۆدێرنیش ئەزانن (ھەرچەندە غوربەتی عەقڵە، کە لەکاتێکا لە نیشتیمانێکا مۆدێرنە وجودی نەبێت، کەچی کەسانێک ھەبن ماڵیان دوو نھۆم لەسەرو سەرانسەری کۆمەڵگەکەیان بێت و لەسەر تەبەقەیەکی ھەور بژین و پۆست مۆدێرنە بن. لە کاتێکا ھەور ھەرچەندیش ئەستور بێت، ناتوانێت یەک مێرولە لەسەر سەری خۆی ڕابگرێت و ئەکەوێتە خوارەوە) تەسلیمی ئەم واقیعە نا واقیعیەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بوون و وەک. ھەر وەک تەسلیم بوون بە دەزگای ئیستیعمار و وێران کردنی ماڵی جوتیاری بانگلادیشی، کەناری ئەفەریقا و لاتین ئەمەریکا. ھەر وەک تەسلیم بوون بە واقیعی دابەشکردنی نیشتیمانی میللەتان بە قانونینێکی ئیستیعماریی ڕەزاگران.

ئەگەر قەرار بێت ئینسان تەسلیم بێت، ئەوا ھیچ سەرچاوەیەک لە عەقڵ بەرزتر نیە کە خوای گەورە بە دیاری داوێتی بە ئینسان، باشتر وایە تەسلیمی عەقڵ ببێت (مامۆستای گەورەی کوردەواری، مەسعود محەمەد زۆر بە ووردی قسەی لەسەر ئەم بابەتە کردوە). ئەگەر ئینسان تەسلیمی خالیقی خۆی بێت ئاساییە، بەڵام ئاسایی نیە ئینسان تەسلیمی بەرھەمی عەقڵی خۆی ببێت کە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەشێکن لەو بەرھەمە ئینسانیە. بۆیە بەندە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەکار ناھێنم. ئینسان بەبێ تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش ئەتوانێت بەکەرامەتەوە بژی و، ھەر ئەوە ش بەسە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP